کتێبی "گەمەی شەیتان" چاپ و بڵاو کرایەوە

:: PM:07:57:10/01/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم ١٠ کانوونی دووەم، کتێبی "گەمەی شەیتان خوێندنەوەیەکی گەمە سیاسییەکان له ڕۆژهەڵاتی نێویندا"ی نووسەر و ڕۆژنامەنووس ستیڤان شەمزینی، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ستیڤان شەمزینی لەبارەی کتێبەکەیەوە بە "وشەی"ی ڕاگەیاند: "کتێبە تازەکەم بەناونیشانی "گەمەی شەیتان خوێندنەوەیەکی گەمە سیاسییەکان له ڕۆژهەڵاتی نێویندا" ئەمڕۆ لەسەرانسەری کوردستاندا بە تیراژی ١٠٠٠ دانە و له توێی ٢٨٤ لاپەڕەدا دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران. ئەم کتێبە باسەکانی له نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ نووسراون و سەرجەمیان بریتین له خۆێندنەوەی دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زمانی شیکردنەوەیش زمانێکی ڕۆژنامەوانی رووتە و کتێبەکەیش له نۆ بەش پێکهاتووە."

ڕوونی کردەوە: "بەشی یەکەم باسێکی پێنج چاپتەرییە بەناوی "کورد له عێراقی دوای سەدام حسین" بەشی دووەم شرۆڤەکارییەکە لەبارەی کەرکووک و بەشی سێیەم دەستێوەردانی دەرەکی لەکاروباری عێراقدا و ڕەنگدانەوەی لەسەر کورد تەرخان کراوە. بەشی چوارەم خوێندنەوەیەکە بۆ پڕۆژەی ئەمریکی له عێراقدا بەناوی "ئەمریکا له زەلکاوی عێراقدا" بەشی پێنجەم خۆێندنەوەیەکی سیاسیی مێژووییە لەسەر کاریگەری سوپا لە عێراقدا لەسەر شێوەی فەرمانڕەوایی. بەشی شەشەم شیکارییەکی مێژوویی و قانونییە له بارەی کێشەی گەلی کلد و ئاشوورەوه چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی کوردستان. بەشی حەوتەم شرۆڤەکارییە لە ژێر ناوی "کورد و ئەمریکا.. گۆڕانکارییە سیاسییەکان" باس لەشیوازی مامەڵەی کورد دەکات لەگەڵ ئەمریکا. بەشی هەشتەم خوێندنەوەیەکی درێژە بۆ قەیرانی ئەتۆمی ئێران لەژێر ناونیشانی "قەیرانی ئەتۆمی .. شەمەندەفەری مەرگی ئێران". بەشی نۆیەم و کۆتایی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسیی پاکستان بە تایبەت له دوای تیرۆری بێنەزیر بۆتۆی سەرۆکی پێشووتری پاکستانەوه، تەرخانە."



وشە - ژیڤان خۆرانی