ئەمڕۆ چوارشەم چواری نۆڤێمبەر، جەی دی ڤانس جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە شەڕی ئێران هۆکاری سەرەکیی شکستی پارتی کۆمارییەکان بووە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەیی کۆنگرێسدا، و ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت دەنگدەرەکانی پێشووشیان ئەمجارە دەنگیان بە دیموکراتەکان داوە لەپێناو کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڤانس گوتی، شەڕەکە هۆکاری پشت دۆڕانمان بوو لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرۆک ترەمپ خۆیشی دوێنێ شەو ئەوەی گوت.
ئاماژەی بەوەیش کرد، زۆرێک لەوانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2024دا دەنگیان پێ داین، لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگیان بە دیموکراتەکان دا.
جێگرەکەی ترەمپ زیاتر گوتی، ناکۆکیی ناوخۆیی و مشتومڕێکی زۆر دروست دەبێت لەبارەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕووی دا. زۆر کەس دەنگیان بە دیموکراتەکان دا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی گرانی و گۆڕینی پێوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل.
دووپاتیشی کردەوە کە "هەر گفتوگۆیەک لەسەر ڕێڕەوی داهاتوومان، دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێ بکات کە هۆکاری شکستمان بوو".
جێی باسە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە بەیانی ئەمڕۆدا، پارتی دیموکراتەکان بە بەدەستهێنانی 255 کورسی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا ڕکابەرە تەقلیدییەکەیان کە پارتی کۆمارییە، تەنیا 180 کورسیی بەدەست هێناوە.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ڕای گەیاندبوو کە پێی وایە شەڕی ئێران بەشێک بووە لەو زیانە گەورەیەی کە بەر پارتی کۆماری کەوتووە، و بە ڕاشکاوی گوتی، "ئێران بەشێک بوو لەوە".