ئەمڕۆ چوارشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە لەگەڵ دیموکراتەکان قسەی کردووە و ئەگەری هەیە بگەنە ڕێککەوتن، هاوکات بەرگریی لە بڕیارەکانی کرد دژی ئێران و دووپاتی کردەوە کە توانا سەربازییەکانی تارانیان وێران کردووە بۆ ئەوەی نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ئەگەر ئەو شەڕە کاریگەریشی لەسەر هەڵبژاردنەکان هەبووبێت.
ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، کارێکی نایابمان کرد لەبارەی ئێرانەوە و گەرووی هورمز کراوەیە، هیچ شتێکی جیاوازترم نەدەکرد لەوەی لە ئێران کردم و توانا سەربازییەکانیانمان وێران کرد.
زیاتر گوتی، ئایا شەڕ کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەیی هەبوو یان نا، ناکرێت ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و دەمزانی کە شەڕ کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت.
ئاماژەی بەوەیش کرد، دەسەڵاتی ڤیتۆمان هەیە ئەگەر ئەوەمان بەدڵ نەبێت کە دیموکراتەکان دەیکەن، پێشبینیم دەکرد نرخی نەوت زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە بەهۆی شەڕی دژی ئێرانەوە، ئەگەر دەرفەتی بڕیاردانم هەبێتەوە دژی ئێران، هەمان بڕیار دەدەمەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی لێکەوتەکانەوە ڕوونی کردەوە، شەڕ لەگەڵ ئێران بووە هۆی بەرزبوونەوەی کەمێکی نرخی بەنزین لەسەر ئاستی کورتخایەن، و ناکرێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەمدا نییە.
لە کۆتاییدا لەبارەی پێوەندییەکانی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر لە ناوخۆی وڵاتەکەی گوتی، ئەگەر هەیە بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ دیموکراتەکان، مەگەر ئەوەی خۆیان بیانەوێت وێرانکەر بن.