مووسڵ..داعش بە دوای مۆبایدا دەگەڕێت

:: PM:03:56:01/10/2016 ‌

سەرچاوە هەواڵگرییەكانی عێراق لە نێو مووسڵەوە ئاشكرایان كرد، كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە شەوی رابردووەوە دەستی بە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین لە ناوچە جیا جیاكانی مووسڵ كردووە.

ئەو سەرچاوانە ئاشكرایان كرد، كە تیرۆریستان ترسی زۆریان لێ نیشتووە و تووشی سەرسڕمان بوونە كە چۆن فڕۆكەكان بە ئاسانی شوێنەكانیان ئاشكرا دەكەن و بۆردمانی دەكەن، ئەوان تەنیا بیریان لە بوونی شانە هەواڵگرییەكان لە نێو مووسڵ هەیە كە لە ڕێی مۆبایلەوە تەواوی زانیارییەكان دەگەیەنن.

هەروەها ڕوونیان كردەوە، بەوهۆیەوە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە شەوی ڕابردووەوە و ئەمڕۆ بەردەوامن لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین هەر كەسێك مۆبایلی لا بێ، لێی دەستێنن و ئەوەشی گومانی لێ بكەن دەیگرن  و دەیخەنە گرتووخانەوە.

لەلایەكی ترەوە هەواڵگری نەینەوا هێمایان بۆ ئەوە كردووە، كە یەكێك لە گەنجانی مووسڵ توانیویەتی تۆڕی لاسلكی تیرۆریستان هاك بكات و تەواوی فەرمان و ڕێنمایی و زانیاریی تیرۆریستان و جوڵەكردنیان ئاشكرا بكات.

وشە/باز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د