ئەمڕۆ كاروانی حەوتەمی ئاوارەكانی سەرێكانێ كە بریتییە لە 400 خێزان، لە پارێزگای حەسەكەوە بەڕێ كەوتن و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە ناوچە جیاوازەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، ئەم كاروانە نوێیەی ئاوارەكان خەڵكی 47 گوندی دەوروبەری سەرێكانێ، تەل تەمر و زڕگانن.
سیامەند عەفرین جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەكە ڕای گەیاند، سبەی كاروانێكی تری ئاوارەكان كە لە 847 خێزان پێكدێن، دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
ڕوونیشی كردەوە كە هۆكاری بەڕێوەچوونی هێواشی پرۆسەی گەڕانەوەكە، بۆ تەواونەبوونی بڕێك لە ڕێكارە تەناهییەكان و ئامادەكارییە تەكنیكییەكان دەگەڕێتەوە.
ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی نێوان هێزەكانی سووریا دیموكرات (هەسەدە) و حكوومەتی كاتی بەڕێوە دەچێت، كە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.