مێژووی ژیان و ماڵباتی بێبەشی شاعیر

:: PM:11:43:13/01/2018 ‌

مەلا مەسعوود بێبەش لە پێشەکی دیوانەکەی خۆیدا بە کورتی و پوختی بەم شێوەیە باسی لە ژیانی خۆی کردووە و نووسیویەتی: (لە ساڵی ١٩٣٢ لە شاری هەولێردا هاتوومەتە دنیایە. کوڕی حاجی عەبدوڵای شەنەغەییم. باوکم و باپیرانم لە خێڵی (شوان)ن. باوکم لە کۆنەوە هاتووەتە هەولێر و لە لای مەلا ئەبوبکر ئەفەندی "مەلا گچکە" خوێندنی ئاینی تەواو کردووە.

لە پاش ئەوەی، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لای مەلای گەورەی شاری کۆیە ماوەتەوە. لە ساڵی ١٣٤٥دا، دەستووری مەلایەتی پێدراوە و ئینجا هەر لە شارە خۆشەویستەکەی هەولێر و لە مزگەوتی گەورەی بازاردا بە خەتیب و پێش نوێژکار دامەزراوە و لەساڵی ١٣٨٩ دا ئەمری خوای بەجێ هێناوە.

لە ساڵی ١٩٥٦ی زایینیدا، بۆ یەکەم جار تەجویدی قورئانم گۆڕیە سەر زمانی شیرینی کوردی و لە ساڵی ١٩٧١دا، بەشێکم لە دیوانەکەی خۆم بڵاوکردووەتەوە و لە ساڵی ١٩٨٤دا، هەندێ لە پێنج خشتەکییەکانم بڵاو کردنەوە.)

كورتە باسێك دەربارەی بنەماڵەی مەلا عەبدوڵای شەنەغەیی، کە لە کتێبی "هەولێرم وا دیوە و بیستووە"دا هاتووە: (باوكی مه‌لا مه‌سعوود بێبه‌ش، حاجی مەلا عەبدوڵای كوڕی مەلا ئیسماعیلی كوری مەلا عەبدوڕەحمانی كوری مەلا عوسمانی كوری مەلا پیرۆتە و بە مەلا عەبدوڵای شەنەغەیی ناوبانگی دەركردووە، لەو بابە شەشەمین برایە.

ساڵی ١٨٨٨ زاینی لەناوچەی (شوان)ی گەرمیان و لە گوندی سێكانیان، لە ماڵباتێکی جوتبەندە و مەلا زادە و شیعر و ئەدەبدۆست و ئاین پەروەر لە دایك بووە، هەر لە منداڵییەوە شوانی و جووتیاری كردووە و لە مێردمنداڵیدا لای باوكی دەستی بە خوێندنی ئاینی كردووە و شارەزاییەكی باشی لە ئەدەبیاتی كوردی و فارسی و عەرەبیدا پەیدا كردووە. لەو هەر سێ‌ زمانەیشدا باڵا دەست بووە و شیعریانی پێ نووسیوە، بۆ فەقێیەتی و زیاتر ئاشنابوون چووەتە كوردستانی ئێران و ماوەیەك لە لای مەلا ناودارەكاندا ماوەتەوە و پاشان ڕووی كردووەتە پشدەر و لەوێش ماوەیەك بۆ خوێندن ماوەتەوە.

بۆ ماوەی هەشت ساڵ لای مەلا محەمەدی كۆیی "مەلا گەورە" بۆ خوێندن ماوەتەوە و زۆریش بیر و بۆچوونی بوێرانە و چاو نەترسانەی مەلای گەورە كاری تێكردوون. لە سەرەتای سییەكاندا ڕووەو هەولێر هاتووە و لای مەلا ئەبو بەكر ئەفەندی "مەلای گچكە" خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٣٤٥ كۆچی هەر لەبەر دەستی ئەو ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٣٠ و لە ماڵباتێکی كۆنی هەولێریان ژنی هێناوە و هاوسەرەكەیشی مەلا بووە و بەنێوی مەلا "سوڵتانە" و قوتابخانەی لە ماڵەوە بۆ كیژانی شار کردووەتەوە. لە سەرەتای چلەكاندا لە مزگەوتی گەورەی ناو بازار بە "ئیمام و خەتیب" دامەزراوە و هەتا دوا رۆژانیشی هەر لە مزگەوت بووە.

لە مقاماتدا دەسباڵا بووە و مەولوود نامەیەكی بە كوردی نووسیوەتەوە و لە مەولوودە تایبەتییەكاندا خوێندوویەتی. بۆ یەكەم جار و لە ناوەڕاستی پەنجایەكاندا خوتبەی جومعەی كردووە بە كوردی و لە مانگی ڕەمەزانیشدا هەر بە كوردی وەعزی داوە. تەدریسی كردووە و چەند فەقێش لە لایدا خوێندوویانە و زۆربەی زۆری مەلا ناودارەكانی هەولێر دۆستی هەرە نزیكی بوون و هاموشۆی یەكتریان كردووە و لە هەمان كاتیشدا ژوورەكەی خۆی لە مزگەوت دیوەخانەیەك بووە بۆ موناقەشە و شەڕە شیعر. خودا ١٢ كوڕ و كچی داوەتێ‌، بەڵام زۆربەیان بە جۆرەها نەخۆشی مردوون و تەنیا دوو كوڕ و كچێكی لە پاش خۆی بەجێماون. "مەلا مەسعوود بێبەش"ی شاعیر و "مەحموود زامدار"ی نووسەر و ڕۆژنامەنووس. پشت لە دنیا و سۆفی مەشرەب و سەر بە ڕێبازی نەقشبەندی بووە. لە ساڵی ١٣٨٩ی كۆچی بەرانبەر ١٩٦٩زدا، فەرمانی خوای گەورەی بەجێهێناوە و لە گۆڕستانی گەورەی شار نێژراوە.

هێندێک لە چوارینەکانی بێبەش:


کە بیرم لێ کرد دەستم دا قەڵەم
(ملا) وەرگێڕی ئەبێ بە (ێ‌لم)
سەرنجدە (ێ‌غا) وەک یەک دەچێ
لە پاش و لە پێش بێ زیاد و کەم


کورد زندی کوژی مردی پەرستە
تا ماوە دژی پیاوی بە هەستە
سەیرە، کاتێ مرد یادی بۆ دەکەن
دێنە سەرگۆڕی دەستە بە دەستە


ئەمن ناڵبەندم ناڵ پاشا ئەکەم
برام (پاشا)بێ لێی حاشا ئەکەم
مەشهوورم (بێبەش) هەژار پەروەرم
هەژار دەستکەوێ، تف لە شا ئەکەم


کورد دەبی کورد بمێنێ، شەرتە و شەرتیەتی
کوفرە لایان گەر هەیان بێ یەکیەتی
زۆرمان دی یێکە کورد بوو کورتی کرد
دایە پوول و پارە خۆی و غیرەتی


گەر بدۆزرایە پیاو بۆ ئیش نەوەک ئیش بۆ پیاو
ئیشی بۆ وا لێ ئەهات کوردی هەژاری بەشخوراو
ئەگەر پیاو ئازایە تەنیا مافی چاکی خۆی هەیە
ئیش دەبێ بدرێتە دەستی پیاوی ژیر و لێ وەشاو


من لە سایەی عەقڵەوە دیتت، کە عەقڵم تێک ئەچێت
سەد سوپاس بۆ زاتی خوا بێ، هەر شتێک لەو بۆ مە بێت
تۆ، کە گوڵ نابی مەبە دڕکی گەلی خۆت ئەی نەفام
تێک ئەچم کاتێ ئەبینم کردەوەی بێ جێوڕێت


کورد وەکوو چاو وابێ وایە خەڵک ئەبینێ بەر لە خۆی
بۆیێ قەت ناگاتە ئامانج تێکی داوە سەر لە خۆی
سەیرە ژیر بێ کاری کارە کاربەدەستە نا بەکار...
گەر لەسەر ئەم بەزمە بڕوا تێک ئەچێ هەر لە خۆی


سەرچاوە/ 
-دیوانی بێبەش، مەسعوود بێبەش، یەکەم چاپی ساڵی ١٩٨٥، شوێنی چاپ و چاپخانەی لەسەر نییە.
-هەولێرم وا دیوەو بیستووە، سەید مەولوود بێخاڵی، بەرگی سێیەم، ٢٠٥٥ هەولێر.





وشە - ژیڤان خۆرانی