مانگی رابردوو مۆزەخانەیەكی جووەكان لە شەقامی رەشیدی ناوەڕاستی بەغدا بە ناوی مۆزەخانەی "شماش" كرایەوە، مۆزەخانەكە لە لایەن تایفەی جوو لە عێراق كراوەتەوە و دەیان كەس سەردانی دەكەن، كە یەكەم مۆزەخانەیە لەو جۆرە لە عێراق و پڕۆژەكەش لە چوارچێوەی زیندووكردنەوەی كەلەپووری جووەكان و پارێزگاریكردنە لەو بەڵگەنامانەی لە مێژوویان لە عێراق ماوە.
بەپێی راپۆرتێكی "
فرانس پرێس"، مۆزەخانەكە لە یەك هۆڵ پێك هاتووە و ژمارەیەك بەڵگەنامە و وێنە و بڕوانامەی خوێندنی جووەكانی عێراقی لەخۆی گرتووە، جیا لە وێنەی كەسایەتییە دیارەكانیان، لەوانە ساسۆن حسقێل یەكەم وەزیری دارایی عێراق و د. زافر فوئاد ئەلیاهۆ پزیشك، كە خزمەتگوزاریی پزیشكی بێ بەرانبەری پێشكەش دەكرد.
عەمار تەمیمی پارێزەر لە لیژنەی كارگێڕِیی جووەكانی عێراق دەڵێت، مۆزەخانەی شماش، تاكە مۆزەخانەی تایبەت بە جووەكانە لە عێراق و خەریكە گرنگی عێراقی و بیانییەكان بۆ خۆی رادەكێشێت.
لە ساڵانی دوایی نوێنەری تایفەی جوو، دەستیان بە نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك پەرستگە و مەزار و شوێنە پیرۆزەكانیان لە عێراق كردەوە كە پەراوێز خرابوون، رەگوڕیشەی جووەكان لە عێراق بۆ 2600 ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، رەوەندی جوو لە عێراق گەورەترین بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.