شەپۆڵێک بەفروباران ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

:: PM:05:35:15/01/2018 ‌
كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، شەپۆلێكی بەفروباران لەچەند ڕۆژی داهاتوو ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی كانوونی دووەم، بژار ئەكرەم لێپرسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی پێشبینییەكان لە ڕۆژی چوارشەم گۆڕانكاری لە كەشوهەوای ناوچەكانی هەرێم دروست دەبێت و شەپۆلێكی بەفروباران روو لەناوچە جیا جیاكانی كوردستان دەكەن.

زیاتر گوتی، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆڵی بەفروبارانە، بەفربارین زۆربەی ناوچە شاخاوییەكانی دەگرێتەوە.

هاوكات بەپێی پێشبینییەكان، سبەی سێشەم ئاسمانی كوردستان لە ژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی توركیا دەبێ، لە هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك ئاسمان نیمچە هەور دەبێ، بەرزترین پلەی گەرما 16 پلە و نزمترین پلەش پێنج پلەی سیلیزی دەبێ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم