تەنیا بەتاوانی مامەڵەكردن بە مادەی هۆشبەرەوە گیرا

:: PM:07:15:25/09/2017 ‌
تەنیا، ژنێكی تەمەن 32 ساڵ، لە بنەڕەتدا خەڵكی خانەقینە و لە سلێمانی دادەنیشێت، بەهۆی مامەڵەكردن بە مادەی هۆشبەرەوە لەگەڵ دەستگیرانەكەیدا گیراوە، ئێستە ئەوان لە چاكسازیی گەورانی سلێمانی ماوەی سزاكەیان بەسەر دەبەن.

تەنیا ماوەی سێ ساڵە لە گرتووخانەیە، ئەو لەودیو شیشەكانی گرتووخانەوە، چیڕۆكی خۆی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە.

"لەخێزانەكەمدا تەنیا من لێرەم، چوار خوشك و برام لە دەرەوەی كوردستان دەژین و دایك و باوكیشم هەر بە منداڵی لە دەست داوە، من بە ١٥ ساڵی شووم كرد و خاوەنی چوار منداڵم، ماوەی ١٠ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەكەم ژیام، لەو ساڵانەدا خۆم هەم پیاو بووم هەم ژن هەموو كارێكم دەكرد لە دەرەوە و لە ماڵەوەش".

تەنیا پێش ئەوەی بكەوێتە گرتووخانەوە، لە نووسینگەیەكی تایبەت كاری وەرگێڕانی كردووە، ئەو دەڵێ، بە هەموو شێوەیەك هەوڵی داوە، بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و منداڵەكانی دابین بكات، بەڵام مێردەكەی نەیهێشتووە ژیانی ئاوا بەردەوام بێت و تەڵاقی داوە و بەهۆی ئەوەی كە هیچ شوێنێكی نیشتەجێبوونی نەبووە و چەند هۆكارێكی تری یاسایی، منداڵەكانیشی لێ سەنراوەتەوە.

دوای ئەوەی لە مێردەكەی جیا دەبێتەوە، تەنیا بۆ ماوەی ساڵێك لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لە سلێمانی دەمێنێتەوە، دواتر كوڕێك دەناسێت لە هەولێر كە گوایە خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمۆبێلە، دوای ماوەیەك لە پێوەندی خۆشەویستی بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن.

تەنیا نایشارێتەوە كە زۆر لە "ئازاد"ی دەستگیرانی دوودڵ بووە، چونكە ئەو بەناو پێشانگەی هەبووە، بەڵام لە سەرەتاوە هەستی كردووە كاری تریش بەنهێنی دەكات، بەڵام دڵنیا نەبووە چ كارێكە.

دوای ماوەیەكی كەم لە دەستگیرانی ئەو گومانە ئاشكرا دەبێت و ڕاستییەكان دەچنە بەردەمی تەنیا، بەڵام ئەویش لەگەڵ ئاشكرابووندا تێكەڵی كارەكە دەبێت. ئەو دەڵێ، "كاتێك زانیم هاوسەرەكەم لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا مامەڵە بە مادەی هۆشبەرەوە دەكات، ویستم سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەم، بەڵام ئازاد هەڕەشەی كوشتنی خۆم و منداڵەكانیشی لێ كردم و ناچاری كردم لەگەڵیاندا ئەو كارە بكەم".

تەنیا نەیویست وردەكاری لەسەر چۆنیەتیی كاركردنی لەگەڵ ئەو گرووپە و گرتنیان باس بكات، بەڵام دەڵێت ئەو بێ تاوانە و بە ناچاری تێكەڵی ئەو كارە بووە لەبەر پاراستنی سەلامەتی گیانی منداڵەكانی.

ئازاد دەستگیرانی تەنیا، ئەویش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی سێ ساڵە دەستبەسەرە و ١٢ ساڵی ماوە بۆ تەواوبوونی حوكمەكەی، ئەو بە "وشە" دەڵێ، "منیش بە بۆنەی هاوڕێكانمەوە تێكەڵی ئەم كارە بووم، ئەو كارەش كاتێك دەستی پێی كرد ناتوانی لێی بێیتە دەرێ".

ئازاد لەبارەی تێوەگلانی هاوسەرەكەیەوە دەڵێ، "تەنیاش ماوەی چەند مانگێك لەگەڵ ئێمەدا ئەو كارەی كرد و ئاگاداری هەموو شتێك بوو، هەر ئەویش بە هۆی شایەتییەكەی لە دادگادا حوكمەكەی من و هاوڕێكانمی قورستر كرد".

ئێستە تانیا و ئازاد پەشیمانن لەو كارەی پێشتر ئەنجامیان داوە، هەریەك لەوان بیر لە دەستچوونی ساڵانێكی زۆر لە تەمەنیان لە ناو چوار دیواری گرتووخانە دەكەنەوە، لەكاتێكدا ئازاد بیر لەوە دەكاتەوە كاتێك لە گرتووخانە ئازاد دەبێت، تەمەنی بۆ 57 ساڵ هەڵكشاوە.

هه‌ولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان


وشە - ڕێبین فه‌تاح