كه‌مال غه‌مبار یه‌كێكه له ڕه‌خنه‌گره ناسراوه‌كانی حه‌فتاكان كه به زمانی عه‌ره‌بی و كوردی خزمه‌تێكی زۆری ئه‌ده‌بی كوردی كردووه. له‌م وتوێژه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌مان له‌سه‌ر زۆر لایه‌نى ئه‌ده‌بیات و رۆشنبیرى كردووه، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی شیعر و ڕه‌خنه و ڕۆژنامه‌نووسی، له‌م دیمانه‌یه‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی "وشه"ی دایه‌وه.
* یه‌كه‌م بابه‌تی ڕه‌خنه‌ییت كه‌ی و له چیدا بڵاو بووه‌ته‌وه و له‌باره‌ی چی بوو؟
یه‌كه‌م نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیم به زمانی عه‌ره‌بی بوو، له گۆڤاری السقافه، سه‌ڵاح خاڵس ساڵی 1973 له‌باره‌ی (عه‌بدوڵا په‌شێو)ی شاعیر بوو.
* یه‌كه‌م كه‌س كاریگه‌ریی له‌سه‌رت هه‌بووبێت له بواری ئه‌ده‌بدا؟
- یه‌كه‌م مامۆستا كه هانی دام بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر (عه‌بدولمه‌جید شێخ نووری) بوو كه شیعره‌كانی (فایه‌ق بێكه‌س)ی "وه‌ك نابه‌زین، داری ئازادی، كورده به‌سیه‌تی"، پێ ئه‌زبه‌ر كردین. من یه‌كه‌مین قوتابی بووم له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا هه‌موو ڕۆژ له ڕیز ده‌رده‌چووم به ده‌نگێكی گه‌رموگوڕِِ شیعرم ده‌خوێنده‌وه.
یه‌كه‌مین په‌خشانیش كه له‌به‌رم كردبێ ساڵی 1950 بوو له "گه‌لاوێژ" بڵاو كرابووه‌وه هێشتا زۆر له بڕگه‌كانیم بیر ماوه. ئه‌ویش به ناوی (ئه‌وانه‌ی نامرن - ئه‌براهام لینكوڵن. ع. و. نووری).
* یه‌كه‌مین كتێبى كوردی و یه‌كه‌مین كتێبى عه‌ره‌بی كه سه‌رنجیان ڕاكێشاویت؟
- یه‌كه‌مین كتێبـی كوردی ساڵی 1950 خوێندوومه‌ته‌وه به ناوی (هاوڕێی منداڵی -شاكر فه‌تاح)، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین كتێبى عه‌ره‌بی كتێبێكی جبران خه‌لیل جبران بوو (المواكب).
* چۆن سه‌یری ڕه‌خنه‌ی ساڵانی حه‌فتا ده‌كه‌یت؟
-زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌كان خاڵی نه‌بوون له كارتێكردنی ئایدیۆلۆجیا، زیاتر بایه‌خیان به ناوه‌ڕۆك ده‌دا له‌وه‌ی بایه‌خ به لایه‌نی ته‌كنیكی بده‌ن. مه‌گه‌ر جاروبار له‌ملاولا هه‌ندێ ڕه‌خنه‌گر توانیبێتیان له پرسی ته‌كنیكی شیعر و چیرۆك نزیك ببنه‌وه.
* ئایا ڕه‌خنه‌گرانی ساڵانی حه‌فتا توانیویانه به‌رده‌وام بن؟
ئه‌وانه‌ی كه ڕه‌خنه‌یان ده‌نووسی ژماره‌یه‌كی كه‌م بوون، هه‌ندێكیان گۆڕه‌پانه‌كه‌یان چۆڵ كردووه، هه‌ندێكیشیان به‌رده‌وامن، به‌ڵام دوورن له ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی نوێ. له‌به‌رئه‌وه نه‌یانتوانیوه خۆیان پێ بگه‌یه‌نن و شتی نوێ پێشكێش بكه‌ن.
* ده‌توانن ئاماژه بۆ هه‌ندێ نووسین و ناوی ڕه‌خنه‌گر بكه‌ن؟
- به‌ڵێ هه‌ندێ له‌وانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا ئاماده‌بوونیان هه‌بووه وه‌ك: (فوئاد مه‌جید میسری، فوئاد قه‌ره‌داغی، كه‌مال میراوده‌لی). بۆ نموونه هه‌ندێ له نووسینه‌كانی (فوئاد قه‌ره‌داغی) له‌باره‌ی چیرۆكی (حوسێن عارف) له نووسینه ڕه‌خنه‌یییه باشه‌كان بوو كه ده‌كرێ ئاماژه‌ی پێ بدرێت.
* بۆچوونت له‌باره‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌كادیمی چییه. ئایا لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و له‌وه‌دان كه زیاتر په‌ل بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ده‌هاوێ؟
- ئه‌و شێوازه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌كادیمی كه به‌ناو ئه‌كادیمییه، جۆره كۆت و پێوه‌ندێكه ئه‌و ئازادییه‌ی ڕه‌خنه‌گر وه‌ك مافێك به خۆی ده‌دات تا ئاستێك سنووری بۆ ده‌كێشێ، ته‌نانه‌ت له نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆراشدا ئه‌و مه‌رجانه‌ی به‌سه‌ر نووسه‌ری نامه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنرێن زۆر شت له كرۆكی بابه‌ته‌كه ده‌شێوێنن، كه ده‌كرێت خاوه‌ن نامه‌كه پێوه‌ندیدار نه‌بێت به‌و مه‌رجانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بینین زۆربه‌ی تێزه‌كان پڕ ِكراوه‌ن له لك و پۆپ و زیاده. زیاتر نزیكن له ڕاپۆرت نه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی، هه‌ندێ له‌وانه ڕه‌نگه نه‌توانن بابه‌تێكی داڕشتن داڕێژن. له هه‌مانكاتدا بڕوانامه‌ی ماسته‌ر، یان دكتۆرایان پێ ڕه‌وا ده‌بینرێ ئیشه‌كانیان ته‌نانه‌ت كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه له‌م سه‌رچاوه و ئه‌و سه‌رچاوه بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بیروڕِا و بۆچوونی خۆیان بن.
له‌لایه‌كی تره‌وه پابه‌ندبوونی نووسه‌ری تێزه‌كه به ڕێنوێنییه‌كانی مامۆستای سه‌رپه‌رشتكار، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌شدا چووبێت له په‌لوپۆی ده‌خات، له‌به‌رئه‌وه من وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێك كه زۆرجار ئاماده‌ی وتوێژه‌كانی زانكۆی به‌غدا و زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بووم كه‌سانێك كه دوورن له بواری ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری به‌داخه‌وه له رێی بڕِوانامه‌كانیانه‌وه ده‌خرێنه ناو زانكۆ له‌و ئاسته‌دا نین بتوانن شتێ به‌شتێ بكه‌ن. زیاتر بره‌و به‌و مه‌ڵبه‌نده بده‌ن كه سه‌رچاوه‌ی باڵای ڕۆشنبیری و زانسته.
*گۆران شاعیرێكی داهێنه‌ره و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر نه‌وه‌كانه‌وه هه‌بووه. حه‌فتاكان چی‌یان له (گۆران) وه‌رگرتووه و له كوێدا به جێیان هێشتووه؟
-ئاشكرایه گۆران یه‌كه‌مین شاعیره كه كاری كردووه‌ته سه‌ر شیعری نوێی كوردی. كه‌م شاعیری شه‌سته‌كان و دواتریش به‌رچاو ده‌كه‌ون له سه‌رچاوه‌كه‌ی گۆران ئاویان نه‌خواردبێته‌وه. هه‌ندێكیان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه مانه‌وه، هه‌ندێكی تریشیان هه‌نگاویان به‌ره‌وپێشه‌وه نا.
لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه به چمكی تێپه‌ڕِاندن بكه‌م. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه كه شاعیرانی دوای (گۆران) سنووری گۆرانیان بڕِی، به‌ڵام به‌پێی چوارچێوه‌ی مێژوویی ناكرێ بڵێین تێپه‌ڕیان كردووه و جێ په‌نجه‌یان له‌سه‌ر شیعری كوردی به‌قه‌د قه‌باره‌ی گۆران دیاره. ئه‌مه‌ش وا ناگه‌یه‌نێت كه تێپه‌ڕِكردن نییه. چونكه ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕایه‌مان هه‌بێت مانای ئه‌وه‌یه حوكم له‌باره‌ى ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون ده‌ده‌ین كه وه‌ستاوه. ده‌مێنێته‌وه سه‌ر پرسی دابڕِانی مه‌عریفی كه هه‌ندێ كه‌س وا ده‌زانن بوونی ئێسته، یان وه‌ك دۆمه‌ڵانێكه له خۆیه‌وه هه‌ڵتۆقیوه بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ ڕابردوو ڕۆڵی یان نه‌وه‌كانی پێش خۆیان بكه‌ن.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه من له‌و بڕِوایه‌دام شیعری ئه‌مڕِۆ مۆركی سه‌رده‌می خۆی و ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌مان به‌خۆوه ده‌گرێت به تایبه‌تی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی ڕابردوو به ئێسته‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و ئێسته‌یش به دواڕۆژه‌وه. به ڕاستی شاعیری ڕه‌سه‌نن و زه‌وینه‌یه‌كی له‌باریان بۆ خۆیان ڕه‌خساندووه، ده‌توانم بڵێم ناهه‌ژێن و له جێی خۆیان وه‌ك كێوی توندوپته‌و خۆیان ڕاگرتووه.
* كێن ئه‌وانه‌ى ده‌توانن بڵێین گۆرانیان تێپه‌ڕ كردووه؟
- به كاریگه‌ری گۆڕِانكاریی ژیان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ڕه‌وتی مێژوو، خه‌م و په‌ژاره و خه‌م و خولیای شاعیری ئه‌مڕِۆ ناكرێ له قاڵبه مه‌ییوه‌كه‌ی پێشوودا بمێنێته‌وه. بۆیه له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕووداوه خێراكانی ژیاندا ڕێ ده‌كه‌ن، شتی تازه‌یش دێننه به‌رهه‌م. چه‌ند شاعیرێك هه‌ن كه ده‌كرێ وه‌ك نموونه ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین له‌وانه‌ش: جه‌لالى میرزا كه‌ریم، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، شێركۆ بێكه‌س، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، سه‌ڵاح شوان، قوبادی جه‌لی زاده، كه‌ریم ده‌شتی، ره‌فیق سابیر، ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، جه‌لال به‌رزنجی، دڵشاد عه‌بدوڵا.
* ئایا بواری وه‌رگێڕٍِان هه‌قی خۆی دراوه‌تێ به تایبه‌تی ئێوه له‌م بواره‌دا خزمه‌تێكی دیارتان هه‌یه؟
- پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ی ئه‌ركی وه‌رگێڕان ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی، ده‌بێ له هه‌ردوو زماندا شاره‌زا بێت و له په‌ناوپێچی هه‌ردوو زمان بگات و به په‌له ده‌ست نه‌كات به وه‌رگێڕان. به تایبه‌تی وه‌رگێڕانی شیعر كه (مه‌حموود ده‌روێش) به تاوانی له قه‌ڵه‌م ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌چوێنێ كه هه‌رچه‌نده وه‌رگێڕان جوان بێت وه‌ك ماچكردنی ئه‌و كچه شۆخه‌یه له پشت شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌وه بێت. بۆیه به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی كه ده‌كرێن دوورن له ئه‌مانه‌ت، چونكه په‌له‌كردنی پێوه دیاره، وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌دا ناژی، وه‌رگێڕانیش ئه‌ركێكی یه‌كجار قورسه و به هه‌موو كه‌سێك ڕاناپه‌ڕێ. خۆ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه به هه‌ندێ ده‌قی عه‌ره‌بیدا كه كراون به كوردی، یان به پێچه‌وانه‌وه بچینه‌وه و به‌راوردیان بكه‌ین، ده‌بێ فیشه‌كیان پێوه بنێین.
* ده‌كرێ ناوی ئه‌و شاعیرانه‌مان پێ بڵێیت كه شیعرت كردوون به عه‌ره‌بی، یان به پێچه‌وانه‌وه؟
- له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، سه‌ڵاح شوان، قوبادی جه‌لی زاده، سه‌ڵاح محه‌مه‌د، عوسمان شه‌یدا، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، هه‌روه‌ها نازم حیكمه‌ت، ئه‌راگۆن، نیرۆدا، لۆركا، مایكۆفسكى، كه له عه‌ره‌بییه‌وه كردوومن به كوردی.
وشه/ هه‌ولێر- هه‌رمان و داموون