دووەم: سەربردەی مەحموود دەروێش

:: PM:07:07:18/01/2018 ‌
هەر لە ڕاستیشدا مەحموود دەروێش 20 ساڵی کۆتایی تەمەنی بۆ دنیای شیعر تەرخان دەکات و بەشێکی زۆری دەقە جوانەکانی لەو 20 ساڵەدا دەنووسێت و تەنانەت لەو قۆناغەدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەر دید و شێوازیدا دێت و ڕوانینی بۆ شیعر کامڵتر دەبێت و تەنانەت لەو گفتوگۆیانەدا، کە لەو ساڵانەدا لەگەڵیدا ئەنجام دراون، هەندێ حوکمی توند بەسەر بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەو قۆناغانەی پێشووی خۆیدا دەدات و زیاتر جەخت لەسەر بەرهەمەکانی دوایی دەکاتەوە، کە دواتر بە "کارە نوێیەکان" ناو بران و هەر بەو ناوەیشەوە چاپ کران. تەنانەت لە زۆر شوێندا دەڵێت ئەگەر دیوانەکانی خۆی بژار بکات، پێنج دیوانیان لێ دەهێڵێتەوە و ئەوانی تریان لێ دەردەکات. 

ئەم قۆناغە شیعرییە نوێیەی مەحموود دەروێش لە هەشتاکانەوە دەست پێ دەکات و وردە وردە بەرگی شاعیری "مەسەلە"ی سیاسی و بەرەنگاری لە خۆی دادەماڵێت، گەرچی ئەو داماڵینە داماڵینێکی سەت لە سەتە، چونکە دواجار هەمان ئەو مەسەلانە بەجۆرێکی تر تێکەڵ بە ئازارە فەردییەکان دەبنەوە، بەڵام شیعری مەحموود دەروێش ڕوو لە عیشق و مەرگ و تەنیایی و نامۆبوون و چارەنووس و...هتد دەکات و ڕوانینێکی مرۆگەرایییانە و گەردوونی بەسەر فەزای شیعریدا زاڵ دەبێت. بۆ گوزارشت لەم حاڵەتە تازانەیش، گەرچی پەنا بۆ پەخشانە شیعر نابات، بەڵام کەمتر خۆی بە کێشەوە دەبەستێتەوە و زیاتر بایەخ بە ڕیتمی ناوەوەی قەسیدە دەدات، تا فەزایەکی فراوانتر بۆ دەربڕینی زمانی شیعریی فەراهەم بکات. هەر بۆ نموونە ئەگەر بڕوانینە قەسیدەی"زارهەڵدەر" (کە لەم کتێبەدا هەیە) بە ئاشکرا ئەو ڕووبەڕووبوونەوە مێتافیزیکییەی شاعیر دەبینینەوە لەگەڵ قەدەر و چارەنووسدا. هەروەها لە قەسیدەی"دیواربەند" دا پرسیارەکانی بوون و ژیان، بەتایبەتیش ژیانی تایبەتیی شاعیر خۆی، دەبنە هەوێنی ئەم قەسیدەیە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەزموونی شیعریی مەحموود دەروێش، کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین، پێوەندیی ئەم شاعیرەیە، یان باشتر وایە بڵێین پێوەندیی شیعری ئەم شاعیرەیە بە خوێنەر و بە ئەوەیشەوە، کە پێی دەڵێن جەماوەر. دیوانەکانی مەحموود دەروێش هەر لە سەرەتاوە خوێنەرێکی بێشوماری بەلای خۆیدا ڕاکێشا. بێگومان ڕاستە ئەو، سەرەتا بە شیعرە سیاسی و ناسیونالیستییەکانی ناسرا و توانیی بەئاسانی ڕێگەی خۆی بۆ ناو دڵی جەماوەری عەرەبی بکاتەوە، بەڵام ئەو لەو قۆناغەدا نەوەستا، بەڵکو بەردەوام هەوڵی دەدا فۆرمی تازە ئەزموون بکات و لەگەڵیشیدا چێژی خوێنەران و جەماوەرەکەی بۆ ئەزموونە تازەکانی خۆی پەلکێش بکات و تا ڕادەیەکی زۆر و بێهاوتا لەم کارەیشدا سەرکەوتوو بوو. 

مەحموود دەروێش گەرچی لە ساڵانی دواییدا هێندەی بایەخی بە لایەنی ئێستاتیکی دەدا لە شیعرەکانیدا و لەو زمانە ڕاستەوخۆیە دوور کەوتەوە، کە لە سەرەتادا پێیەوە پابەند بوو، وەلێ ئەمە وای نەکرد خوێنەرانی لێی بکشێنەوە، بەپێچەوانەوە، خوێنەر و جەماوەری تا دەهات زیاتر دەبوو. ئەو وەک چۆن خۆیشی لە چەند شوێنێکدا لەوە دوواوە، زانیویەتی چۆن وردە وردە خوێنەری خۆی بۆ ئاستێکی شیعریی باڵاتر ڕێنوێنی دەکات. بۆیە کاتێک کۆڕێکی شیعرخوێندنەوەی دەبوو، ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەر و جەماوەری ئامادەی دەبوون. گەرچی ئەوەی نکووڵیشی لێ ناکرێ، شێوەی خوێندنەوە یان ئەدائی خۆیشی، ڕۆڵێکی گرنگی لە کاریگەری خستنەسەر ئەو جەماوەرەیدا هەبوو. 

مەحموود دەروێش لە ژیانی تایبەتییدا کەسێک بوو حەزی لە تەنیایی بوو و تا بۆی بکرایە خۆی لە چوونە ناو قەرەباڵغی و کۆڕ و کۆبوونەوەی زۆر دەپاراست. جاری وا بووە بە چەند هەفتە لە ماڵەکەی نەچووەتە دەرەوە. ئەو عاشقی خوێندنەوە و مۆسیقا بوو. گەرچی ئەو دوو جار چووە ژیانی هاوسەرییەوە، بەڵام مناڵی نەخستەوە. هاوسەری یەکەمی، ڕەنا سەباح قەببانی، برازای نزار قەببانی بوو لە ساڵی 1973دا، هاوسەری دووەمیشی، ژنەشاعیری میسری حەیات ئەلهەینی بوو لە ساڵی 1984دا. دوای ئەوەی لە هاوسەری دووەمیشی جیابووەوە ئیتر ژنی نەهێنایەوە و خۆیشی دانی بەوەدا ناوە، کە بۆ ژیانی هاوسەری بەکەڵک نایەت. هەڵبەتە دەروێش لە ساڵی 1995دا و دوای ساڵانێکی زۆر لە شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستینەی "ڕیتا"یش ئاشکرای کرد، کە کاتی خۆی پێوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ ئەو کچەدا هەبووە، کە لە ئەسڵدا ناوی"تەمار بن عانی" بووە و سەمازانێکی جوولەکە بووە لە باوکێکی پۆڵەندی و دایکێکی ڕووسی و  دوای ئەوەی بۆ سەربازی بانگ دەکرێ و دەچێت بۆ ڕیزەکانی سوپای ئیسرائیلی، ئیتر مەحموود دەروێش لێی جیا دەبێتەوە.

ئەزموونی ژن و خۆشەویستی ئەزموونێکی قووڵ بووە لە ژیانی مەحموود دەروێشدا و ڕەنگدانەوەیەکی بەهێزیشی هەبووە لە شیعرەکانیدا. هەر لەو شیعرانەوەی، کە بۆ "ڕیتا"ی نووسیون تا شیعرەکانی دوایی و ئەم ئەزموونەیش وردە وردە زیاتر ڕەگی لە شیعرەکانیدا، داکوتاوە. بەڵام لای مەحموود دەروێش، خۆشەویستی و مەرگ دەبنە دووانەیەکی لێک جیانەکراو. گەرچی دواجار مەرگ ڕووبەرێکی گەورە لە زەینی شاعیردا داگیر دەکات و بەتایبەتیش لە قەسیدە درێژەکەیدا"دیواربەند". کاتێکیش لێی دەپرسن کە ئاخۆ لە مەرگ دەترسێت، لە وەڵامدا دەڵێت، کە زیاتر لە مەرگی نەمانی توانای بۆ نووسین و چێژبینین لە ژیان دەترسێت. هەربۆیە لە "دیواربەند"یشدا بە مەرگ دەڵێت: 

مردن لە دەرەوەی زەوی چاوەڕێم کە
لە وڵاتەکەی خۆت، تا گفتوگۆیەکی سەرپێیی
 لەگەڵ پاشماوەی ژیانمدا تەواو دەکەم
لای خێوەتەکەتەوە چاوەڕێم کە
تا لە خوێندنەوەی"تورفە بن ئەلعەبد"ئەبمەوە
بوونگەراکان تامی تامیم دەدەن
بۆ بەسەربردنی هەمووو ساتەکان
ئازادی و عەدالەت و بادی خوداکان...
کەواتە مردن چاوەڕێم کە تا
کۆتایی بە تەدارەکەکانی جەنازە دێنم 
لە بەهاری ناسکدا.


مەحموود دەروێش لە ساڵی 1984دا تووشی جەڵتەیەکی دڵ بوو، بەڵام لێی قوتار بوو. دواتر و لە 1998یشدا دیسانەوە لێی دایەوە، ئەمجارەیش لە مردن ڕزگاری بوو، بەڵام بە دڵێکی بێهێزەوە. تا دواجار لە نۆی ئابی 2008 دا و لە نەخۆشخانەی هیوستن لە تەکساسی ئەمەریکا کەوتەوە ژێر نەشتەرگەریی دڵ و بەرلەوە بە پزیشکەکانی گوتبوو گەر ژیانی هاتە سەر ئەوەی بە سۆندە بژی، ئەوا نایەوێ بژی. ئیتر ئەوە بوو هەروەک خۆیشی لە شیعرێکیدا پێشبینیی کردبوو، لە ڕۆژی شەمەدا بۆ دواجار دڵی لە لێدان کەوت. ئیتر ئەوە بوو لەوێوە تەرمەکەیان بردەوە بۆ فەلەستین، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتی خۆی ئەو دێیەی خۆیان"بروە" لەلایەن ئیسرائیلەوە تەخت کرابوو، بۆیە لە "ڕامەڵا" و بە ئامادەبوونی حەشاماتێکی زۆر ناشتیان.




 



وشە - ژیڤان خۆرانی