سەربردەی شێخ نووری شێخ ساڵحی شاعیر

:: PM:11:41:16/01/2018 ‌
شێخ نوری شێخ ساڵح بەرزنجی لەدایک بووی ساڵی 1896 زاینییە، شێخ نوری سەرنووسەری ڕۆژنامە و شاعیر و چالاکوانی کورد بوو، شێخ نوری دیوانی خۆی هەیە، کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1970 بڵاو کراوەتەوە. لە سەردەمی شانشینی کوردستان و مەلیک مەحمووددا شێخ نوری سەرنووسەری بانگی کوردستان بووە و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان بووە.

شاعیر، ناوی تەواوی شێخ نووری کوڕی شێخ ساڵحی کوڕی شێخ غەنی کوڕی سەید عەبدولقادری کوڕی سەید حەسەنی کوڕی سەید بابا ڕەسووڵی گەورەیە، لەم شەجەرەیەدا، دەردەکەوێت ساداتی بەرزنجەیە. شێخ نوری شێخ ساڵح بەرزنجی لەدایک بووی ساڵی 1896 زاینییە، لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی (دەرگەزێن) لەدایک بووە، چاوی بۆ ئەفسانەکانی ژیان و نهێنییەکانی کردووەتەوە، ئەم مێژووە بووەتە لاپەڕەی ژیانی منداڵێک، کە لەدواییدا شوێن و پایەیەک بۆ خۆی دیاری دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریی ناوی تەواوی (محەمەد شێخ نووری شێخ ساڵح)ـە، ئەو ناوەیش لەسەر فۆڕمی (دەفتەر خدمە)کەیدا بە دەستخەتی خۆی نووسراوە. بۆیە دەبینین سەرجەم شیعر و وتارە بڵاوکراوەکانی بە واژووی خۆی (م. نووری)یەوە بڵاو کردووەتەوە، کە کورت کراوەی (محەمەد نووری)یە. دایکی ناوی ڕەحمە خانمی کچی قادری حاجی ڕەسووڵی حەمە ئاغای گووروونی ڕۆستەم ئاغایە، کە ڕۆستەم ئاغاش کوڕەزای (زوڵاڵ ئاغایە). ئەمەیش یەکێک بووە لە جەنگاوەرە دلێرەکانی دوازدە سوارەی مەریوان. ڕەحمە خانمی دایکی شەش کوڕ و کچێکی هەبووە، وەک دیارە شێخ نووری نۆبەرەی دایکی بووە، دایکی لە تەمەنی 75 ساڵیدا، لە ڕۆژی هەینیدا، لە ساڵی 1941دا کۆچی دوایی کردووە. 

شێخ غەنی باپیری بە کاروباری بازرگانییەوە خەریک بووە، ماڵاتی هەبووە و خەریکی سەلەم و تووتن کڕین و فرۆشتن بووە. ژنی بۆ هەرسێ کوڕەکەی هێناوە و هەریەکێکیانی لە خانووێکی سەربەخۆدا نیشتەجێ کردووە. ئینجا شێخ ساڵحی باوکی شێخ نووری بە پیشەی بازرگانییەوە خەریک بووە. یەکەم جار لە وڵاتی ئێرانەوە کەلوپەلی دەهێنا و لێرەوە کەلوپەلی دەبردەوە ئەوێ. لە ساڵی 1912 وازی لە هاتوچۆی دەرەوەی عێراق هێناوە. لەناو عێراق دەستی بە بازرگانی کردووە، تووتن و پیستە و خوری بۆ بەسڕا بردووە. هەروەها لەوێش ئەو کەلوپەل و پێداویستییانەی لێرە دەست نەکەوتووە لەگەڵ خۆی هێناویەتییەوە. لە ساڵی 1914ەوە هێزی بازرگانی نامێنی و شێخ نووری و شێخ برایمی کوڕی دەست بەکار دەبن. ئەم دوو برایەیش هاموشۆی وڵاتی ئێران دەکەن و شێخ نووری لە تەمەنی 16  ساڵییەوە دەکەوێتە بەر زەحمەتی نان پەیداکردن.

شێخ نووری وەک نەریتی باوی ئەو سەردەمە خراوەتە بە خوێندنی حوجرەوە، لەسەر دەستی مەلایانی زانا و دانا خوێندوویەتی. لەوانە مەلا سەعید زڵزڵەیی و بابا شێخ عەلی و خواجە ئەفەندی. ئەحمەد خواجە لەبارەی خوێندنی شێخ نوورییەوە دەلێ: (چایخانەکەی وەستا بستە بەشەو لەلای سەید حەسەنی سەعاتچییەوە شانامە دەخوێنرایەوە، پڕ دەبوو لە گوێگرانی داستان، ئەو داستانەیش وەک تەلەفزیۆن و سینەمای ئێستە جێگیر بوو. بەڵام ئێمە کۆمەڵێک خزم و دۆست بووین، کە لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووین، نەک لەبەر شانامە، بەڵکو بەبێ دەنگی نێرگلەم بە ئارەزوو دەکێشا. شێخ نووری پێی گوتم نێرگلە باش نییە و ئێمە خزم و دۆستین. شێخ نووری پێی گوتم هەتا مردن خۆم بە بەندەی خواجەی باوکت دەزانم، هەر سەرمایەکی هەمە لە سایەی ئەوەوەیە.)

شێخ نووری دڵی چووەتە کچە پوورێکی خۆی، بەهۆی پێنەدان و بەشوودانی کچەکە باوکی لەگەڵ خوشکەکی زویر دەبن و شێخ نووریش تاهەتایە ناگاتە ئامێزی ئەوینداری دڵدارەکەی و بێ مراد دەبێت. شێخ نووری شێخ ساڵح لە ژیانیدا گەلێ وەزیفەی حکوومی وەرگرتووە و بە سەرکەوتوویی کاری خۆی کردووە. مەسرەف خەزێنە و بەڕێوەبەری شارۆکە و قایمقامی کۆیە بووە. شێخ نووری دواجار بە هۆی نەخۆشییەوە لە 20ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1958دا کۆچی دوایی کردووە، وەک هەر شاعیر و نووسەر و ڕووناکبیرێکی تری کورد، دەبێتە میوانی دار ئەرخەوانی گردی سەیوان.

بەشێک لە چوارینەکانی شێخ نووری شێخ ساڵح:


برا من حەز ل شیرینی جەمالی ئاشکرا ناکەم
پڕوپووچە لە لام من بۆ مەزاهیر قەت ڕیا ناکەم
جەمالی نەفسە مەحبووبی حەقیقی گەر تەماشاکەی
بەغەیری ئەو، تەمەننای وەسڵی مەحبووبێ لە خوا ناکەم

پووشی ئەمەلی دوژمنی بۆ خستمە تەندوور
ڕۆحی فەرەحی نایە هەزاران دڵی ڕەنجوور
موژدەی زەفەری پێیە، بەدڵ خۆشییەوە هات
شایستەیە ئەم جەژنە بڵێم نووری عەلانوور


نوورێکە دیدە حەددی بینینی نییە
ئاگر لە بەرابەری ئاوا تینی نییە
زەڕڕاتی سیفاتی زاتی پڕ کەون و مەکان
نابینرێ بە دیدەیە، کە دووربینی نییە


یاڕەبی لە فەیزی مەعریفەت مەهجوورم
ڕێبواری مەجازم، لە حەقیقەت دوورم
مەر* ڕەحمەتی تۆ دەستی بداتە دەستم
ساڕێژ بکا زامی دڵەی ڕەنجوورم
_________________________
* مەر واتە: مەگەر.



ئەی کاتبی حەرفی لەوحی پیشانی من
وەی پەردە گوشای ڕازی نیهانی من
زانیوتە لە نادانی خۆم، نادانم
زانیوتە حدوود و حەددی نادانی من


تۆ باعیسی حاڵی حوزن و خورسەنەدی منی
تۆ عوقدەگوشایی هەر گرێ و بەندی منی
ئەم عەزمە من بەسمە کە وا بەندەی تۆم
ئەم دەوڵەتە من بەسمە خواوەندی منی


خۆزگەم بەوە، بێوەجاخە ئەولادی نییە
هەرگیز لە زەمانە داد و بێدادی نییە
هەر ئەو خەفەتەی هەیە وەجاخی کوێرە
بێجگە لەمە داخ و فەریادی نییە


خاڵە* بیستم هاتییە هەولێر و نەتپرسی لە کەس
خۆ لە باخا هەر گوڵە دایم ئەنیسی خار و خەس
چی ئەقەوما گەر بفەرموون خوشکە زایەکم هەیە
بەندی بەندیخانەی هەولێرە وەک (مرغی) قەفەس
____________________________
* ئەم چوارینەیەی بۆ بێخودی شاعیر نووسیوە، کە خاڵی شێخ نووری شاعیرە.



سەرچاوە/ دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح، بەرگی یەکەم، دووەمی چاپی ساڵی ٢٠٠٨ هەولێر، دەزگای ئاراس.




وشە - ژیڤان خۆرانی