پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی ئەمەریكی ڕاپۆرتی ڕاستییەكانی لەبارەی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو بڵاو كردووەتەوە و بە ناونیشانی "ڕۆڵی ئێران لە ئۆپراسیۆنی كەركووك لە عێراق"دا، تێیدا بە وردی و بەڵگەوە تیشك دەخاتە سەر بەشداریی ئێران و هێزە بریكارەكانی لە عێراق لە هەڵمەتی داگیركردنی مووسڵ، بەهاوكاری خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر، دووپات لەوەیش دەكاتەوە، پێگەی ئەمەریكا دوای گرتنی كەركووك لەلایەن بەغداوە لاوازتر بووە و ئێران و بریكارەكانیش بە تەواوی عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردووە و عەبادیش لە كۆتادا دەبێت بە سیخوڕێكی ئێران لە عێراق.
ئێران پشتیوانی سەربازی زۆری پێشكەش كرد و دۆخەكەی یەكلا كردەوە و كوردەكانی ناچار كرد كەركووك بە دەستەوە بدەن لە 16ی ئۆكتۆبەری 2016، هاوكات هێزە سەربازییەكانی سێ گرووپی چەكدار كە بریكاری ئێرانن لە عێراق، لە ئۆپراسیۆنەكە بەشدارییان كرد كه بریتین لە حزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێكخراوی بەدر، ئێران هەوڵی نەدا حەیدەر عەبای لە پرسەكە بە تەواوی دوور بخاتەوە، تەنیا ڕێی بە عەبادی دا، پشتیوانی پرۆسەكە بێ و متمانە بە هێزەكان بدا، لە بەرانبەریش هێزە بریكارەكانی ئێران لە عێراق دەستیان بە سەپاندنی كاریگەری خۆیان بەسەر داهاتووی كەركووك كرد، لە توێژینەوە وردەدا، چالاكی میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و ڕاستییەكان لەبارەی جووڵەی هێزەكانی عێراق و هێزە بریكارەكانی ئێران لە كەركووك و زاڵبوون بەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان دەخەینە ڕوو.
بریكارە چەكدارەكانی ئێران لە عێراق، پشتیوانی تەواوی حەیدەر عەبادییان كرد لە گێڕانەوەی كەركووك، سەرەڕای ئەوەی كوردەكان بەشێكیان خۆیان لە سەنگەرەكانیان كشانەوە و ڕادەستیان كردن، بەڵام ئەو سێ بریكارەی ئێران ڕۆڵی گەورەیان بینی لەوەی كەركووك ڕادەست بكرێ، ئەوانیش لە حزبوڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق و ڕێكخراوی بەدر پێكهاتوون، پاشەكشەی كورد لە ناوچە بووە هۆی داڕمانی ورەی هێزەكانی كورد لە تەواوی ناوچەكان، ئەمەیش خاڵی گۆڕان بوو بۆ پەرەسەندنی ململانێی قووڵی نێوان كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئێران و عەبادیش ئەو ململانێیەیان قۆستەوە و سەركەوتنی خۆیان لە كەركووك بێ هیچ بەرگرییەك، بە جۆرێك دەیانویست ئۆپراسیۆنەكان بەتەواوی فرەوان بكەن و بۆ تەواوی ناوچەكانی كوردستانی عێراق پەل بهاوێن، هێزە بریكارەكانی سەر بە ئێرانیش ڕۆڵی هەرە گەورەیان دەگێڕا.
بەڵگە لەسەر تێوەگلانی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی سەرەتای كەركووك، پێویستی بە شیكردنەوەی ورد و سەرچاوەی زۆر و ئاشكرا هەیە، چونكە كەناڵە فەرمییەكانی حەشدی شەعبی هیچ شتێكیان ئاشكرا نەكرد، جیا لە هەندێ زانیاری لەبارەی ئەو هێزانەی بەشداری ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەیان كرد لە شاری كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەر، بەگوێرەی سەرچاوەكان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی فەرمانی بێدەنگی میدیاكانیان دەركرد، لەبەر ئەوەی ئۆپراسیۆنەكە نائاسایی بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو فەرمانەیش هەندێ بەڵگە لە میدیاكانی حەشدی شەعبی خرانەڕوو، یەكێك لە پەیجەكانی فەیسبووك سەر بە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، وێنە و ڤیدیۆی لەبارەی ئەو تێوەگلانەوە بێ مەبەست لە كەركووك لە ماوەی 13 تا 16ی ئۆكتۆبەر بڵاو كردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ڕاپۆرتی دووبارە و دوور لە زانیارییان لەبارەی یەكەكانی حەشدی شەعبی بە شێنەیی بڵاو دەكردەوە و حاڵەتەكە نائاسایی بوو، سەرچاوەكانی عێراق دووپات لەوە دەكەنەوە، كە ژمارەی هێزەكانی حەشدی و هێزەكانی تری عێراق لە هێرشكردنە سەر كەركووك دیار نین، سەرەڕای چاودێریی وردمان، بەڵام وا دەركەوتووە به فەرمانی ئێران بۆ میلیشیاكان هەموو میدیاكان كپ كراون و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی كەمترین بەڵگە و پاشماوە لە تێوەگلانی ئێران لە هێرشكردنە سەر كەركووك لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن.
لە تەك ئەمەیشدا هەندێ میدیا و پەڕە كوردییەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەندێك وێنەی كۆنیان بڵاو دەكردەوە، بەوەی كە ئێرانییەكان و بریكارەكانیان لە هێرشكردنە سەر كەركووك بەشدارن، بەوهۆیەوە پرسیاری زۆر لە نێوان گەورە ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگری و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە دروست بوو، لەسەر ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانەوە دزەیان كرد و تێوەگلانی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانیان دووپات دەكردەوە.
ئێمە توێژینەوە و بەدواداچوونی وردمان لەسەر بەڵگەكان كرد كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو دەبنەوە، جیا لەوەیش ئەو راپۆرتانەی لەبارەی جووڵەی هێزەكان لە كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ كرا، دەركەوت كە هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەوانەی سەر بە عێراقن و سێ هێزی ناو میلیشیاكانیش كە بریكاری ئێرانن لە عێراق لە ئۆپراسیۆنەكە بەشدارن، كەتیبەكانی 43 و 42ی میلیشیاكانی بەدر كە بە لیوای 24ی حەشدی شەعبی ناسراون، ڕێكخراوی بەدر بریكاری ئێرانن و ئەوان لە 2006 تا 2008 بە چڕی هێرشیان دەكردە سەر سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق.
هێزە بریكارەكانی ئێران و سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی كەركووك
سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر هادی عامری لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی رائید جودت شاكر و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس لە گوندی بەشیر كۆبوونەوە و یەكتریان بینی، پێگەی رەسمی ڕێكخراوی بەدر وێنەی ساتی كۆبوونەوەی ئەم چەكدارانەی لە 15 ئۆكتۆبەر بڵاو كردەوە، هاوكات هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس لە ساتی هەڵكردنی ئاڵای عێراق لە شاری كەركووك لە تەك فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق جەنەراڵ یاروڵا وێنەیان لە ئەكاونتی تویتەری سوپای عێراق بڵاو كرایەوە، هاوكات ئەكاونت و پەڕەكانی حەشدی شەعبی و ڕێكخراوی بەدر وێنە و ڤیدیۆی ئەو چركەساتەیان بڵاو كردەوە، ئەمەیش لە كاتێكدا بوو گوتەبێژ بەناوی هێزە هاوبەشەكانی ئەو ئۆپراسیۆنە ڕێگری كردبوو و فەرمانی دابوو كە هیچ وێنەیەك نەگاتە دەستی میدیاكان و لە 17ی ئۆكتۆبەریش ڕەتی كردەوە میلیشیاكان هاتبنە كەركووك، دواتر وێنە و ڤیدیۆی هادی عامری لە كێڵگەی نەوتی بای حەسەن بڵاو كرایەوە و پاشان لەگەڵ مەهدی موهەندیس وێنە و گرتەی ڤیدیۆیییان لە شوێنە گەشتیارییەكانی كەركووك بڵاو كرانەوە.
وێنە و ڤیدیۆی زۆر لە دەوروبەری كەركووك بڵاو كرانەوە، میدیاكانی ناوچەكە و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوایش لە نزیك كەركووك دووپاتیان لەوە كردەوە كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكەن، پەڕەی لیوای 42ی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە دەدا، لیواكەیان بە فەرماندەی حاج ئەبوبەكر جبووری لە داقووق بڵاوەیان كردووە و بەرەو كەركووك پێشڕەوی دەكەن، دواتر وێنەی میلیشیاكانی خۆیانی لە دەوروبەری كەركووك بڵاو كردووەتەوە لەسەر ئامێرە سەربازییە بە جێهێڵراوەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا. هاوكات لیوای 43ی حەشدی شەعبی كە پێش هێرشی كەركووك لە سەڵاحەدین ئەركیان هەبووە، گەیشتنە كەركووك و بەشداری پێشڕەوییەكەیان كرد، جیا لەوەیش لیوای توركمانی سەر بە ڕێكخراوی بەدر بەناوی لیوای 16ی حەشدی شەعبی، لە گوندی بەشیر و دەوروبەری حەمرین و قەرەتەپە كۆبوونەوە و پێشڕەوییان كرد، لەلایەكی ترەوە ئەكاونتی فەرمی حەشدی شەعبی بڵاوی كردووەتەوە كە هێزەكانیان لەگەڵ سوپا توانیویانە دەست بەسەر كێڵگەی نەوتی بای حەسەن بگرن، دواتریش عامری خۆی سەردانی ناوچەكەی كرد.
كەناڵی ئەلعەرەبیە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر چەند بارهەڵگرێكی پڕ چەكداری وێنە گرتووە و ڤیدیۆكەی بڵاوكردنەوە، كە سەرجەمیان ئاڵای حەشدی شەعبییان هەڵگرتووە و لە هیچ بازگەیەك ناوەستن و ئەو هێزانەیش سەرجەمیان بریكاری ئێرانن و لە باشووری كەركووك جێگیر كران، كە خۆی لە كەتیبەكانی جوندی ئیمام و لیوای دووی كەركووك و فیرقەی ئیمام عەلی قیتالی و كەتیبەكانی ئەبوفەزلی عەباس پێكهاتبوون. هێزەكانی ئێران تێكەڵ بە سوپای عێراق و هێزەكانی دژە تیرۆر بوون، لەگەڵ فیرقەی نۆی چەكی قورس بە تەواوی تێكەڵ بوون، زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، نۆ یەكەی دژە تیرۆری عێراقیش هاتنە كەركووك و ئێرانییەكانیشیان لەگەڵ بووە، ئەوان بۆ شەڕ ئامادە بوون، ئەوەیش لە كاتێكدا بوو عەبادی دووپاتی دەكردەوە، ئۆپراسیۆنەكە بێ خوێنڕێژییە و بەرگرییە لە دیموكراتی و دەستوور و یاسا و چەسپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵییە.
شوێنەوارەكان
ڕۆڵی ئێران لە ئۆپراسیۆنەكەی كەركووك یەكلاكەرەوە بوو، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە 14ی ئۆكتۆبەر پشتیوانی خامەنەیی بۆ عەبادی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیفراندۆم دووپات كردەوە، هاوكات هۆشداری و زەنگی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ڕەنگە بۆ پارتی دیموكراتیش لێی دابێ، هاوكات سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر هادی عامری هەڕەشەی شەڕی ناوخۆی كرد، ئەگەر پێشمەرگە لە كەركووك نەكشێنەوە، هێزە بریكارەكانی ئێران ئامانجیان لە كەركووك گەورەتر بوو، ئەوان دەیانویست تەواوی كوردستانی عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام ناچار كران بە كەركووك ئەو ناوچانە بوەستن و وەڵام درانەوە.
ئێران لە ڕێی ئەو ئۆپراسیۆنە ئامانجی دووەمیشی بەدی هێنا، ئەویش زیادبوونی شەرعیەتی هێزە بریكارەكانیەتی لە عێراق و پەراوێزخستنی زیاتری ڕۆڵی ئەمەریكایە لە وڵاتەكە، ئێران لە ناوخۆ بە تەواوی حكوومەتی عێراقی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆی، هەروەها سووریش بوو لەسەر ئەوەی سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنەكەی كەركووك بكات، لە ڕێی هێزە بریكارەكانی، لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەریشەوە چەندان كردەی تەقینەوەی دژ بە ئەمەریكییەكان لە عێراق ئەنجام دا، ئێران بە ئارامی پشتیوانی خۆی بۆ عەبادی دەربڕی، بەڵام لە هەمانكاتیش هێزە بریكارەكانی لە عێراق كرد بە خاوەن بڕیار و پێگەی زیاتر، بەجۆرێك ئێستە پێگەی ئەمەریكا بە تەواوی پەراوێز خراوە لە عێراق، هاوكات ئێرانیش لە ڕێی هێزە بریكارەكانی دەستی بەسەر تەواوی عێراق گرتووە و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێوەیەكی ڕووكەش سەركردایەتیی عێراق دەكات، لە ڕاستیدا هێزە بریكارەكانی ئێران خۆیان چۆنیان بوێ مامەڵە دەكەن و فەرمانیش لە تارانەوە وەردەگرن و لە ژێر پەردەی چەكی دەوڵەت و هێزی شەرعی دەوڵەت دژی ئەمەریكا دەوەستنەوە و پێگەی ئێران بەهێزتر دەكەن.
هێزە بریكارەكانی ئێران ئێستە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە خاوەن بڕیارن لە كەركووك، ئەمەیش دەكەن بە گۆڕەپانێكی گەورەی ململانێ لەسەر هێزە ڕكابەرەكانیان لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق كە بڕیارە ئەمساڵ بێتە ئەنجامدان، بۆیە لە داهاتوودا ئەوان بە تەواوی بەسەر حكوومەتی عێراق زاڵ دەبن، چونكە ژێرخانی سەربازی كەركووك و وڵاتەكەیشیان لە بەردەستدایە، عەبادیش ناچار دەكەن لە كۆتادا ببێت بە سیخوڕێكی ئێران، لە 28ی ئۆكتۆبەر هێزە بریكارەكانی ئێران عەلی فازڵ عومرانیان كرد بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووك، عومران سەرۆكی پێشووی بەشێك بووە لە فیرقەی پێنجی سوپای عێراق كە بە تەواوی لە ژێر كاریگەری ئێراندا بووە، هاوكات عەبادی عەبدولەئەمیر زەیدیشی وەك فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان لە ناوچەی دووبز داناوە، زەیدی سەرۆكی پێشووی فەرماندەیی كردەگەلی دیجلە بوو، ئەو یەكێكە لەو فەرماندانەی بریكاری ئێرانە لە عێراق.
لە بەرانبەردا تا ئێستەش ئەمەریكا لە هەنگاوەكانی دژ بە ئێران دوودڵە، سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ستراتیجێكی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران چەند رۆژێك بەر لە دەست پێكردنی هەڵمەتی گرتنی كەركووك ڕاگەیاند، بەڵام بێ ئەوەی دیاری بكات و چۆنیەتیی هەنگاوەكانی بخاتە ڕوو، تا بزانرێ چۆن ڕووبەڕووی ئێران و هێزە بریكارەكانی دەبنەوە، گرنگی نەدانی حكوومەتی ئهمهریكا بەرانبەر بە ئێران، وای كرد ئۆپراسیۆنی كەركووك بێتە ئەنجامدان، چونكە ئەمەریكا هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ گێڕانەوەی پێگەی ئێران بۆ خاڵی لاواز لە عێراقدا، تاكە هەڵوێستی ئەمەریكا لە بەرانبەر ئەمە گەشتەكەی تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 22 و 23ی هەمان مانگ، ئەو لەسەر هێزە بریكارەكانی ئێران گوتی، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق بوونیان هەیە و پێویستە لەسەریان بگەڕێنەوە بۆ خاكی خۆیان، ئەمەیش لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بوو لەگەڵ عادل جوبێری وەزیری دەرەوەی سعوودیە.
قسەكەی تیلەرسن جۆرێك لە هەڕەشە بوو دژ بەو ئاڵۆزییانەی هێزە بریكارەكانی ئێران لە عێراق دروستیان كردووە، بەڵام گێڕانەوەی پێگەیان بۆ خاڵی لاواز، جێی گفتوگۆ نییە، چونكە ئەستەمە، لەبەرئەوەی چەند ڕۆژێك دوای ئەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، لەوێ عەبادی دووپاتی كردەوە، كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرگری لە خاك دەكەن و قوربانی زۆریان داوە و بەشدار لە شكاندنی داعش و سەركەوتن بەسەریاندا. عەبادی بەڵێنیشی دابوو، ئەگەر بریكارەكانی ئێران نەیەنە ژێر فەرمانی ئەو، ئەوا لە چەك دایان دەماڵێت، ئەمەیش تەنیا بیانوویەك بوو بۆ مانەوەی پشتیوانی ئەمەریكا لە خۆی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هیچ توانای ئەو كارەی نییە، بێ ئەوەی پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆی ئەمەریكا لە عێراق بێ، ناتوانرێ پێگەی ئێران و هێزە بریكارەكانی لاواز بكرێن.