سوپای ئیسرائیل ئامادەباشیی تەواوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکە ڕاگەیاند

:: PM:08:13:04/11/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم چواری نۆڤێمبەر، لیوا ئەیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاند کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکان لە گۆڕەپانە نزیک و دوورەکاندا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کوشتنی بەرپرسێکی ئۆپراسیۆنەکانی حەماس و لێدوانەکانی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی جووڵەی سەربازی دژی ئێران.

لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنێکیدا بۆ دۆخی فەرماندەیی باکوور گوتی، "ڕێگە نادەین حزبوڵا ژێرخانی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا دروست بکات. هەر هەوڵێک لەلایەن دوژمنەوە بۆ چەسپاندنی بوونی خۆی یان بەهێزکردنی یان هەڕەشەکردن لە کۆمەڵگەکان لە باکوور، بە وەڵامێکی دەستبەجێ و بەهێز ڕووبەڕووی دەبینەوە".

زامیر زیاتر گوتی، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ لێدانی ئەو دوژمنەی هەوڵی زیانگەیاندنمان دەدات، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا کردمان.

هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل کوژرانی جەمال ئەبو سەعید سەرۆکی بەشی ئۆپراسیۆنەکانی لە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە ڕاگەیاند، هاوکات بڵاوی کردەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەس کە چاودێریی هێزەکانیان کردووە لە ناوچەی قەبریخە، کە دەکەوێتە دەرەوەی ناوچەی تەناهی لە باشووری لبنان.

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران، و ڕاگەیاندنەکەی دوێنێ سێشەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کە وڵاتەکەی هێرشێکی سەربازیی سنوورداری کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە ناو ئێران.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردبوو دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەیی کۆنگرێس کە دوێنێ سێشەم بەڕێوە چوو، بەڵام دووشەمی ڕابردوو ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕەنگە بۆچوونی خۆی بگۆڕێت.


وشە - پۆڵا مەحموود