ئه‌خته‌ر به واتەی ئه‌ستێره دێت، ناسناوی ئه‌مین ئاغای كوڕی به‌كر ئاغای كوڕی محه‌مه‌د ئاغای حه‌وێزییه. له ساڵی ١٨٣٩ له گه‌ڕه‌كی به‌فری قه‌ندی له كۆیه له دایك بووه. سه‌ره‌تای خوێندنی ئه‌خته‌ر له یه‌كێک له حوجره‌كانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كۆیه بووه. له ته‌مه‌نی مێردمنداڵی وانه‌ی فارسی لای مه‌لا سمایل مه‌نتك خوێندووه، ماوه‌یەكیش له‌گه‌ل ئه‌سعه‌د ئاغای حه‌وێزی برای له به‌غدا هه‌ردووكیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر خوێندن. لەبەر زیرەكی باوكی دەینێرێتە بەغدا و لەوێش فێری زمانی عرەبی بووە، مخابن لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی دەكات.
بۆیە ئەختەر ناچار دەبێت بگەڕێتەوە كۆیە ودەبێتە جێنشینی باوكی و چاودێری عێل و دیوەخان دەكات، ئەختەری شاعیر ئاوازناسی دیوەخانەكەی بووە و مەڵبەندێكی شیعر و سروود و گۆرانییە، هەمیشە شاعیران و دەنگخۆشانی لێ کۆبووەتەو، كۆرسی هەبووە و ژیانیشی بۆ دابین كردوون، دەیان شیعر و ئاواز و گۆرانی ڕەسەن و كولتووری لەفەوتان ڕزگار كردووە. لە دیوەخانەكەی كتێبخانە و ژووری خواپەرستی هەبووە، حەوشە گەورەكی ڕازابووەوە بەگول و ڕەیحانە، بۆ یەكەم جار داری پرتەقاڵ و مزرەمەنی هێناوەتە كۆیە. واتە شاعیرێكی ژینگە پارێزبووە. دیوەخانەكەی لانە و شوێنی حەوانەوەی هەژار و لێقەوما و ڕێبواران بووە. ئەختەر دادپەروەر و بووە دژی ستەم و دزی و گەندەڵی بووە، ئافرەتی ئازا و جەسووری خۆش ویستووە، ڕێزی لێ‌گرتوون خەڵاتی كردوون.
به‌م جۆره ده‌بێته سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌ی حه‌وێزییان و دیوه‌خانه‌ی تایبه‌تی وه‌ك نێوه‌ندێكی وێژه‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا خۆی ده‌نواند. مه‌ڵبه‌ند و جێی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، به‌تایبه‌تی حاجی و كه‌یفی و شێخ ڕه‌زا میوانی به‌ڕێزی ئه‌و دیوه‌خانه‌یه بوون و جێگه‌ی دیاری‌یان تێیدا هه‌بوو.
ئه‌خته‌ر وه‌ك ئاغایەكی به‌دیمه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ند له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئوروستوكراتیانه نه‌بووه، به‌زه‌یی به هه‌ژاراندا هاتووەته‌وه، ده‌ستی گرتوون و یارمه‌تی داوان. ئه‌خته‌ر خاوه‌نی قسه‌ی خۆی بووه، به‌رهه‌ڵستی خراپه‌ی داگیركه‌ری عوسمانی كردووه، تا گه‌یشتووەته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌جووی سوڵتانی عوسمان بكا. له‌سه‌ر ئه‌وه والی عوسمانی ته‌قیه‌دین پا‌شا ئه‌خته‌ری ئاواره‌ی شاری حیلله‌ی باشووری ئێراقی كردووه. له دوای ماوه‌یەك كه نامیق پا‌شا بووه به والی ئه‌خته‌ری له ئاواره‌یی ئازاد كردووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه كۆیه.
له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا ئه‌خته‌ر دڵداری كردووه، دڵی چووەته كچێكی جوانی بنه‌ماڵه‌ی دارۆغه، ناوی ڕابی بووه. ئه‌م دڵدارییه پاك و بێگه‌رده زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێ به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌خته‌ر و ڕابی به منداڵی شیریان پێكه‌وه خواردووه.
ئه‌خته‌ر ته‌نیا شاعیر نه‌بووه، به‌ڵكو هونه‌روه‌رێكی ڕه‌سه‌نی مۆسیقا و گۆرانی بووه، ئاوازی بۆ هه‌ندێ شیعری كوردی داناوه، جگه له‌وه‌ی شیعری خۆی، كه ده‌كه‌وته به‌ر ده‌نگی گۆرانیبێژان ئاوازه‌كانیان له لایه‌ن شاعیره‌وه داده‌نران، هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار بۆ ئاوازێكی دیاریكراو شیعری هۆنیوه‌ته‌وه، بایه‌خی به گۆرانی و سروودی میلی (فۆلكۆری) داوه.
دیوه‌خانی مه‌ڵبه‌ندێكی وێژه و هونه‌ر بووه. به‌گشتی ئه‌خته‌ر ڕۆڵێكی گرنگی بووه له ژیانی خوێنده‌واری كۆمه‌ڵی كۆیه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ته‌ی نۆزده‌م.
ئه‌خته‌ر له ساڵی ١٨٨٨ له كۆیه بەهۆی نەخۆشی تیفۆوە كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی عاره‌بیان له ته‌نیشت باوكی نێژراوه. ئەگەرچی زۆربەی شیعرەكانی ون بوونە، بەڵام نووسەری بەتوانا "ئازاد عبدالواحید" شیعرەكانی لە دووتوێی كتێبێكدا بەناونیشانی (ئەختەرشاعیری جوانی و دڵداری) لە ساڵی ١٩٧٦ بە چاپ گەیاند.
له غه‌زه‌لێكیدا ئه‌خته‌ر ده‌ڵێ:
ڕووحی شیرینم له بۆچ ئه‌مڕۆكه وا لوتفت نییـــــــه
نووری بینای دیده‌كانم پێم بڵێ سووچم چییــــــــــه
بێ قه‌باحه‌ت لێم زوویری چاكه ئینسافت هــــــه‌بێ
تاكو ئه‌مرم خۆ مه‌حاڵه ڕۆیینم له‌م قاپییــــــــــــــه
خوێن له چاوانم خرۆشا وا فوواره‌ی به‌ستــــــــــــووه
نابێ جارێ بێیته سه‌ر ئه‌م حه‌وز و جۆگه و كانییه
ئاگری عه‌شقت وه‌ها كووره‌ی دڵی هێناومه تــــــــــاو
شێت و شه‌یدای كردووم ئاگام له دنیابێ نییــــــــــه
واعیزێ دوێنێ له‌سه‌ر مینبه‌ر وه‌ها وه‌عـــــــزی ده‌دا
هه‌ر كه‌سێ یاری نه‌بێ ته‌حقیقه عومری فانییــــــــه
قازی و موفتی كه دوێنی نیسحه‌تی منیان ده‌كـــــرد
ئیمڕۆ قازی موتریبه و ساقی جه‌نابی موفتییــــــــــه
زاهید و سۆفی ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵی تر ته‌قوا بكــــــه‌ن
شاره‌زا نابن وه‌كو من موشكیله ئه‌م وادییـــــــــــــــه
شێخی سه‌نعانی ئه‌گه‌ر ده‌ستی به‌دامانت بگــــــــــا
خه‌رقه و ته‌سبیح و تاج و ته‌یڵه‌سانی بۆچییــــــــــه
ئه‌ی (ئه‌مین) بیستوومه ئیمڕۆ یار خه‌ڵاتی كــردووی
سا وه‌ره ئه‌وجاكه بمره تۆ له‌سه‌ر ئه‌م خۆشییــــــــه
سەرچاوە/ مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، دکتۆر مارف خەزنەدار، چاپی ٢٠٠٤ هەولێر.