سۆلاڤ شەیدا: سینەمای كوردی بناغەیەكی فشۆڵی هەیە

:: PM:04:14:01/10/2016 ‌
سۆلاڤ شەیدا كە لە ساڵی 1994وە لە بواری هونەری دراما و سینەمادا وەك ئەكتەر رۆڵ دەبینێ، لە دیمانەیەكی كورتی "وشە"دا ئاماژە بەوە دەدات كە لە چەندان بەرهەمی هونەریدا رۆڵی بینیوە وەك لە فیلمەكانی (ژانی گەل، گەڕەكی داهۆڵەكان، كەواتە چاوەڕێ بن). هەروەها چەند كورتە فیلمێكیش وەك (سۆما، داو، فرمیسَك بۆ تارا، مایكرۆفۆن، بڕیار) رۆڵی بینیوە، هاوكات لە دوو دراما ڕۆڵی هەبووە كە ئەوانیش (ژوانێك بۆ خۆشەویستی، ژیلەمۆ)ن، بۆیە لێرەدا وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.

* یەكێك لە گرفتەكانی شانۆی كوردی، كەمی ڕەگەزی مێینەیە، ئایا لە سینەماش هەمان گرفت هەیە، بەڕای تۆ هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- پرسارەكەت دوو بەشە، یەكەم بەڵێ‌ بۆ هەردوو بوار هەمان گرفت هەیە، كەمی ئافرەت بۆ ئەم هونەرانە بووەتە گرفت، ڕاستە ئافرەتی ئازامان هەن، بەڵام پێویستییەكانی  ئەم  بوارە پڕ ناكەنەوە، دووەم لەبارەی هۆكارەكانیش زۆرن، لەوانە بەربەستی كۆمەڵایەتی وا لە ئافرەت دەكات سەربەخۆ نەبێت لە بڕیاردان، هەروەها ترس لە بەردەم ئافرەت هۆكارێكی ترە.

* ئایا چارەسەر بۆ ئەم كێشەیە هەیە؟ 
- بەڵێ‌ هەیە، سەرەتا بیركردنەوەی تاك و دواتر خێزان و حكوومەتیش. ئافرەت خۆی بوێر بێت لە بڕیاردان، ئینجا حكوومەت لە دانانی سیستەم و یاسای نوێ‌ بۆ خەڵك.

* ئەی ئێستەی فیلمسازی كوردی چۆن دەبینی؟ 
- وەك حكوومەت، سینەمای كوردی لەم هەرێمەدا بناغە و ژێرخانێكی فشۆڵی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر من پڕۆژەیەكم هەبێت لەبەرئەوەی ژنم و پشتم نییە، دەبێت پڕۆژەكەم بەچەندان فلتەردا بڕوات، بەڵام ئەگەر پشتت هەبوو، ئەوا شتەكان بێ كێشە دەڕوات، جگە لەمەش كەرتی تایبەتی ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی سینەما لە كوردستاندا.

* مەرجی تۆ چییە لە بەشداریكردن لە فیلمێك، یان چ ستایلێكی نواندن هەڵدەبژێریت، هاوكات سەرسامی بەكام  هونەرمەندە جیهانییەكان؟ 
- مەرجی كاركردنی من لە فیلم یان درامادا، سەرەتا بینینی سیناریۆكەیە، دواتر توانای دەرهێنەرەكە لە ڕاپەڕاندنی كارە هونەرییەكە، واتە ئەزموونی دەرهێنەرەكەشم لام ڕوون بێت. بۆ نواندنیش پشت بەمیتۆدی نواندن لای دەرهێنەری ڕووسی كوستانتین ستانسڵاڤسكی دەبەستم كە نواندنی دەرەوە و ناوەوە لە كارەكتەر بەرجەستە دەبێت. سەرسامم بەنواندنی ڕۆڵی ئەكتەرە ئەمەریكییەكان بەگشتی. 

* هیچ پڕۆژەیەكی هونەریتان هەیە كە لەگەڵ دیاكۆی هاوسەرت كۆتان بكاتەوە؟ 
- بەڵێ‌ لەگەڵ دیاكۆ چەند پڕۆژەیەكمان هەیە لە فیلم و زنجیرە دراما، ئەگەر پشتگیری بكرێین، بێگومان جێبەجێیان دەكەین. 

وشە/ هەورین نەجات


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د