راوێژكاری وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق ئاشكرای كرد، مۆزەخانەی عێراقی كە ماوەی دوو ساڵە كاری نۆژەنكردن تێیدا بەردەوامە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو كانوونی یەكەم بە فەرمی بكرێتەوە. ئەو مۆزەخانەیە لەڕووی هاتنی گەشتیاران و ئابوورییەوە سوودی زۆری بۆ عێراق دەبێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، عامر عەبدولرەزاق راوێژكاری وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق ئاشكرای كرد، ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لەلاین كۆمپانیایەكی ئیتاڵی نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەی عێراقی دەستی پێ كردووە و ئێستە تەواو بووە، بۆیە بڕیارە لە یەكی مانگی داهاتوو كانوونی یەكەم 1/12، لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوار بە فەرمی بكرێتەوە.
ئەو راوێژكارە زیاتر روونی كردەوە، ئەو مۆزەخانەیە بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین مۆزەخانەكانی دنیا هەژمار دەكرێت، بۆیە زۆرترین پارچەی شوێنەواری لەخۆ دەگرێت، لەڕووی ئابووریشەوە سوودی زۆری بۆ عێراق دەبێت و چاوەڕێ دەكرێ زۆرترین گەشتیار سەردانی بكەن.
عامر عەبدولرەزاق ئەوەشی گوت كە مۆزەخانەی عێراقی هەزاران پارچەی شوێنەواریی هەمەجۆر لەخۆ دەگرێت، ئەوانیش دەگەڕێنەوە بۆ چەرخەكانی پێش مێژوو و چەرخی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و ئاشووری و ئیسلامی، بۆیە ئەو هەمەجۆرییەی شوێنەوارەكان بۆ مۆزەخانە زۆر گرنگە.
پێشتریش عەلی دەخیلی وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لە تشرینی یەكەمی رابردوو دووپاتی كردەوە، كردنەوەی مۆزەخانەی عێراقی لە پلانە یەكەمەكانی وەزارەكەیانە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكرێتەوە. كاتەكەی نزیك دەبێت لە كردنەوەی مۆزەخانە نوێیەكانی نەینەوا و دیالە و دیوانیە.