نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوامە

:: PM:06:03:04/11/2026 ‌

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو ئیسرائیل و ئەمەریكا بە هەڵبژاردنەكانیان سەرقاڵ بوون، ئەگەرچی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە هەڕەشە و ئاماژەكردن بۆ  ئەگەری دەست پێكردنەوەی شەڕ نەوەستان، بەڵام هەوڵێكی رژد لە قەتەر بۆ دەست پێكردنەوەی دانوستانەكان هەیە، ئەو هێوربوونەوەیە وای كرد نرخی نەوت لە بازاڕەكان زیاتر روو لە دابەزین بكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم نرخی نەوت دابەزینێكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، كاتێك نرخی گرێبەستەكان خاوی برێنت زیاتر لە 3% دابەزی و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 100.1 دۆلار، هەرچی خاوی ئەمەریكییە نرخەكەی 3% دابەزی و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 93.25 دۆلار. 

ئەو دابەزینەی نرخی نەوت بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییە لە ئەگەری دەست پێكردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، كاتێك بازاڕەكان چاویان لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەكانی گەیاندنی ئەو دوو وڵاتەیە بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی و رێككەوتن، ئەوەش مەترسییە جیۆسیاسییەكانی كەم كردەوە كە پێشتر هۆكاری هەڵكشانی پێوانەیی نرخی نەوت بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل