نرخی نەوت بەڕێژەیەکی پێوانەیی لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

:: PM:10:08:04/11/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و بەڕێژەی نۆ لە سەد پاشەکشەی کرد، ئەمەش وای کرد گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت بگاتە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای پێنجی ئەیلوولی ڕابردووەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی وەبەرهێنەران بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەیی کۆنگرێس.

بەپێی داتاکانی بازاڕی نەوت، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 9.27 دۆلار، یان بەڕێژەی 8.9% دابەزی، و گەیشتە 94.29 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش نزمترین ئاستییەتی لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوودا.

هەروەها گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمەریکیش بە بڕی 7.44 دۆلار یان بەڕێژەی 7.8% پاشەکشەی کرد و گەیشتە 88.54 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

پێشتر لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، بازاڕەکانی نەوتی جیهانی دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی، کاتێک نرخی گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی برێنت بەڕێژەی زیاتر لە سێ لە سەد دابەزی و گەیشتە 100.51 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نەوتی ئەمەریکیش بەڕێژەی سێ لە سەد پاشەکشەی کرد و گەیشتە 93.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم هەڵبەز و دابەزە گەورەیەی بازاڕی نەوت لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی واشنتن دەکەن لە شەڕی ئەمەریکی - ئیسرائیلی دژی ئێران، بەتایبەتی دوای ئەوەی پارتی کۆمارییەکان کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەر بەو پارتەیە، کۆنترۆڵی کۆنگرێسی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەییدا لەدەست دا.


وشە - پۆڵا مەحموود