ژیاننامەی مەلا حەسەن نەوحی زەنگنە شاعیر

:: PM:08:45:15/01/2018 ‌
نەوحی ناوی تەواوی حەسەن کوڕی سۆفی عەبدولحەسەن کوڕی محەمەد کوڕی کوێخا ڕۆستەمی زەنگنەیە. دایکی ناوی خاتوو (فاتیمە کچی حەمە عەزیز زەنگنە)یە. نەوحی لە ساڵی ١٩٠٠دا لە گەڕەکی (سەرپەچەی خواروو) لەنێوان خانەقای (حاجی شێخ مستەفا) و مزگەوتی (مەلا برایم) لە شاری (سەقز) لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە دایک و باوکێکی کورد لە دایک بووە.

لە دەوروبەری شارۆکەی (سەقزی) سەر بە شاری سنە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەستی بە خوێندن کردووە، لەپێناوی خوێندن و بەدەستهێنانی زانیاریدا، لە تەمەنی لاوێتیدا بە تەنیا و لە ساڵی ١٩٢٦دا بە فەقێیەتی دێتە باشووری کوردستان و گەلێ ئەم گوند و ئەو گوندی کردووە و شارەکانی کوردستان گەڕاوە. ئیتر بۆ هەمیشە لە دەڤەری گەرمیانی کەرکووک ماوەتەوە و بۆ شارۆکەی (سەقز) نەگەڕاوەتەوە.

جگە لە زمانی دایکی، فارسیی و عەرەبیشی بە چاکی زانیوە. لە پارچە کاغەزێکدا دەنووسێت (پاش خوێندنی فارسیی و کوردی، لە ساڵی ١٩٢٩دا، دەستم بە خوێندنی عیلمەکان کرد، لە ماوەی هەشت ساڵدا توانیومە ئیجازە وەربگرم.) لەلای مامۆستا (ساڵح ئەفەندی قەرەداغی) لە (خانەقی) بۆ ماوەی دوو سال خوێندوویەتی دواتر چووەتە شاری کفری، بۆپ ماوەی پێنج ساڵ لەلای (مەلا سەعیدی موفتی سیوەیلی) خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٩٣٦دا بۆ شاری کەرکووک چووە و لەلای مامۆستا (مەلا تاهیری کەرکووکی) بۆ ماوەی ساڵیک خوێندوویەتی و هەر ئەو مەلایەیش لە ساڵی ١٩٣٧دا ئیجازەی مەلایەتی داوەتێ.

مەلا حەسەن لەگەڵ چەند ناودارێکی کورددا، ئاشنایی و دۆستایەتی هەبووە، لەوانە (مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی) مامۆستا (شوکر مستەفا) و (فەقێ ڕەشید ئاغای زەنگنە) شاعیران ناری و قانع، بە دەیان ناوداری تریش. لە ساڵی ١٩٣٨دا، ئاشنایەتی لەگەڵ (شێخ عەلی کوڕی شێخ محەمەدی حیسامەدینی تەوێڵە)دا پەیدا دەکات، تەریقەتی نەقشی بەندی لەوەوە وەردەگرێت و بەپیری خۆی دای دەنێت.

لە پاش مردنی ویستوویەتی دەست لە خوێندن هەڵبگرێت، بەڵام فاتمە خانمی دایکی بەمە ڕازی نەبووە و بۆ بەردەوام بوونی بووەتە هاندەری تەواوکردنی خوێندنەکەی. لە پاش وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی وردەواڵە و کتێبەکانی دەپێچێتەوە و بۆ ئاوایی (دوازدە ئیمام) دەڕوات. لەوێ، دەبێتە مەلای گوندەکە و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە. لە دەروبەی ساڵی ١٩٤٣دا، دەڕواتە ئاوایی (مەلا ئۆمەر) و لەگەڵ (حەمدیە) خانمی کچی (کەریم زۆراب) دا زەماوەندە دەگێڕن و دەبنە هاوسەر و خێزانێکی هەشت کوڕ و سێ کچ پێک دەهێنن. ئینجا بۆ ئاوایی (کانی قادر) دەڕوات و لەوێشەوە بۆ ئاوایی (ئاوباریک)ی سەر بە قادر کەرەم. 

مەلا حەسەنی شاعیر، پیاوێکی هەقپەروەر، ڕاستگۆ، بوێر، قەڵەم بە دەستێکی بەتوانا و دەستوخەت خۆش بووە، کاری دوورمان و دروستکردنی خانوو و کۆشک و تەلاردا هەبووە. ئارەزووی لە ڕاو و سەیران و سواری بووە. هەمیشە ڕوو خۆش و دەم بە پێکەنین و میواندۆست بووە، شاعیر لە مێژووی ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٦دا بە نەخۆشی زەحیری لە نەخۆشخانەی شارۆکەی خوورماتوو کۆچی دوایی کردووە.

بەشێک لە چوارینەکانی نەوحی:

سەیری باغی قازی بۆ ناکەی گوڵێ فەتوا ئەدا؟
سەر چڵی داری بە یاری بۆ نەیار ئیمزا ئەدا
ڕووی لە ئێمە دڵ لە ئەولا کۆمەڵانێ قاو ئەدا
سائیلی مەزهەب خەتایە چوار و پێنج فەتوا ئەدا

چاوی مەستی تۆ نەبێ کێ جەردەیی ئیمان ئەکا؟
چەتری زوڵفت وا بەسەر گۆناتەوە سەیران ئەکا
داغی خاڵی لێوی تۆیە وا دڵم بریان ئەکا
جار بەجارێ چاو هەڵێنم بۆی بە کوڵ گریان ئەکا

پیشە و مەکری ئەتۆیە ڕۆژیشەو شەو دەرئەکا!
گوایێ ڕۆژی ڕووتە خاڵت وا لە پێچە دەرئەکا
ئەو بە فێڵ و سەد نەزاکەت شێر لە بێشە دەرئەکا
قوڕ بەسەر کوردی نەزانی هەردەکەی ڕێ دەرئەکا

چاوی بیمارت عەزیزم شایەتە جووتێ برۆت
هەر ئیشاراتی لەبۆ من شەو شیفایە بێ درۆ
لەنجەکەت فەسڵی قەریب و غەمزویە موختەسسە بەخۆت
کوا وجوودی بوو لە غەیری تۆ بە لەنجە بێ بڕۆ

چاو نەبێ دڵ بۆ خەیاڵی یار ئەگەر، هاوار ئەکا
دڵ پەسەندی گەر نەکا چاو کەی بەدوویا ڕا ئەکا
خوێن لەسەرچاوەی دەروونا دەشتی دڵ پاراو ئەکا
هەم خەتای چاوە عەزیزم چاوی نەرمی ڕاو ئەکا

ڕووتە ڕێبینی گەلی کوردە وەکوو قیبلە نووما
ئایەتی خاڵی سەری گۆناتە حوکمی کارەبا
ڕائەکێشێ کوردەواری دێتە مەیدانی وەفا
دوور بڕۆ وەک تێلی ڕادیۆ وانەمان بۆ یەک دەبا

تەمەن لە بیستا گەیاندم بە شەست
لە خۆڵی بەرپێت دوو دیدەم پێ ڕەشت
ئێستا بیناییم خەریکە کز بێ
بە هیوا گەییم بە پلەی سروشت
--------------------------------------------------
* شاعیر ئەم چوارینەیەی لە تەمەنی شەست ساڵیدا وتووە، واتە لە ساڵی (١٩٦٠)ز، هەر لەو ساڵەدا تانە کەوتۆتە سەر چاوی.


هەر نەزانین بوو لە مێژێ وا بڵاوەی کردە کورد
پیشەیێ وا فێر نەبوون پێی سەرکەون بۆ گردی کورد
نازی بێگانە ئەکێشن بۆ کوتاڵ و شەکری ورد
پێنەگەی! وا پێنەگەیووی هەڵپەیەکە دەست و برد*
-------------------------------------------------
* بۆ گردی کورد: بۆ کۆمەڵی کورد، بۆ کۆکردنەوەی کورد.


ئەی خوا خێوی هەموومان تۆی پزیشکی دەردەدار
کوردە بیماری هەزارە و خانە وێرانە و هەژار
تۆ بە ئاو و خاکی خۆ دەرمانی دەردێکە و تیمار
تاڵ و ژارە ئەم ژیانە بۆ کەسێکی زانیار

نووکی برژانگت وەکو خەنجەری پۆڵای سەوزەوار
ڕیز ئەبەستێ بۆ جەرگ کون کردنی دەستەی زەوار
سەرچەمی وەسڵت کە لافاو ڕێژە بە من نادا بوار
چونکە کوردم بێ دیار و بێ بەهار و بێ هەوار

ئێمە ژین و بیرمان هاوێشتە زوڵف و خاڵی یار
پیشەیە بۆ پاشە ڕۆژ پێر نەبووین بیکەینە کار
سەیری بێگانە لە عاسمان ئەقڵەبازە بۆ خوار
تازە پێی ناگات و بمرێ چاترە کوردی هەژار

من غەریب و دەربەدەر تۆ گوڵ بەدەست و گوڵ بەسەر
تۆ لە شاری کەیف و خۆشی من بەدەر خاکم بەسەر
من لە پۆلی عاشقان بۆ ناژمێری موو کەمەر؟
چۆن سەرۆکی وا ئەبێ ئەی پڕ جەفا، ئەی پڕ هەنەر؟*
---------------------------------------------------
* مووکەمەر: موو: تاڵە موو
کەمەر: ناوقەد، واتە: ناوقەدی ئەو ئازئزە زۆر باریکە هەروەک موو.

سەرچاوە/ دیوانی مەلا حەسەن نەوحی زەنگنە، هەردەوێڵ کاکەیی، چاپخانەی شڤان، چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠.



وشە - ژیڤان خۆرانی