دوای چوار جار هاوسەرگیری بڕیاری داوە بە تەنیا بژی

:: PM:09:48:08/12/2017 ‌

ژنێکی کورد، دوای ئەوەی چوار جار هاوسەرگیری دەکات و جیا دەبێتەوە، بڕیار دەدات جارێکی تر هاوسەرگیریی نەکات و ئیتر بە تەنیا ئەو ژیانەی ماوەیه‌تی بەسەری ببات، ئەو ژنە دوو جار لە کوردستان و دووجار لە دەرەوەی وڵات هاوسەر گیری دەکات، بەڵام بە هۆکاری جیاواز جیا دەبێتەوە. ئێسته‌ لە هۆڵه‌ندا دەژی و دەڵێ جارێکی تر ناگەڕێتەوە کوردستان تا هەست بەوە نەکات بێوەژنیش وەک مرۆڤ ته‌ماشا دەکرێت.

کارینا ژنێکی کوردە و خەڵکی سلێمانیە، ئێسته‌ لە وڵاتی هۆڵندا دەژیت، دوای خوێندنەوەی چیرۆکی پڕئازاری چەندان ژن لە  "وشە"وە پێوەندی پێوەکردین و داوای کرد چیرۆکی ژیانی ئەویش کە وەکو خۆی باسی دەکات، پڕە لە ناسۆری بنووسرێتەوە و ژنانی تر پەندی لێ وەربگرن. کارینا ناوی خوازراویەتی ، شوێنی نیشتەجێبوونی لە هۆڵەندایه‌ ناوی هاوسەرەکانی و ناوی ڕاستەقینەی خۆی لەبەر ویستی خۆی پارێزراوە. باسی چیرۆکی چوار جار هاوسەرگیری دەکات و دەڵێت، هەمیشە وا باوە کە ژن دوو جار تەڵاق بدرێت دەڵێن خۆی خراپە بەڵام من کە چوار جار تەڵاق دراوم گومانم نییە لە کوردستان پێم دەڵێت "بێ ئەخلاقە".

یەکەم هاوسەرگیریم لە هەولێر بوو. ئەو کوڕەی هاوسەرگیریم لەگەڵی کرد، هەڵبژاردەی خۆم بوو، ئه‌و كات تەمەنم 20 ساڵ بوو، چەند مانگی سەرەتا کێشەی سەرەتاییمان هەبوو بەڵام بەهەندمان وەرنەدەگرت، تا ئەو کاتەی بەهۆیی کێشەیەکی خێزانی دایکی ئەو هاتە لامان و لەگەڵ ئێمە ژیا ئیتر کێشەکان لە سادەییەوە  گۆڕان بۆ ئاڵۆزی و لەسەر بچوکترین شت دەیان بوو بەشەڕ هەردووکیان شەڕەکەیان بە من دەفرۆشت، کار دەگەشتە ئەوەی مێردەکەم لەبەر چاوی دایکی بەشەق و قایش  لێی دەدام و سووکایەتی بە خۆم و کەسوکاریشم دەکرد.

زیاتر دەڵێت، ماوەی چوار ساڵ، هەموو شتێکم قبووڵ کرد چونکە من سرووشتی هاوسەرەکەمم دەناسی و دەمزانی ئەو منی زۆر خۆش دەوێ، بەڵام لەژێر کاریگەریی دایکیدا بوو، دوایین جار بەهۆی ئەوەی منداڵمان نەبوو، خەسووم هەموو کات لەگەڵی دەگوتمەوە، ئیتر هەموو شتێک تێکچوو، بەڕادەیەک هەراسانیان کردبووم، خەسووم لەجیاتی ناوم بێنێت پێی دەگوتم "ها کچێ، هەی نەزۆک!" هەموو شتێک زۆر لە مانای خۆی درچوو، بۆیە لەیەک جیا بووینەوە و دوای مانگێک ئەو هاوسەرەم کچی پووری خۆی مارە کردەوە.

لە دوای هاوسەرگیریی یەکەم،  کارینا لەگەڵ ماڵی باوکیدا دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، دوای ساڵیک دووبارە هاوسەرگیری دەکاتەوە، بەڵام ئەم هاوسەرگیرییەی ماوەی کورت دەبێت و کارینا هەر زوو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی، لە دادگه‌ داوای جیابوونەوە دەکات.

کارینا باسی هاوسەرگیری دووەم و جیابوونەوەی دەکات: هەوسەری دووەمم بازرگانێک بوو، بە ڕواڵەت باشترین پیاوی دنیا و مهرەبانترین کەس بوو، بەڵام لە ناوەوەدا "پیسترین مرۆڤ" بوو. هەموو شتێکی بۆ کردم، باشترین و جوانترین ژیانی بۆ ڕێکخستم، بەڵام دوای چەند مانگێک بۆم دەرکەوت، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە نێوان خۆیاندا کۆمەڵێک ژن هەیە دەیان گۆڕنەوە بەپارە، تەنانەت سێ لەو پیاوانە، ژنەکانی خۆیان دەگۆڕییەوە. کارینا جەخت لەو قسەیەی دەکاتەوە و دەڵێت، بەڵگەی لەلایە، هەر بۆیە لە خۆی ترساوە و دوای ئەوەی ماوەی چوار مانگ دەتۆرێ، ئیتر  لە دادگه‌ داوای جیابوونەوە دەکات و کۆتا بە دووەم هاوسەرگیریشی دەهێنێت.

سێ هەمین هاوسەریی کارینا چوار ساڵ دوای هاوسەرگیری دووەمی دەبێت و لە دەرەوەی وڵات دەبێت. کەسوکاری لە سلێمانی داوای دەکەن و لەڕیگەی وێنەوە بە یەکیان دەناسێنن و بە کەفالەت مارە دەکرێت و دوای چەند مانگێک دەچێت بۆ لای هاوسەرەکەی، بەڵام هەر شەوی یەکەم ڕادەکات و لەلای نامێنێت.

کارینا ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەهەموو جۆرێک ویستوویەتی لە کوردستان بڕوات و لە چاوی ئەو کۆمەڵگەیە خۆی ون بکات کە بێوەژن وەک ئاگر دەبینن، دەڵیت، پێشتر کە وێنەکانیان نیشانی مندا هێندە پیر نەبوو کە ڕوو بەڕوو بینیم، بەڵام کاتێک کە گەشتمە فڕۆکەخانە و هاتە بەردەمم، شۆک بووم، دەمم گۆیی نەکرد سڵاوێکی لێ بکەم، نزیکی سه‌عاتێك لە ئۆتۆمۆبێلدا بووین، تا گەیشتینە ماڵەکەمان، بەڵام من هیچم بۆ نەدەگوترا. کاتێک گەشتیشین، سێ منداڵی لێ بوو، کە پێی ناساندم کوڕ و کچی خۆی بوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردبم منداڵی هەیە و 20 ساڵیش لەخۆم گەرەتر بوو، بۆیە هەر ئەو شەوە نەمهێشت پەنجەم لێ بدا، ڕامکرد. شەو و ڕۆژێک لەسەر جادە بووم تا توانیم پەیوەندی بە براکانمەوە بکەم لە هۆڵه‌ندا و بگەنە لام و بمبەنە لای خۆیان.

کارینا دەچێتە لای دوو براکەی لە هۆڵندا و لە هاوسەری سێهەمیشی جیا دەبێتەوە. ئەمجارە لە هۆڵندا خۆی کەسێکی تر هەڵدەبژێرێت و هاوسەر گیری لەگەڵ دەکات.

پێش ئەوەی هاوسەرگیری چوارەم بکەم، زۆر بە باشی بیرم کردەوە. "هادی" کە هاوسەری چوارەمم بوو، لەماوەی ئەو چەند مانگەی پێوەندیمان هەبوو، هەموو دڵنیایییەکی پێدام و هەموو ژیانی خۆشمم پێ گوتبوو، بەڵام لە کۆتا و دوای ساڵێک لە هاوسەرگیری، ئەویش گەڕایەوە سەر توخمە ڕاستییەکەی خۆی و لەگەڵ هەر توڕەبونێکیدا دەیگوت، ئەگەر باش بویتایە بەسەر سێ پیاودا نەدەگەشتی بە من. دواجاریش کە کەسێکی تری دۆزیەوە، بە بیانوی ئەوەی نەزۆکم و منداڵم نابێ، لێم جیابووەوە.

كارینا ئێسته‌ ته‌واو له‌ ژیانی هاوسه‌رگیری نا ئومێد بووه‌ و جارێکی تر هاوسەرگیری ناکاته‌وه‌ و ده‌ڵێ  بیر لە هیچ پیاوێک ناكه‌مه‌وه‌ و لەگەڵ براکانم لە هۆڵه‌ندا دەژیم، دایەنگەیەک کار ده‌كه‌م.

كارینا بڕیاریشی داوە جارێکی تر نەگەڕیتەوە بۆ کوردستان، تا ئەو کاتەی بە ڕوونی ئەوە نەبینێت کە بێوەژنیش وەک مرۆڤی ئاسایی سەیر دەکرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت.

وشه‌/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان


وشە - كوردۆ شابان