ئەمڕۆ بەفەرمی یارییەكانی مۆندیال دەست پێ دەكات

:: AM:10:27:06/12/2017 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم بەفەرمی ركابەرییەكانی جامی مۆندیالی یانەكان دەست پێ دەكات و لە یەكەم یاریشدا هەردوو یانەی جەزیرەی پاڵەوانی خولی ئیماڕات و ئۆكلاند سیتی نیوزلەندی پاڵەوانی پاڵەوانیەتیی ئۆقیانووسیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

یارییەكە سەعات 8ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی هەزاع بن زاید لە شاری عەین لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوە دەچێت و پاڵەوانیەتییەكە تا رۆژی 16ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

دەستەیەك لە ناوبژیوانانی ئەفریقیا لە وڵاتی سەنیگال یارییەكەی ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن.

پاڵەوانیەتی ئەمساڵی جامی مۆندیالی یانەكان بە بەشداری 7 یانە بەڕێوە دەچێت كە ئەوانیش برێتین لە جەزیرەی ئیماڕاتی، ئۆكلاند سیتی نیوزلەندی، باچۆكای مەكسیكی، ویدادی مەغریبی، گریمیۆی بەڕازیلی، ئۆراوای ژاپۆنی و ریال مەدریدی ئیسپانی.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید پاڵەوانی پارساڵی جامی مۆندیالی یانەكان بوو، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیش تا ئێستا زۆرترین ناسناوی پاڵەوانیەتییەكەی بردووەتەوە كە 3 جار بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م