ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد کە بەشداریی کارای تێدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هاوکات دووپاتی کردەوە کە سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکان بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی هەمووانە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەم. پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیی ئیرادەی تەواوی خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان بەشداریی کارای تیادا بکەن و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە؛ ناکۆکی و جیاوازییەکان لەوێ چارەسەر بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسییەوە زیاتر گوتی، هیوادارم ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر و هاندەر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی زەمینەیەکی باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان.
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە "گفتوگۆ، سازان و هاوبەشیی نێوان تەواوی هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن، سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان".