كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانی هەولێر، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان چەندان پڕۆژەی ستراتیجی لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن. هەروەها ئاماژەی بە چارەسەری هەموو ئەو شوێنانە كرد كە ساڵانە لە هەولێر كۆبوونەوەی ئاو لە وەرزی زستان تێیدا رووی دەدا.
دەمەوێ سەرەتا پرسیاری دوا قۆناغی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران بكەم، بە كوێ گەیشتووە؟
لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، دوای وەستانی بۆ ماوەی 16 ساڵ لە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ئێستە تەنیا لە هەولێر 82 هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، 27 هەزار فەرمانبەر ماون كە زەوییەكانیان پێ بدرێت، لەسەر ئاستی كوردستان یەكەم شارەوانین كە زەوی بەو رێژەیە دابەش بكەین، ئەوەیش جێی سوپاسە بۆ ئەو داودەزگایانەی تر كە هاوكار بوون و ئێستە قۆناغێكی تری دابەشكردنی زەویش ئامادە كراوە و بە زووترین كات دابەش دەكرێن.
ئەم هەفتەیە زەوی دابەش دەكرێت؟
نەخێر، بەڵام بەو هیوایەین كە هەفتەی داهاتوو وەجبەیەكی تری زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكرێت.
لەبارەی پڕۆژەی ئاگركوژێنەوەی قەیسەری ئێستە دەست پێ كراوە، وردەكارییەكەی چییە؟
لە ساڵانی رابردوودا چەندان رووداوی ئاگركەوتنەوە لە قەیسەری هەولێر هەبووە و زیانی زۆری لێ كەوتووەتەوە، بۆیە دوای نۆژەنكردنەوەی قەیسەری ئێستە سیستەمێكی مۆدێرنی ئاگركوژێنەوە بۆ قەیسەری هەولێر دابین دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانین بازاڕەكە لە ئاگر و هەر رووداوێكی تر بپارێزرێت و بەزووترین كات هەر حاڵەتێكی نەخوازراو كۆنترۆڵ بكرێت، خەزانێكی ئاو بۆ پڕۆژەكە دابین كراوە و ئەو پڕۆژەیە دەبێتە كارئاسانی بۆ هەر ئاگرێك كە لەناو قەیسەری بكەوێتەوە.
سەبارەت بە پردی سەیداوە چی، كە هەموو ساڵێك لافاو هەڵدەستێ؟
زۆر سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەردەوام هاوكاری هەولێری كردووە و دوای فەرمانی ئەو چەندان پڕۆژەی گەورە و گرنگ جێبەجێ كراوە، ئێستە لە حەوت شوێنی هەولێر چارەسەری ئەوە كراوە كە لە زستاندا كۆبوونەوەی ئاو روو نەدات و هەندێكجاریش هاووڵاتییان پابەند نەبوون، بۆیە پردی سەیداوە چارەسەر كراوە و كێشەی كۆبوونەوەی ئاو تێیدا روو نادات، بێگومان لەگەڵ نەهێشتنی كێشە داراییەكان چەندان پڕۆژەی تری ستراتیجی لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن.