لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكان لە ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەم تۆمەتەكانی نەتەنیاهۆ و حزبەكەی ڕەت كردەوە كە باسیان لەوە دەكرد، حزبە عەرەبییەكان ساختەكارییان لە هەڵبژاردن ئەنجام داوە، لیژنەكە دووپات لەوە دەكاتەوە هیچ پێشێلكاری و ساختەكارییەك نەبووە كە كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت.
ئەو
ڕاگەیەنراوەی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكان لە ئیسرائیل، لە كاتێكدایە نەتەنیاهۆ حزبە عەرەبییەكانی ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ دزینی ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمەتبار كرد.
لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكان چەند سەعاتێك بەر لەوەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە بە فەرمی ڕادەستی سەرۆكی ئیسرائیل ئیسحاق هرتسوگ بكات، ئاشكرای كرد، وردەكاریی تەواو كراوە و سەرجەم سكاڵاكان پێداچوونەوەیان پێدا كراوە كە لایەنەكان پێشكەشیان كردووە، هیچ هەوڵێك بۆ كاریگەردانان لەسەر پاكی هەڵبژاردن و ئەنجامەكەی بوونی نییە.
دوای ڕادەستكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بە سەرۆكی وڵات، سەرۆك لەگەڵ نوێنەری حزبەكان كۆ دەبێتەوە و دواجار بڕیار لەسەر ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەدات، مەرج نییە ئەو كەسە براوەی هەڵبژاردن یان سەرۆكی حزب بێت، بگرە سەرۆك و تیمەكەی لە پرۆسەكە ورد دەبنەوە و كەسێك دیاری دەكەن كە زۆرینەی پەرلەمان بتوانێ مسۆگەر بكات و حكوومەت پێكبهێنێت.