نوورسی ئه‌و پیاوه‌ كورده‌ى تورك شانازى پێوه‌ ده‌كات

:: PM:06:49:10/01/2018 ‌
سەعید نوورسی یان سەعیدی کوردی ناسراو بە بەدیعوززەمان له‌ (٥ی کانوونی دووەمی  ساڵى ١٨٧٨ تا ٢٣ی کانوونی دووەمی ساَلى ١٩٦٠) له‌ دایک بووه‌، زانا و فەیلەسووفی کوردی ئایینی ئیسلام و نووسەری سەرجەمی پەیامەکانی نوور و مامۆستای کۆمەڵەی نوور بووه‌، لە سەردەمی خۆیدا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا زانایانی ئایینی ئەو کاتە ناسناوی بدیع الزمانیان (واتە ناوازەی سەردەم) لێناوە.

لە ٢٣ی ئاداری ساڵى ١٩٦٠، دا لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کردووە. بەڵام لە ١٢ی تەمووزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گۆڕەکەی هەڵدرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار، کە تا ئێستە نەزانراوە دوورخرایەوە.

بە شوێن کەوتووەکانی دەوترێت (نوورەکان) یان (کۆمەڵەی نوور)، کۆمەڵەی نوور ئەو کتێبانە دەخوێنن، كه‌ (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)ن کە پێکهاتوون لە چەندان بیروباوەڕی دینی له‌ جیهانى ئیسلامیدا به‌ڵام به‌ بۆچوونێكى نوێ.

گەورەترین کەسایەتی کوردی ئەم سەردەمە و مەزنترین زانایە، کە لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ناو نەتەوەی کورددا ناوى ھاتووەتە و ناوبانگی جیھانی بۆ دروست بووە، لە ڕووبەرێکی فراوانی سەر زەویدا سوود لە بەرھەمەکانی وەردەگیرێت.

زیاتر لە 103 کتێب و نامیلکە لەژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور) دا نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە، وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەکانی نوور بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن (ئیحسان قاسم ساڵحی)یەوە تەواو بووە و لە ١٠ دانە بەرگی قەشەنگدا و لە ھەردوو شاری ئەستەنبوڵ و قاھیرە چەند چاپێکی یەک لە دوای یەکیان تا ئێستە لێ بڵاو کراوەتەوە.

بەشێکی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەیش وەرگێڕدراون، کە تا ئێسته‌ کاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە وه‌ك: (ئەڵمانی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئوردوو، فارسی، ئیتاڵی، گوجەراتى، مەلایا، ڕۆمانی، چینی، بولگاری، پورتوگالی، ئەلبانی، بۆسنی، ئیسپانی، مەقەدۆنی، كوردى، عه‌ره‌بى، هیندى)، ھەروەھا گەلێ زمانی تریش.

لەو کاتەی کە "سەعیدی کۆن" گۆڕا بە "سەعیدی نوێ" کتێبی (فتوح الغیب) ی شێخ عبدالقادری گەیلانی کاریگەرییەکی گەورەی دروست کرد لەسەر سەعید نوورسی، بەشی زۆری (پەیامەکانی نوور) لە سەردەمی "سەعیدی نوێ" دا نووسراوە، سەعید نوورسی بە کورتی سەبارەت بە جیاوازی نێوان "سەعیدی کۆن" و "سەعیدی نوێ" دەڵێت " سەعیدی کۆن زیاتر بە پێی مێشکی دەڕۆیشت، بەڵام سەعیدی نوێ ھەم بایەخ بە مێشک دەدات و ھەم بە دڵیش"، لە دوای بەندینخانەی ئافیۆن لە ساڵی ١٩٤٨ بە قۆناغی "سەعیدی سێیەم" دادەنێت.

سه‌عیدى نوورسى له‌ به‌ناوبانگترین چیڕۆكه‌كانى ژیانى لە کتێبی (مێژووی-ژیان) نووسیویەتی: "کە لە گوندی "تاغ" بووم زۆر گرنگم پێ دەدرا بەڵام قوتابییەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو لەبەر ئەوە قسەی ناشرینیان پێم دەوت لەبەر ئەوە بڕیارم دا بگەڕێمه‌وە بۆ گوندەکەی خۆمان، دوای ئەوەی کە لە گوندی "تاغ" گەڕامەوە ھەفتەی یەک جار (کە کاک عەبدوڵڵای برام سەردانی ماڵەوەمانى دەکرد) دەرسی لێ وەردەگرتم. لە ماوەی پێنج ساڵدا لە قوتابخانەکانی "مەلا محەمەد ئەمین ئەفەندی ، میر سەعید وەلی و مەلا محەمەد ئەفەندی" دەرسم خوێند".

درێژه‌ى ئه‌و چیرۆكه‌ وەک لە پەیامەکاندا نووسراوە، کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا توانی "قورئانی پیرۆز خەتم بکات و بۆ ماوەی سێ مانگ لە قوتابخانەی شێخ محەمەد جەلالی بخوێنێت و وە ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کتێب بخوێنێتەوە و یەکسەر لەبەری بکات و ھەروەھا بێجگە لەو کتێبانەی، کە قوتابخانەدا دەی خوێندن زۆر کتێبی تریش بخوێنێتەوە. دوای ئەمە لەوێ ئیجازە وەردەگرێت و لەوێ دەڕوات. لەم ماوەیەدا گفتوگۆی زۆری لەگەڵ مامۆستاکانیدا دەکرد بەڵام قوتابیەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو ئیرەییان پێ دەبرد و ھەندێک جاریش دەبوویە شەڕیان. ڕۆژێکیان یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئاغای "جەزیرە" بە مەبەستی کوشتنی سەعید نوورسی دەیەوێت شمشێرەکەی دەربکات بەڵام شمشێرەکەی لە بەرگەکەی گیر دەبێت و ناتوانێت ھیچ بکات ، سەعیدیش دەیخاتە ئاوێکی ساردەوە و پاشان دەری دەھێنێتەوە. لە دوای ماوەیەک سەعید بۆ بەڕێ کردنی زستان دەگەرێتەوە بۆ گوندەکەیان".

شەوێکیان لە خەویدا دەبینێت، کە قیامەت ڕوویداوە و ھەموو خەڵکی بەسەر پردی "سرات" دا دەپەڕێنەوە، ئەویش دەڕواتە سەر پردی سیرات و ڕادەوەستێت تا دانە دانە ھەموو پێغەمبەران دەبینێت، لە کۆتایدا پێغەمەرمان "محەمەد(د.خ)" دەبینێت و لە خەوەکەی ڕادەچڵەکێت. بەھۆی ئەم خەوەوە داوای درێژە پێدانی خوێندن لە باوکی دەکات و لەسەر ئیزنی باوکی دەچێت بۆ قوتابخانەی "میر حەسەن وەلی" .

بەھۆی ئەوەی سەعید نوورسی لە بابەتە ھەرە ئاڵۆزەکان تێدەگەیشت و بە ماوەیەکی کەم کتێبی لەبەر دەکرد و بابەتە زانستیەکانی بە قوڵی دەزانی، بووە ھۆی سەرسامی "مەلا فەتحوڵا ئەفەندی" و بەو ھۆیەوە نازناوی (بدیع الزمان)ی لێنا.

لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٥-١٩١٧) لە جەنگی نێوان "دەوڵەتی عوسمانی" و "ڕووسەکان" لە شەڕی "قەفقاس" دا وەک بەرپرسێکی گەورە بەشداری لە جەنگی جیھانی یەکەمدا کرد.پاشان لە ساڵی ١٩١٦ دا لە شەڕی بەرگری کردن لە شاری بەدلیس لەگەڵ "ڕووسەکان" بریندارکراو بە ئەسیر کەوتە دەست "ڕووسەکان" ، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کەمپینی ڕووسەکاندا مایەوە. لە ساڵی ١٩١٧ لە کامپینی "کۆسترۆما" لە دەست ڕووسەکان ھەڵھات و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە. گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ چووە ڕیزی بەرزترین کۆمەڵەی فەتوای ئەو سەردەمە، کە ئەویش کۆمەڵەی "دار حیکمه‌ ئیسلامییه‌" بوو، بووە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵەیە.

پاشان سەرکردەکانی کۆمەڵەی "ھەڵاتنی کورد" داوایان لێ کرد، بچێتە کۆمەڵەکەیان، بەڵام سەعید نوورسی داواکەیانی ڕەت کردەوە. لە دوای ١٥ی شوباتی ١٩١٩ چووە کۆمەڵەی "ھەڵاتنی ئیسلام" و لەگەڵ کۆمەڵەی "المدرسیین" دا مایەوە کە پێک ھاتبوون لە "مستەفا سابری ، مامۆستا محەمەد عاتف و ساففەت ئەفەندی". لە ساڵی ١٩١٩ دا دەستی کرد بە نووسینی کتێبی "مەسنەویەی نوورییە".

تا ئێستە زیاتر لە ١٥ کۆنگرەی جیھانی و دەیان کۆڕی زانستی و پێشبڕکێی ڕۆشنبیری لە ئاستی جیھاندا لەسەر کراوە و دەیان کتێب و سەتان لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە، چەندان بەڵگەنامەی زانکۆییشی لە خوێندنی باڵا لە سەر وەرگیراوە.

دواھەمین کۆنگرەی جیھانی لەسەر مامۆستا سەعید نوورسی لە شاری ئەستەنبوڵ لە بەرواری (٢٠١٠/١٠/٣) دا سازکرا و چەندان کەسایەتی زانستی لە (٤٤) وڵاتەوە بەشدارییان تێداکرد، کە توێژەرانی (٣٣) وڵات لەوانە (١٠٥) توێژینەوەی زانستییان پێشکەش کرد.

بەرهەمەکانی به‌دیعوزه‌مان ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ن:

1- وتەکان.
2- مەکتووبات.
3- بریسکەکان. 
4- تیشکەکان .
5- پاشبەندەکان.
6- پاشبەندەی بارلا.
7- پاشبەندەی قەستەمۆنی.
8- پاشبەندەی ئەمیرداغ.
9- مێژووی ژیان.
10- الإشارات الإعجاز.
11- مەسنەوی نوورییە.
12- سکەیی تصدیقی غەیبی.
13- عەسای موسا.
14- زولفەقار.
15- سراجی نوور.
16- تلسمەکان.
17- ئاساری بەدیعیە.
18- موحاکەمات.
19- مونازەرات.
20- خوتبەی شامیە و خوتوواتی ستە.
21- شەهادەتنامەی دوو مەکتەبی موسیبەت.

له‌گه‌ڵ چه‌ندان به‌رهه‌مى فه‌وتاو و بڵاونه‌كراوه‌ى ئه‌و زاته‌ گه‌وره‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: aljamaa - wikipedia


















وشە - محەمەد میران