سەربردەی وەفایی ناسکوێژ

:: PM:11:51:10/01/2018 ‌
ژیانی شاعیری پایە بەرز وەفایی

میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی (١٨٤٤) له شاری مەهاباد لە دایک بووە. وەفایی کوڕی مەلا غەفوور کوڕی مەلا نەسڕوڵا، یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان. خوێندنی سەرەتایی و بەرنامەی حوجرەی مزگەوتی لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لەوێش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە و تەنیا میرزایان پێ گوتوە. ھیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نییە مەلایەتی کردبێ، بەڵام قوتابخانەی تایبەتی خۆی ھەبووە و وانەی بە منداڵان گوتوە و پێی ژیاوە.

وەفایی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی لە مەڵبەندی خۆی مەھاباد بردووەتە سەر. لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیاری بووە. لە دوای ئەوە لە جێگەیێک ئۆقرەی نەگرتووە لە ھەکاری وڵاتی شێخ عوبەیدوڵای نەھری و شاری سلێمانی ژیاوە. چوونە حەجیشی لەو سەردەمانەدا کاتی زۆری ژیانی شاعیری بۆ خۆی بردووە. وەفایی به سه رنه فسی خویدا زاڵ بووه، زەکات و سەرفترەی وەرنەگرتووە، مووچەی فەقێیاتی نەویستووە. شێخ عوبەیدوڵای نەھری شیعری وەفایی بەدڵ بووە، لەو ڕێگەیەوە ناسیویەتی، خۆشی ویستووە لەبەر ئەوە لێی نزیک بووەتەوە. ماوەیەکی درێژ لای ژیاوە، شیعری بۆ خوێندووەتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ بەڕێوە بردووە.

وەک لە ژیانی شاعیر دەردەکەوێ چوونە حەج لە لای جۆرە ئارەزووێکی لا درووست بووە لە وانەیە بەھۆی ھەڵوێستی بەرانبەر ئایین و حەزکردن بەگەشت ئەم ئار‌ەزووەی لا درووست بووبێ. لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٠ ز وا دەردەکەوێ ماوەیەک تێیدا ژیاوە و لە ساڵی ١٩٠٢ز حەجی سێیەمی کردووە. قسەی وایش ھەیە لە ساڵی ١٨٩٨ ز لە گەڵ شێخ سەعید حەفید چووە بۆ ئیستەنبوڵ و لەوێوە لەگەڵی ڕووی کردووەتە وڵاتی حیجاز. ھەرچۆنێ بێ وەفایی لەگەڵ‌ کاروانی شێخ سەعیدی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و شێخ مستەفای شێخ عەبدوسەمەدی قازی و حاجی تۆفیقی پیرەمێرد چووه بۆ حەج، ئەگەر ھەمووشیان لەو کاروانە دا نەبوو بن لەڕێگەی گەڕانەوە ئەو کەسانە پێکەوە گەڕاونەتەوە.

لە سارای عەرەبستان لە سەردەمی گەڕانەوەی ئەو حاجیانە وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری دەبێ، مەرگ ماوەی نادا و ئەنجام لەو وڵاتە دوورەدا کۆچی دوایی دەکا و لە ناو لمی بادیەی عێراق یا بیابانی شام لە لایەن ھەواڵەکانییەوە لە ساڵی ١٩٠٢ز دوور لە نیشتمان بە خاک دەسپێردرێ. 

پیرەمێرد دەڵێ: "بەدەستی خۆم لە بیابان وەفاییم ناشتووە."

نموونەیەک لە شیعرە جوانەکانی وەفایی شاعیر:

تا بادی خەزان دایە گوڵ و بەرگی ڕەزانم
سەد جێ وەکو بولبول لە جگەر داغی خەزانم
وەک بەرگی گوڵم دی کە بە با چوو بە ئەسیری
کڕ کەوتم و شێت بووم، حەپەسام، لاڵ بوو زوبانم
قومری وەرە هەتا دەمرین پێکەوە بگرین
تۆ سەرووی ڕەوانت چووە، من ڕۆحی ڕەوانم
بولبول وه‌ره‌ تا ڕۆحی من و تۆیه‌ بناڵین
تۆ باغی گوڵانت چوو، ئه‌من داغی دڵانم
ئه‌ی مه‌عده‌نی شیر و شه‌كەر، ئه‌ی گوڵبه‌ر و دڵبه‌ر
ئه‌ی تازه‌ گوڵی داره‌ گوڵی باغی جینانم
که‌س سیڕڕی ده‌م و عیشقی میانی نه‌ده‌زانی
ئه‌شکم بوو‌ه‌ غه‌ممازی هه‌موو ڕازی نیهانم
تۆ چونکه‌ له‌ له‌یلا گه‌لێ شیرینتری‌ بۆیە
مه‌جنوونی ده‌ر و ده‌شتم و فه‌رهادی زه‌مانم
ئیشم هه‌موو ناڵینه‌ له‌ ئێشی دڵی ڕێشم
کارم هه‌موو گریانه‌ له‌به‌ر ده‌ردی گرانم
بۆ گەردەنی تۆ بوومە ئەسیری سەری زوڵفت
 من مورغی شەباوێزم و عاشق بە بەیانم
جان بەخشە دەڵێن ماچی دەمت وەختی تەبەسسوم
تا کەی بمرم موعجیزەی ئەم سیڕڕە نەزانم
جەزبه‌ی نیگه‌هت خۆشی نه‌هێشتم -به ‌برۆی تۆ-
قیبله‌م چووه‌ تا مه‌ستی مه‌یی پیری موغانم
فه‌رمووی: که‌ له‌گه‌ڵ هاتم ئه‌تۆ ڕۆح بده‌، چاوم!
سا ساقی، ده‌جا جامێ که ‌هه‌روا نیگه‌رانم
چاوت بە نیگەهـ کردن و زارت بە تەبەسسوم
هاتن بە تەمای غارەتی عەقڵ و دڵ و جانم
ئەو دەستە سوارێکە ئەمیش تازە بەهارێ
ئەو ڕاو و شکارێکە، منیش کاس و نەزانم
کێو هاتە سەدا و ناڵە بە هاواری 'وەفایی'
جارێکی لە تۆ کاری نەکرد ئاهـ و فوغانم!

سەرچاوە/ 
-مێژووی ئەدەبی کوردی، د. مارف خەزنەدار.
-دیوانی وەفایی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس.
-مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی.
-ئەدەبی کۆن، د. ئیبراهیم ئەحمەد شوانی.



وشە - ژیڤان خۆرانی