بەرپرسێكی تری داعش لە كەركووك گیرا

:: PM:01:29:04/11/2026 ‌
ئەمڕۆ بەپێی بەیاننامەیەكی دەزگەی نەهێشتنی تیرۆر لە پارێزگای كەركووك كە تێیدا هاتووە، بەرپرسێكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگاكە گیراوە، ئەویش بەپێی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە لە پرسی دەزگەی نەهێشتنی تیرۆر و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی دەزگەی نەهێشتنی تیرۆر لە كەركووك، گرتنی ئەو بەرپرسەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەپێی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دەزگەی نەهێشتنی تیرۆر بووە، هاوكات لێكۆڵینەوەی رژد لەگەڵ ئەو تیرۆریستە دەكرێت كە لە سنووری پارێزگاكەدا بەرپرس بووە و چالاكیی تیرۆریستیی زۆری ئەنجام داوە.

دەزگەی نەهێشتنی تیرۆر زیاتر دووپاتی كردەوە، ئەو چالاكییەی گرتنی ئەو تیرۆریستە، زۆر ورد بووە و چاودێریی رژد كراوە، هاوكات دەزگەكە بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی تیرۆریستان و گرتنیان، بۆ ئەوەی ئاسایشی و تەناهیی پارێزگاكە زیاتر سەقامگیر بێت كە لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن.

پێشتریش رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك تا ئاستێك چالاكیی تیرۆریستییان هەبوو، بەڵام لەوەتەی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكەدا هێزەكانی كێشایەوە، جووڵەی رێكخراوە تیرۆریستییە لە ناوچەكە زیاتر بووە و گومان دەكرێ چالاكییەكانیان زیاتر بكەن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د