عەبدوڵا حەسەن زادە: وەرگێڕان بۆ کوردی لە هێندێ بارەوە کەموکوڕیی زۆر تێدایە

:: AM:10:07:09/01/2018 ‌
به‌شی یه‌كه‌م

وەرگێڕان بە یەکێک لە ئامرازەکانی بەرەوپێشچوونی گەلان دێتە ژماردن، لە هەموو بوارە جیاوازەکانی ژیان بووەتە هۆی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تاقیکردنەوە و چاوکراوەیی ئەوانی تر، لەم دیمانە تێروتەسەلەدا كه‌ به‌ سێ به‌ش بڵاو ده‌بێته‌وه، مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە وەڵامی چەندان پرسیاری "وشە" لەبارەی وەرگێڕانەوەیە، دەداتەوە.

پ/ وەرگێڕان چییە؟          
و/ ئەگەر بە مەفهوومێکی سادە باسی بکەین، وەرگێڕان، گۆڕینی مەتڵەبە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، لە نووسینێکەوە بۆ نووسینێکی تر، زۆر بە سادەیی بەوە دەڵێن. بە مەفهوومی عیلمییش دەبێ لە عالمەکان بپرسی.

پ/ کێ وەرگێڕێکی سەرکەوتووە، بە کێ دەگوترێ وەرگێڕ؟
و/ ڕەنگە بە هەمووکەس بڵێن وەرگێڕ، ئەگەر بشڵێین کێ وەرگێڕێکی سەرکەوتووە، ڕەنگە پێوانە زۆر بن بۆ ئەوەی یەکێک وەرگێڕێکی سەرکەوتوو بێ، بەڵام لەبەر چاوی من شەرتی وەرگێڕی سەرکەوتوو پێش هەموو شتێک ئەوەیە، ئەو بە جۆرێک بتوانێ نێوەرۆکی بابەتەکە لە زمانێکەوە بێنێتە نێو زمانێکی دیکە، کە هەم ئەمانەت پارێزرابێ، هەم مەتڵەبەکە چۆنێکی هەیە ئاوا گوازرابێتەوە بۆ نێو زمانە تازەکە، شەرتی بنەڕەتی ئەوەیە ئەگەر یەکێک خوێندییەوە، ئەگەر لەسەری نەنووسرابێ وەرگێڕانە، پێی وابێ هەر لەجێدا بەو زمانە نووسراوە. ئەو وەختی ئەو وەرگێڕێکی سەرکەوتوویە، دەنا ئەگەر وابوو، کەلیمەی لە جێی کەلیمە دانابوو، ئەوە پێی ناڵێن وەرگێڕان، ئەوە وەک فەرهەنگ¬ نووسینە، مەعنای وشەکانی لێک داوەتەوە. نەک مەفهوومی ئەو بابەتە، کە ئەو دەیەوێ وەریبگێڕێ. کورتی بکەمەوە، بەو کەسە دەڵێن وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، کە توانیبێتی بابەتەکە وەک خۆی نەقڵ بکات، هەروەها ئەوەندە جوانی نەقڵ بکا، خەڵک پێی وابێ هەر بەو زمانە نووسراوە.

پ/ ئایا هیچ پێوه‌رێكت بۆ زمانزانین دیاری كردووە؟
و/ وەرگێڕ دەبێ دوو زمان بزانێ،لە پێشدا زمانەکەی خۆی هەر ئەوەندە نەزانێ کە بەشی بازاڕی کڕین و فرۆشتن بکات، بەڵکو بەو ڕادەیەی بزانێ، کە بە پەند و مەتەڵ و مەسەلی پێشینیان ئاشنا بێ، با هەر لە لەهجەکەی خۆشیدا بێ، بەتایبەتی بەو زاراوانە، کە لە نێو توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵدا هەن، مەسەلەن جووتیار هێندێک زاراوەی خۆی هەن، هیچ وەختێک لە بواری پەروەردەدا بەکار نابرێن، هیچ وەخت لە بواری تەندروستیدا بەکار نابرێن، ئاشەوان هێندێک زاراوەی هەن، کە جووتیار بەکاریان ناهێنێ، دەبێ لەگەڵ ئەوانەشدا ئاشنا بێت، چونکی لەو بابەتانەدا، کە وەریان دەگێڕێ، زۆرجار تووشی هەموویان دەبێ. لەمە گرنگتر ئەوەیە، کە دەبێ زمانەکەی لێشییەوە تەرجەمە دەکات، باش بزانێ، ڕەنگە نەتوانێ وەک زمانەکەی خۆی لێی شارەزا بێ، چونکی هیچ¬ کام لە ئێمە، کە کوردین ناتوانین هەموو ئەو شتانەی لە زمانی کوردیدا هەن، نەک بڵێی لە هەموو لەهجەکانی زمانی کوردیدا، تەنانەت لەو لەهجەیەدا، کە هیی ناوچەکەی خۆشمانە هەموو شتێک بزانین، کە وابێ زمانە بێگانەکەیش هەروایە، بەڵام زمانە بێگانەکەیش دەبێ هێندەی ئاشنایی پێی هەبێ، کە بزانی چی دەڵێ. 

بۆ ئەوەی ئەوەم باش بەیان کردبێ نموونەیەک دێنمەوە، نموونەیەک کە ڕووی داوە: لە نێو فارسی ¬زماناندا، باوە ئەگەر یەکێک لە یەکی دیکە حاڵی نییە، پێی دەڵێ: (شما در باغ نیستید)، واتە ئەتۆ لە باغیدا نی، مەبەستی ئەوەیە ئاگات لە مەسەلەکە نییە. ڕۆژنامەنووسێک لەگەڵ بەنی سەدری کۆنە سەرکۆماری ئێران بە فڕەنسایی وتووێژ دەکا، بەنی سەدر لە قسەکانیدا، ئەو ئیستلاحە ئێرانییە ڕاست بەو جۆرە تەرجەمە دەکا، کە دەڵێ ئەتۆ لە باغدا نی، کابرای ڕۆژنامەنووسی فڕەنسایی دەڵێ، مەعلوومە، ئەوە نییە لە ژوورێ دانیشتووین لە باغیدا نیین. چونکە لەوێدا ئەو دەربڕینە نییە، ئەتۆ دەبێ بزانی ئەو زمانە، ئەو موستەلەحەی تێدا هەیە یان نییە، ئەگەر هەیە بە چ مەعنایەکە، یان وەک نموونە، ئەمن خوێندوومەتەوە لە تەرجەمەی کوردیدا، کابرای دوکاندار بە شاگردەکەی دەڵێ: "این سیب¬زمینیهارا ێب کنید". "ێب کنید" لە فارسیدا، یانی بەهەر قیمەتێک بێ پاڵیان پێوە نێ با بڕۆن، دەنا خراپ دەبن، کەچی وەریگێڕاوە دەڵێ "ئەم پەتاتانە ئاوڕشێن بکە". واتە وەرگێڕ دەبێ بە زمانەکەی دیکەیش ئەوەندە ئاشنا بێ، کە بزانێ موستەلەحاتەکەی چییە و چۆن بەکار دەبرێن. 

دیارە ئەوە ناتوانی میزانی بۆ دابنێی، ئەگەر بمانەوێ میزانێکی بۆ دابنێین، ئەو زمانزانینە، بۆ هەردوو زمانەکە دەبێ بەشی ئەوەندە بکا، کە بابەتی دیاریکراوی پێ تەرجەمە بکرێ. دەبێ وەرگێڕ بەشی ئەوەندە لە هەردوو زمانەکە بزانێ. ڕەنگە ئەمن و تۆ لە بواری ئەدەبیدا بە هەردوو زمانەکە شارەزا بین، بەڵام شەرت نییە لە بواری ئابوورییشدا وا بین، لە فەلسەفەشدا وا بین، لە علوومی فەزاییشدا وا بین. کەوایە هەقمان نییە لەو بوارانەدا تەرجەمە بکەین.

پ/ ڕه‌وشی وه‌رگێڕان به‌ گشتی له‌ زمانه‌كانی تر بۆ سه‌ر زمانی كوردی چۆن ده‌بینی؟
و/ لەوەدا گومان نییە، کە وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی زۆری گەشەسەندووە، زۆر بووە، بەڵام بە باوەڕی من وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی، لە هێندێ بارەوە کەموکوڕیی زۆر تێدایە، یەکێکیان ئەوەیە، کە بەشێک لەوانەی تەرجەمە دەکەن، نامەوێ هیچ ئەدرەسێک بدەم، بەڵام هەموویان بە ئەندازەی پێویست، نە زمانی کوردی دەزانن، نە ئەو زمانەی لێیەوە وەردەگێڕن، نە لە هەمووی موهیمتر هونەری وەرگێڕان دەزانن. ئەوە بە باوەڕی من یەكێکە لە کەموکوڕییەکان، کەموکوڕییەکی دیکەی ئەساسی، ئەوەیە: بۆخۆم وا بیر دەکەمەوە، نابێ وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی هەر تابیعی ڕەئی و بۆچوونی ئەو کەسە بێ، کە وەردەگێڕێ، بۆ ئێستەی زمانی کوردی هەق وایە وەرگێڕان بەرنامەی لە پشت بێ. یانی چی؟ یانی ئەوانەی خاوەن¬ نەزەرن، ئەوانەی مەسئوولن، ئەوانەی شارەزان بڕیار بدەن، کە کورد ئێستە پێویستیی بە تەرجەمەی چی هەیە، مەسەلەن ئەمن بۆخۆم تەرجەمەم کردووە، چووم کتێبی "جەک لەندەن"م کردووە بە کوردی، بەڕاستی ئێستە کورد پێش هەمووان پێویستیی بە "دان¬چەرموو"ی جەک لەندەنە؟ یان پێویستیی بە کتێبێکی مێژوویی هەیە، کە لەسەر کورد نووسراوە، بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بە ڕابردووی خۆیان ئاشنا بکرێن. یانی ئەگەر بەرنامەی بۆ دابنرابایە، هیدایەت بکرابایە، باشتر دەبوو لەوەی هەرکەسە بە سەلیقەی خۆی شت تەرجەمە بکات، ئەمن تەرجەمەم لە هەموو حاڵەتێکدا پێ باشە، بەڵام ئەگەر زەروورەتەکان بەرنامەیان بۆ دابنرێ باشترە، ئەوە شکی تێدا نییە.

پ/ زمانزانین مەرجە بۆ وەرگێڕان، یان ئایا ئەوەی زمانێک بزانێت دەتوانێت دەست بداتە وەرگێڕان؟
و/ هەموو وەرگێڕێک دەبێ زمانزان بێ، زمانزان بەو جۆرەی گوتم، یانی هەم زمانەکەی خۆی بزانێ هەم ئەو زمانەی کە لێیەوە تەرجەمە دەکا، بەڵام هەموو زمانزانێک وەرگێڕ نییە! هەر لەو کوردەوارییەی خۆماندا، بە سەتان هەزار کەس هەن، دوو زمان و چەند زمان دەزانن، بەڵام هەموویان موتەرجیم نین. چونکی تەرجەمە خۆی هەم زەوقە، هەم سەلیقەیە، هەم هونەرە. ئەو لێوەشاوەیییە لە هەموواندا نییە. کە وابێ هەرچی دوو زمان بزانێ موتەرجیم نییە، هەرچی موتەرجیم بێ دەبێ دوو زمان بزانێ. 

پ/ ئایا گرنگه‌ وه‌رگێڕ، بابه‌تێك، ده‌قێك، كتێبێك وه‌ربگێڕێت، كه‌ نزیك بێت له‌ جیهانبینیی خۆی؟ ئه‌گه‌ر سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب هه‌یه‌، ئایا دروسته‌ ده‌ست بۆ وه‌رگێڕانی نووسینی فه‌لسه‌فیی و هی تر ببات، كه‌ ڕه‌نگه‌ هیچی له‌باره‌ی ده‌سته‌واژه‌كان نه‌ژنه‌وتبێت؟
و/ ڕاستییەکەی ئەوەیە نەک جیهانبینی، ڕەنگە جیهانبینی مانایەکی تایبەتیی هەبێ، کە چۆن بۆ دنیا دەڕوانێ، بەڵام گرنگە ئەو کەسەی وەردەگێڕێ، شتێک وەربگێڕێ، کە لە زەوقی خۆی نزیک بێ، هۆگریی پێی هەبێ، مەسەلەن ئەمن ئێستە بچم کتێبێک لەسەر فەلسەفە تەرجەمە بکەم، زۆر تێیدا ناسەرکەوتوو دەبم. چونکی بۆخۆم فەلسەفەم نەخوێندووە، بە فەلسەفە و بە موستەلەحاتەکەی ئاشنا نیم، کەوابێ ئەوە خراپە، دەبێ وەرگێڕ شتێک وەرگێڕێ، کە لێیەوە نزیک بێت. هەموو موتەرجیمێک ناتوانێ هەموو بابەتێک وەربگێڕێ، تەنانەت لەو شتانەدا، کە دەکرێ وەریشیانگێڕین، ئەمن هەر خۆم چەند ڕۆمانم وەرگێڕاون، بەڵام ڕۆمانم خوێندووەتەوە تەماشام کردووە پێی ناوێرم، نەمکردووە. کەچی کەسی دیکە -ناوی نابەم-، ڕۆمانێک کە ئەمن خوێندوومەتەوە و تەرجەمەم نەکردووە چونکی پێی نەوێراوم، کردوویەتی بە کوردی، لە حاڵێکدا بۆ هەردوو زمانەکە لە من کۆڵەوارتر بووە. دیارە ئەوەی ڕەچاو نەکردووە، لە ئاکامدا وەرگێڕانەکەی سەرکەوتوو نییە. 

پ/ زمانپاراوی و ده‌كاربردنی وشه‌یلێ كه‌ كوردی نین، خۆ ئه‌گه‌ر كوردێنرابیشن، گه‌لێك ئێسك قوڕسن. به‌ نموونه‌: وشه‌ی وەک (موبه‌ق)، عه‌ره‌بییه‌كه‌ی (مگبخ)ـه، تا چه‌ند وه‌رگێڕی كوردی گرنگیی به‌و بابه‌تانه‌ بدات باشه، ئەی وشەی ناندێن چییە‌؟
و/ دیارە ئەگەر ئەو شەرتانە ڕەچاو بکرێن و کابرا ئەو شتانە وەرگێڕێ، کە لێیان دەزانێ و لەگەڵیان ئاشنایە کەمتر دوچاری ئەو گیروگرفتانە دەبێتەوە، بەڵام لەسەریەک وشە داتاشین خەراپە، لە حاڵێکدا وشە داتاشین زەروورەتە، چۆن چاکیشە و خراپیشە؟ ئێمە زمانەکەمان دەبێ پەرە بستێنێ، چونکی کۆمەڵ پەرە دەستێنێ، چونکی ئابووری پەرە دەستێنێ، چونکی زانست پەرە دەستێنێ، کە وابێ ئەو کەلیماتەی لە سنعەت و لە تەکنیک و لە ئابووری و ئەوانەدا دێنە ئاراوە، لە زمانی کوردیدا بەرامبەریان دەوێ، بەڵام نابێ هەر کەسمان لەبەر خۆیەوە کەلیمە داتاشێ. هەق وایە، -کە بەداخەوە حکوومەتی کوردی لەو بارەیەوە یەکجار زۆر بێخەم بووە-، لیژنەیەک هەبێ ئەو زاراوانە دابنێ، بۆ ئەوەی هەر کەس شتێک دانەتاشێ، ئەگەر ئەو لیژنەیە  ببێ، شتێکی باشە، چونکە ناکرێ بەو کەلیماتەی ٥٠ ساڵ پێش ئێستە لە زمانی کوردیدا هەبوون، وەڵامی ئەو بابەتانە بدەیەوە، کە ئێستە لە نێو کۆمەڵی کوردەواریدا کاریان پێ ¬دەکرێ. لەسەر ئەو نموونەیەی هێناتەوە (مەتبەخ و موبەق) یان (مەتبەخ و مدبەق) ئەمن لەگەڵ ئەوەم ئەو کەلیمەیەی لەهجەیەکی زمانی کوردی بەکاری دەهێنێ و خەڵک پێی ڕاهاتووە، لێی¬ گەڕێی باشترە. نازانم چەندم نووسیوە، یان چەند دەنووسم. ئەتۆ لە نووسینی مندا تووشی کاتژمێر نابی، چونکی "سەعات"م پێ لە "کاتژمێر" کوردیترە، لە حاڵێکدا سەعات، "ساعه‌"ی عەرەبییە. بەحەیاتم بۆت ناڵێم پێنووس و تێنووس و ئەوانە، چونکی پێموایە کتێب و قەڵەم هەزارجار کوردیترن، کە ناسراون و خەڵک پێیان ئاشنایە، ئەوە لە واقعدا، بە زمانی بێگانە و کەلیمەی بێگانە حیساب ناکرێ. پیاوێکی زۆر عالم، مامۆستای زانکۆ بوو لە تاران، دەڵێ ئەو کەلیماتەی ئێمە هێناومانن، خزمەتی زمانی خۆمانیان پێ¬ دەکەین، بۆ دەریان کەین، خەرج و بەراتێکمان لێ¬ ناستێنن، لە عەینی حاڵدا دەڵێ، زۆربەی ئەوانە، کە هاتوونەتە نێو زمانی ئێمە باجیشیان داوە، چونکی زۆر بەکەمی لە عەینی مەعنای خۆیاندا بەکار دەبرێن. مەعنایەکەیشیان گۆڕاوە. کە وشە دێتە نێو زمانی ئێمە، بەرگێکی کوردیی بەبەردا دەکرێ، ئێستە لای ئێمە مدبەق بەو جێیەی ناڵێن، چێشتی تێدا لێدەنرێ، بەو جێیەی دەڵین، کە نانی لێ ¬دەکرێ. لە حاڵێکدا خۆی مەتبەخە، یانی تەبخی لێ¬ دەکرێ، ئاشپەزیی لێ ¬دەکرێ، کەچی بە شوێنی نانکردنێ دەڵێین مدبەق.

وشەی ناندێن زۆر ئەسیلە بەڵام وشەی ناندێن بە مدبەق ناڵێن، ناندێن ئەو دەفرەیە، کە نانی تێدا هەڵدەگیرێ، لە گڵ دروست دەکرا، لە دار دروست دەکرا، تەنانەت هێندێ وەختان لە چەرمیش دروست دەکرا، ئەوە شتێکی کوردیشی لەسەرە دەڵێن: "نانیش دەخوا و ناندێنێش دەدڕێ." ئەوە بۆ چەرمەکەی دەبێ، دەنا ئەگەر بۆ گڵەکە یان دارەکە بێ دەبێ بڵێ نانیش دەخوا و ناندێنێش دەشکێنێ.



وشە - ژیڤان خۆرانی