پیاوێك لە سلێمانی كچێكی 19 ساڵە هەڵدەخەڵەتێنێت

:: PM:01:51:27/08/2017 ‌

پیاوێكی تەمەن 35 ساڵ لە شاری سلێمانی، كچێكی 19 ساڵ لە زانكۆ هەڵدەخەڵەتێنێ و ئێستەش ژیانی ئەو كچەی خستووەتە دەستی خۆیەوە، بەهۆی هەڕەشە لێكردن بە بڵاوكردنەوەی وێنەكانی، كچەكەش ناچارە دەستەمۆی ئەو پیاوە بێ، ئەمەش لە كاتێكدایە پیاوەكە خێزاندارە و پێنج منداڵیشی هەیە.

هیوا پیاوێكی باڵا مامناوەند و باریكی  ڕووخسار وردە، بەهۆی جوانی و وردییەكەیەوە تەمەنی دەرناكەوێت، 12 ساڵ پێش ناسینی كانی هاوسەرگیری كردووە و چوار كچ و كوڕێكی هەیە. كانی ئەو كچەیە كە لە یەكەم ساڵی زانكۆدا هیوای ناسیوە و پێوەندی خۆشەویستییان دروست كردووە، ئێستە هیوا هەمووانی جێ هێشتووە و لە دەرەوەی وڵات دەژیت، نە كچ و منداڵەكانی دەبات و نە ڕێیش دەدات كانی دەست بە ژیانێكی نوێ بكات و هاوسەرگیری بكات.

كانی ئێستە لە سلێمانی لەگەڵ ماڵی باوكیدا دەژیت، لەبەر هەڕەشە بەردەوامەكانی هیوا  وازی لە خوێندن هێناوە، ئەو خوێندكاری كۆلێژی ئاداب بەشی دەروونناسی بووە و لە قۆناغی دووەم وازی هێناوە، ئێستە دەیەوێت تەنیا بە ئارامی دوور لە هەڕەشە بژیت،  بەم شێوەیە باسی دۆخی ژیانی بۆ "وشە" دەكات.

سەرەتا كانی چیرۆكی ناسینی هیوای باس كرد و گوتی، یەكەم ساڵی زانكۆ لە ڕێی هاوڕێیەكمەوە هیوام ناسی ئەو قۆناغی سێ بوو، سەرەتا هاوڕێ بووین و لە هەمان بەش بووین، دواتر وردە وردە خۆی لێم نزیك كردەوە و بووین بە خۆشەویست، من زۆر هۆگری بووم، چونكە ئەوەی ئەو بۆ منی دەكرد تەنیا لە خەیاڵدا هەبوو، بەڵام دواتر هەموو خۆشییەك كۆتای هات.

كانی نایشارێتەوە كە هیچ بە دواداچوونێكی بۆ ئەوە نەكردووە بزانێت كە هیوا خێزاندارە یا نا و هەر بیریشی لێ نەكردووەتەوە، هەمیشە هیوا پێی گوتووە دەیكات بە هاوسەری خۆی و لە دوای تەواوكردنی زانكۆ، بەیەكەوە كوردستان جێی دەهێڵن، بەڵام ئەوە ڕوو نادات.

دوای ساڵیك لە پێوەندی نێوان كانی و هیوادا، ڕاستییە تاڵەكە بۆ كانی ئاشكرا دەبێت، هەر لەگەڵ ئاشكرابوونیشیدا خێزان و خوشكەكانی هیوا ئەوەی پێشبینی ناكرێت بە كانی دەكەن، سەرەتای دووەم ساڵی خوێندنی دەبێت، بەیانییەكیان خێزانەكەی هیوا و خوشكەكەی بەردەمی زانكۆ لە كانی دەگرن، هەر لەوێ بەهەردووكیان لە كانی دەدەن و پێی دەڵین ئەگەر ئابڕووت هەبێت لەگەڵ پیاوی خەڵكدا پێوەندی دروست ناكەی.

كانی باس لە ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژە دەكات، تاسا بووم كە بە دوو ژن لە منیان دەدا، هەزار قسەی نەشیاویان پێم گووت و ئابڕوویان بردم لە بەردەم زانكۆدا، من هەر تێ نەدەگەیشتم بۆچی ئاوام لێ دەكەن، بەڵام لەگەڵ لێشاوی جنێوەكانیان ناوی هیوام گوێ لێ دەبوو، بەڵام ڕوون نەبوو چییان دەگوت، دواتر هیوا هات و ئەوانی خستە ئۆتۆمبێلەكەی و بردینی، هاوڕێكانیشم منیان بردەوە ماڵەوە، ئەوەندەیان لێ دام هەفتەیەك لە جێ كەوتم.

هیوا سەرەتا نكۆڵی لە قسەكانی ئەوان كرد و پێی گوتم ئەوانە كچی پووری ئەون و بە زۆر دەیانەوێ خوشكەكەیان مارە بكەم، بەڵام من نامەوێت و تەنیا دەمەوێت لەگەڵ تۆدا هەموو ژیانم بەسەر ببەم.

دوو هەفتە دوای ئەو ڕووداوە، ژنەكەی هیوا لە ڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە هەموو ڕاستییەكانی بۆ دەردەخات و وێنەی خێزانی و تەنانەت بەڵگەنامەی هاوسەرگیریشیانی بۆ دەنێرێت. لەگەڵ ئاشكرابوونی هەموو شتێكدا ڕووە ڕاستەقینەكەی هیواش دەردەكەوێت.

كانی دان بەوەدا دەنێت دوای زانینی ڕاستی ژیانی هیوا، هەرچی لە نێوانیاندا هەبووە بە ژنەكەی گوتووە و بڕیاریشی داوە كە ژیانی هیوا تێك بدات و تۆڵەی خۆی و ژن و منداڵەكانیشی لێ بكاتەوە، چونكە ئەو پێی وایە هیوا خیانەتی بەرامبەر هەموویان كردووە و ژیانی هەموویانی تێك داوە، بەڵام پێش ئەوەی كانی هیچ هەوڵێك بدات بۆ تۆڵەسەندنەوەی خۆی، هیوا دەسپێشخەری دەكات و بەشێك لەو وێنانەی كە كانی بۆی ناردووە، بۆ براكەی دەنێرێت، هەڕەشەی ئەوەشی لێ دەكات ئەگەر هیچ كاردانەوەیەكی خراپی هەبێت و بە بەردەوامی وەڵامی پێوەندییەكانی نەداتەوە یا ڕۆژێك لە ڕۆژان هەوڵی ئەوە بدات هاوسەرگیری بكات، وێنەكانی لە تەواوی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو دەكاتەوە.

هه‌ولێر/ئیڤان عه‌بدولره‌حمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د