نهێنییه‌كان ئاشكرا بوون
مانگانە شانازی برایم ئەحمەد چەند ملیۆن دۆلاری نه‌وتی كه‌ركووك وه‌رده‌گرێ

:: PM:12:17:20/01/2018 ‌

تەنیا بەشی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نەوتی كەركووك، مانگانە بە چەند ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێ، تەنانەت دوای ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، بەشە پارەی ئەو وەك خۆی ماوەتەوە، وەك سەرچاوەیەكی زانیاری ئاشكرای دەكات.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە" ڕای گەیاند، دوای ڕووداو و ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی داگیركردنی شاری كەركووك، بەشە پشكی بنەماڵەی مام جەلال كە بە ناوی شانازی برایم ئەحمەدەوە وەردەگیرێ و دەچێتە بانكەكانەوە، وەك خۆی ماوەتەوە و بەردەوام لەگەڵ ڕۆیشتنی نەوتەكە، ئەو پشكانەش وەردەگیرێن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی چەند ئەندامێكی یەكێتی لە دژی سەربەخۆیی كوردستان، لە پێش و لە دوای ڕیفراندۆم لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كردوویانە، تەنیا داوایان ئەوە بووە بەشە پشكی ئەوان لە نەوتەكە وەك خۆی بێت و دەستكاری نەكرێ، ئەوانیش ڕەزامەندییان وەرگرتووە.

لە ساڵی 2016 ڤیدیۆیەك بڵاو بووەوە كە پارەیەكی زۆر بە دۆلار لە بانكێكی عێراقی دانراوە كە بۆ ئەوەیە بخرێتە سەر هەژماری شانازی برایم ئەحمەد و بە چەند ملیۆن دەخەمڵێنرێ، كابرایەكیش بە عەرەبی باس لەوە دەكات كە ئەوە هەمووی پارەی ئەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە، وێڕای بەربڵاویی ڤیدیۆكە، شانازی برایم ئەحمەد هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر ڤیدیۆكە بڵاو نەكردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی یەكەم سەرچاوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردەوە كە پەیجێكی عەرەبی بوو، پێیان سڕینەوە.

جێی ئاماژەیە، میدیاكانی یەكێتی بە بەردەوامی سەردانی شانازی برایم ئەحمەد بۆ كەركووك بڵاو دەكەنەوە كە سەردانی بارەگاكانی یەكێتی دەكات، بەڵام سەرچاوەكەی "وشە" دەڵێ، ئەوانە هەمووی بۆ وردەكاریی بەشە نەوتەكەیان بووە.

شاناز برایم ئەحمەد، خوشكی هێرۆ برایم و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی، بەوە ناسراوە كە كێشەی لەگەڵ زۆربەی بەرە و باڵەكانی حزبەكەی خۆیدا هەیە و هەرجارە و یەكێكیان بە تۆمەتی نزیكبوونەوە لە پارتی دەداتە بەر تەشەر و چەند جارێكیش سووكایەتی بە جێگری سكرتێری گشتیی حزبەكەی كردووە و یەكێك بووە لە دژبەرانی سەرسەختی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان.





وشە - كوردۆ شابان