شاناو بەهۆی ڕابردووی دایكییەوە تەڵاق دەدرێت

:: PM:07:38:13/12/2017 ‌

كچێكی تەمەن ٢٤ ساڵ لە سلێمانی دوای تەواوكردنی زانكۆ، هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دەكات، بەڵام لەماوەی دەزگیرانیدا تەڵاق دەدرێت بەهۆی ئەوەی دایكی ڕابردووییەكی خراپی هەیە، ئەوەش دوای سەلماندنی ئەوە بابەتە بەچەند بەڵگەیەك لەلایەن یەكێك لە خزمەكانی كوڕەكەوە كە ئەو كچە دوای مانگێك لە دەسگیرانی، تەڵاق دەدرێت و خۆشەویستەكەشی كچێكی تر مارە دەكات.

(شاناو)، ناوی خوازراوی ئەو كچەیە كە دوای دووساڵ لە پێوەندی خۆشەویستی و مانگێك دەستگیرانی بەهۆیی كارێكەوە كە خۆی ئەنجامی نەداوە و هێچ پێوەندی پێوە نییە خۆی و خۆشەویستەكەی و ژیانی داهاتووی دەبێتە قوربانی، شاناو بۆ "وشە" باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت من و خوشكە گەورەكەشم بووینەتە قوربانی دەستی هەڵسوكەوت و كارەكانی دایكم، ئیمە چۆن قوربانین، دایكیشم ئاوا قوربانی دەستی كولتوورێكی چەوت و كۆمەڵگەیەكی پیاوباڵایە.

ئێمە منداڵ بووین كاتێك باوكمان كۆچی دوای كرد، دوو برا و سێ خوشك بووین، خەرجیمان گران بوو، ماڵی مام و باپیرم هاوكارییان دەكردین، بەڵام هەر وەك پێویست نەبوو ئەوەش هەر ماوەیەك بوو ئیتر نەما، برایەكم لە بازاڕكاری كڕین و فرۆشتنی دەكرد، ئەوەش خەرجی ماڵەوەی بەتەواوی دابین نەدەكرد، ئێمە شەش كەس بووین و لە خانووی كرێدا بووین من و خوشكە بچووكەكەم و  برایەكم قوتابی بووین، ئەوانە و چەندین هۆكاری گەورە وایان كرد كە دایكم لەگەڵ چەند كەسێك پێوەندی دابنێت و لەبەرامبەردا پارە وەربگرێت.

زیاتر دەڵیت، من پاساو بۆ ئەو كارەی دایكم ناهێنمەوە، بەڵام دەڵێم هەموو ئەوانەی ئەو چیڕۆكە تاڵەی ئێمە دەخوێننەوە، با خۆیان بێننە شوێنی دایكم، كە نە باوك و نە برا و نە مێرد و نە هیچ كەسێك هەیە بە پارێزراوی لەخۆی بگرێت و باری قوڕسی ئاسان بكات، لەكاتێكدا دایكم بێ شەهادە بوو دەچوو بۆ هەر شوێنێك بۆ كاركردن بەڕێوەبەرەكەی بە شیوازێكی تر بۆ كار داوای دەكرد.

شاناو خراپیی بارودۆخ و گوزەرانیانی بە هۆكار دادەنێت بۆ ئەو بارودۆخەی كە دایكی تێدایە، ئەو باس لەوە دەكات كە چەندین جار لەناو دانیشتنی هاوڕیكانیدا باسی دایكیان كردووە كە ناوی بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەو خۆی ئاشكرا نەكردووە كە كچی ئەو ژنەیە كە باسی دەكرێت، با س لەوەش دەكات كە خوشكە گەورەكەی دوای ساڵێك لە هاوسەرگیری، ڕەوانەی ماڵ كراوەتەوە ویستویانە تەڵاقی بدەن.

ساڵێك دوای هاوسەرگیریی خوشكە گەورەكەی، شاناو ماڵی خەسووی و مێردەكەی زۆرشت دەرباەی دایكی دەزانن، دوای ئەوەی دایكیان رووبەڕووی ئەو شتانە دەكەنەوە و شەڕ لەنێوانیاندا ڕوو دەدات و دەگەن بە بڕیاری تەڵاقدان، بەڵام خوشكە گەورەكەی شاناو ڕازی نابێت بەوەی تەڵاق بدرێت، بۆیە حاشا لە ماڵی دایكی دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ لای هاوسەرەكەی و تا ئێستەش هاتوچۆی ماڵی دایكی ناكات.

شاناو نایشارێتەوە كە بەو كارەی دایكی زانیوە، بەڵام بێدەنگ بووە، لەبەر ئەوەی زانیویەتی كە بژێوی ژینیان لەسەر ئەو كارەی دایكیەتی و هەروەها هەرچیش بڵێت ناتوانێت پێشگیری لەو كارەی بكات، ئەو دەڵێت دایكی ماوەی چوارساڵ دەبێت وازی لەو كارە هێناوە، بەڵام ئەو ڕابردووەی بۆی دروست بووە، وەك مۆتەكەیە لە ژیانماندا و هەرجارە و بەڕووی یەكێكماندا دەتەقێتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات، لەكاتی چوون بۆ داخوازی ژن بۆ دوو براكەی، كەس نەیانپرسیووە كوڕی كێیەو دایكی چكارەیە، هەر لەیەكەم دانیشتندا هەموو شتێك كۆتایی هاتووە و دوو برای لەگەڵ ژن و منداڵەكانیان بێ كێشە دەژین، بەڵام من و خوشكەكەم قوربانی ئەو كارەی دایكمین كە لەبێ پەنایی و بێ سەرپەرشتیی بۆ مانەوەی ئێمە ئەو كارەی كردووە.

ئەو باسی پێوەندیی خۆشەویستی خۆی و (زانست) دەكات و دەڵێت لە زانكۆی كۆیە وەرگیرام، لەوێ زانستم ناسی كە لەهەمان بەش بووین، لە قۆناخی یەكەوە وازی لێ نەدەهێنام و بە هەموو شێوەیەك دەیویست ڕازیم بكات، بەڵام من نەم دەویست دوای دووساڵ و ئەو هەموو هەوڵەی كە دای، بووین بە خۆشەویست، من لەماوەی دووساڵی پێوەندیدا هیچ شتێكم سەبارەت بە ڕابردووی دایكم پێ نەگوتبوو، چونكە دایكم وازی هێنابوو و ماڵیشمان لەو جێگەیە باری كردبوو، بۆیە بڕیارمان دا دوای زانكۆ هاوسەرگیری بكەین و بڕیارەكەمان بردە سەر.

شاناو داخوازی دەكرێت و وەك هەر كچێكی تر هەموو ڕێوڕەسمێكی بۆ ئەنجام دەدرێت، تا ئەو كاتەی سەرقاڵی ئامادەكاری دەبن بۆ ئاهەنگی گواستنەوە، خزمێكی زانست كە یەكێك دەبێت لە مووشتەرییە كۆنەكانی دایكی، دەیناسێتەوە و هەموو شتێك بە بەڵگەوە بەماڵی زانست دەڵێت، شاناو دەڵێت زۆر لە زانست پاڕامەوە كە نەبینە قوبانی ڕابردوویەك كە من بەرپرس نیم لێی تا گەشتمە ئەوەی بەڵێنی پێ بدەم وەك خوشكەكەم حاشا لەماڵی دایكم بكەم، بەڵام ڕازی نەبوو تەڵاقی دام و دوای دوومانگ كچێكی تری مارە كرد.

ئێستە شاناو لەگەڵ دایك و خوشكەكەی دەژیت و لە یەكێك لە كۆمپانیاكان لە سلێمانی كار دەكات، ئەو دەڵێت جارێك ڕازی بووم بەوەی كە حاشا لە دایكم بكەم بۆ خۆشەویستەكەم، بەڵام ئێستە هەموو پیاوی دنیا ناگۆڕمەوە بەوەی كە دایكم بە چاوێكی خراپ سەیر بكەم، چ جا بگات بەوەی حاشای لێ بكەم.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل