پارێزەر ژینۆ محەمەد سەرۆكی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر ڕای گەیاند، ئەوانەی ئەمڕۆ بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەماندا كردووە خۆفرۆش نین، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانیان جێبەجێ كردووە.
دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كارا كرایەوە و هەموو ئەو مەترسییانەی لەسەر قەوارەی هەرێم بوون لابران، هاوكات بووە دەسكەوتێك بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان.
پارتی ئەم هەنگاوەی بۆ دژایەتیی هیچ لایەنێك نەناوە و دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە، بەڵكو ئەو مەترسییە گەورەی لەسەر قەوارەكە لابرد، تاكە ئامانجی لەم هەنگاوە ئەوە بوو.
بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی لایەنەكانی تر لەگەڵ پارتی پێیان وابوو ئەركێكی نیشتمانی جێبەجێ دەكەن و ئەمڕۆ سەرەڕای فشارەكان، دەنگیان بەكاراكردنەوەی پەرلەمان دا.
لەمبارەیەوە ژینۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نابێ وەك دەستكەوتێك بۆ پارتی و دژایەتكردنی لایەنێكی تر سەیر بكرێت، بەڵكو دەستكەوتە بۆ گەلی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكان، هەنگاوێكە بە ئاراستەی پاراستنی هەرێمی كوردستان، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا دەبێت.
باسی لەوەش كرد، ئەوانەی ئەمڕۆ بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەماندا كردووە خۆفرۆش نین، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانیان جێبەجێ كردووە.