ژنێكی ١٧ ساڵ دوای ئەوەی لە هاوسەری دووەمی كوڕێكی دەبێ، كاتێك لە نەخۆشخانە منداڵەكەی بۆ دەبەن، بە ئاسایی بە هەمووان دەڵێ، ئەو منداڵەكەی ناوێ و ناشیەوێ بیبینێت، ئەمەیش هەمووانی شۆك كرد، چونكە هیچ دایكێك لە دنیا نییە منداڵی خۆی نەوێ، مەگەر گرفتێكی گەورە بوونی نەبێ، بۆ ئەو مەبەستە "وشە" بە دواداچوونی بۆ ئەو پرسە كرد و ژیانی دایكی ئەو منداڵەی هەڵدایەوە.
دوای لەدایكبوونی منداڵەكە دەبەن بۆ ماڵی باوكی هاوسەرەكەی و ئەوان بەخێوی دەكەن، دایكەكەیش دەچێتەوە ماڵی باوكی خۆی و دووپات لەوە دەكاتەوە، كە نایەوێ منداڵەكە بەخێو بكات و دەڵێ، من خۆم منداڵم چۆن منداڵێكی تر بەخێو بكەم.
هەنا دایكی ئەو منداڵەیە كە چەند هەفتەیەكە لە دایك بووە و لە ماڵی باوكی هاوسەریەتی، خەسووی هەنا كە ناوی فاتمەیە و منداڵەكە بەخێو دەكات، بۆ "وشە" گوتی، برا و براژنەكەم بە زۆر كچەكەی خۆیان بە كوڕەكەی من دا، من دەمزانی نەخۆشیی دەروونی هەیە و كەڵكی ماڵ و هاوسەر و منداڵی نییە، چونكە تەمەنی زۆر منداڵ بوو و لەگەڵ هاوسەری یەكەمیشی ساڵێك بەیەكەوە مانەوە و دواتر بە ناخۆشی لە یەكتر جیا بوونەوە.
فاتیمە دەڵێ، پاش ئەوەی ئەو ژنە لە هاوسەری یەكەمی جیا بووەوە، برا و براژنەكەم هەموو ڕۆژ دەیانگوت، هەنا بۆ محەمەدی كوڕم بخوازم، منیش ڕەتم دەكردەوە، دەمگوت كچەكە منداڵە، ئەوان توانییان محەمەدی كوڕم هەڵخەڵەتێنن و ئەویش تەمەنی 30 ساڵ دەبوو، گوتی یان هەنام دەوێ، یان ئیتر هاوسەرگیری ناكەم، منیش لە ترسی ئەوەی قسەكەی بەدی بێنێ و دواتر هاوسەرگیری نەكات، ڕازی بووم.
ئەو گوتی، لە سەرەتاوە ویستم لە كێشەی ئەوان دووربم، بۆیە گوتم ماڵی جیاتان بۆ دەكەم، بەڵام ڕازی نەبوون و گوتیان دەمانەوێ بەیەكەوە بژین، دایكی و باوكیشی ڕازی نەبوون بە بیانووی ئەوەی كچەكەیان منداڵە، ئەوەی لێی دەترسام ڕووی دا، چونكە بووكەكەم لەگەڵ ئەوەی تەمەنی منداڵ بوو، نەخۆشیی دەروونیشی هەیە زۆر زوو تووڕە دەبێت و نازانێت نە گرنگی بەهیچ بدات نە بەرپرسیاریەتیی هاوسەر و ماڵی خەسوو و خۆیشی هەڵگرێت.
هەنا و محەمەد ماوەی ساڵ و نیوێك بەیەكەوە دەبن و دواتر هەنا دووگیان دەبێ و سەرەتا خۆی و هاوسەرەكەی دەیانەوێ منداڵەكە لەبار ببەن، بەڵام ماڵی باوكی هەردوولا ڕێ نادەن و دایكیشی دەڵێ با منداڵە بێتە دنیاوە من خۆم بەخێوی دەكەم.
"وشە" بۆ زانینی ڕاستییەكان پێوەندی بە "هەنا" دایكی منداڵەكە كرد و ئەو چیرۆكی خۆی گێڕایەوە و گوتی، لە 14 ساڵییەوە كاتێك كوڕێك دوو جار لە ڕێی قوتابخانە سەیری كردم، براكەم كردی بە كێشە و بە زۆر بەم تەمەنەوە منیان بە كوڕێك دا كە تەمەنی 18 ساڵ بوو، بەیەكەوە و بە زۆر هاوسەرگیریمان كرد، بەڵام نە ئەو هیچی دەزانی و نە منیش لە دنیا دەگەیشتم، بەوهۆیەوە تووشی چەندان نەخۆشیی دەروونی و كێشە و گرفت بووم، تا دوایی لە یەكتر جیا بووینەوە.
زیاتر گوتی، دواتر گەڕامەوە ماڵی باوكم و پاش ماوەیەك جارێكی تر بە زۆر هاوسەرگیری دووەمیان پێ كردمەوە لەگەڵ كوڕە پوورێكم، بەڵام هەرچۆنێك بێ كێشەمان نەبوو و چەندان جاریش منیش و ئەویش گوتمان كە جارێ منداڵمان ناوێ، بەڵكو دەمویست كەمێك گەورە ببم و بە تەواوی ئامادەبم بۆ بوون بە دایك، بەڵام دووگیان بووم و ڕێگەیشیان نەدا منداڵەكەم لە بار ببەم، گوتیان خۆمان بەخێوی دەكەین، ئێستەیش ئەوان خۆیان بەخێوی دەكەن، بۆیە ئەمانە هۆكاری ئەوەن كە نەتوانم منداڵەكەم بەخێو بكەم و بیبینم، چونكە من خۆم منداڵم چووزانم منداڵ بەخێو بكەم، جیا لەوەی چەندان كێشە و نەخۆشیی ژنانەم هەیە.
هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.