بەهۆیی هاوسەرگیریەکی نهێنی خێزانێک له‌ناو دەچێت

:: PM:10:44:22/12/2017 ‌

لە دەڤەری ڕاپەڕین، پیاوێکی خێزاندار، دوای ئەوەی ئاشکرا دەبێت کە هاوسەرگیری نهێنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام داوە، خێزانەکەی هەڵدەوەشێتەوە و کچ و کوڕەکەشی کە تەمەنیان لە نێوان حه‌وت بۆ 12 ساڵانه‌، لەگەڵ دایکیان لە ماڵی باپیریان دەژین، هاوسەری یەکەمی ئەو پیاوە دەڵێت، پیاوەکەی پارەدار بووە و پارەکانیشی سەریان خواردووە.

پیاوێک بە ناوی "د.م.ح." تەمەنی 45 ساڵە و لە دەڤەری ڕاپەڕین  کاری بازرگانی دەکات، بەهۆی ئاشکرابوونی هاوسەرگیرییە نهێنیەکەی، هاوسەری یەکەمی لێی جیا دەبێتەوە و منداڵەکانیشی لێ دەستێنرێتەوە، ژنی دووەمی ئەو  بازرگانە ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە خاوەنی دوو کچە لە ڕۆژهەڵات دەژین، "د.م.ح." لە کاتی سەفەرەکانی بۆ ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەواندا دەمێنێتەوە.

"زوڵفا" ژنی یەکەمی "د.م.ح." بۆ "وشە" باسی لە کێشەی خۆی و هاوسەرەکەی و چۆنییەتیی هەڵوەشانەوەی خێزانەکەی لە دوای ئاشکرابوونی ئەو ناپاکییەی هاوسەرەکەی کرد و گوتی، من هەرچی هەمبوو بۆ پیاوەکەمم فرۆشت، ئەوەی لەماڵی باوکم بە میراتی بەرم کەوت بۆ پێگەیاندنی ئەو خەرجم کرد، تا کردم بەو پیاوەی لەکۆتایی پاداشتم بە ناپاکی و ژن هێنان بداتەوە، چ جۆرە ژن هێنانێکیش، ئەوەی کە دڵنیام تەنیا بۆ پارە لێکشاندنەوەیە، ئەو پارەی من ڕەنجم بۆی دا بۆ داهاتووی منداڵەکانم، لەوێ هاوسەرەکەم بەبێ بیرکردنەوە بەسەر ئەوانیدا دەبارێنێت.

ئه‌و دەڵێت، من لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندم، کاتێک هاوسەرگیریم لەگەڵ د.م.ح. کرد، ئەو بارودۆخی زۆر باش نەبوو، بەڵام من بەهەموو شێوەیەک هاوکاریم کرد، لەپشتی بووم و ئەوەی توانیم بەزیادەوە بۆم کرد، ناو و ناوبانگم بۆدروستکردوو دوومنداڵی وەکو گوڵم پێدا، بەڵام لەکۆتادا ناپاکی لیکردم، چونکە پارە و  کاری زۆر چاویان کوێر کردبوو.

"وشە" بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەو کەیسە پێوەندی بە د.م.ح. کرد، لە وەڵامی پرسیاری هۆکاری هاوسەرگیری دووەم و شاردنەوەی ئەو هاوسەرگیرییە گوتی، بەهۆیی کارەکەمەوە هاوسەرگیری دووەمم ئەنجام داوە، چونکە من زۆرترین کاتەکان بەهۆی کارەکەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنمەوە، نەم دەتوانی زوڵفا و مندڵەکان ببەم وەک پیاویش پێویستم بە ژنێک هەبوو لەگەڵمدا بژیت بۆیە هاوسەرگیریم کرد.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، بۆ ئەوی ناکۆکیش دروست نەبێت و زوڵفا دڵتەنگ نەبێت، لێم شاردەوە، پێشبینی ئەوەشم نەدەکرد ئەو لە ڕۆژهەڵات و ئەو لە باشوور ڕۆژێک ئاشکرا ببێت، ئێسته‌ پەشیمانم لەو کارە کە بەنهێی کردم بەڵام تازە کار لە کار ترازا و ڕۆژگاریش ناگەڕێتەوە.

بە گوێرەی قسەکانی زوڵفا، بابەتی هاوسەرگیری دووەمی د.م.ح. لە ڕێگه‌ی هاوڕێیەکی براکەیەوە ئاشکرا دەبێت، لەگەڵ د.م.ح. لە کارێکی بازرگانیدا بەیەکەوە دەبن و بەنهێنیەکەی دەزانێت،  لەسەرەتا چاوپۆشی لێدەکات، بەڵام کاتێك لەکارەکەیان کێشەیان بۆ دروست دەبێت وەک تۆڵەسەندنەوەیەک نهێنیەکەی بە ماڵی باوکی (زوڵفا) دەڵێت و خێزانەکەی لە یەکتری هەڵدەوەشێتەوە.

زوڵفا ئاماژە بەوە دەکات، دوای زانینی ئەو بابەتە د.م.ح. لەگەڵ ماڵی باوکی چەند دانیشتنێکیان ئەنجام داوە و داوایان کردووە بابەتەکە چارەسەر بکرێت و خێزانەکە هەڵنەوەشێتەوە، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە و مالی باوکیشی پشتگیریان کردووە، هەر بۆیە منداڵەکانی لەلای خۆی هێشتۆتەوە و لە دانیشتنی عەشایەریدا تەڵاقی داوە.

ئێسته‌ زوڵفا لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا لە مالی باوکی دەژیت، دەڵێت چ کاتێک منداڵەکان بیانەوێت ڕێگە دەدات باوکیان بینن، نەوه‌ک ئەو کاتەی باوکیان دەیەوێت. دەشڵیت، بە زەبری ماڵی باوکی خانوەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە کردووە و مانگانەش پارەیان بۆ دەنێرێت، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەو کاتەی د.م.ح. پارەی نامێنێت، هاوسەری دووەمی کە تەنیا بۆ پارە لەگەڵیەتی لێی جیا دەبێتەوە،  خوا حەقی خویی و منداڵەکانیشی لێ دەستێنێت.


وشە - كوردۆ شابان