وشه/ دهۆك- عیسا بۆتانی
له دواى لاوكی ناودارى كاوێس ئاغا (كورد خاینۆ) كه له سه‌رده‌مى شێخ مه‌حموودى نه‌مر گوتراوه، ده‌بوو ئیتر نه‌ته‌وه‌ى كورد جارێكى تر پرسی "خیانه‌ت" یه‌خه‌ى نه‌گرێته‌وه، به‌ڵام پێ ده‌چێ (ره‌ش و شین)ـه‌كه‌ى سترانبێژى پێشمه‌رگه (حه‌سه‌ن شه‌ریف)یش نه‌بێت به دوا به‌رهه‌مى هونه‌ریى له‌سه‌ر مژارى خیانه‌ت، به‌تایبه‌ت كه 16ی ئۆكتۆبه‌ر تازه‌ترین مۆری خیانه‌ته له مێژووی كورددا.
حه‌سه‌ن شه‌ریف گۆرانیبێژی ناسراوی كورد، سترانێكی به ته‌كنیك و هۆنراوه‌یه‌كی نایاب له‌باره‌ی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بڵاو كرده‌وه و "وشه" وه‌ك یه‌كه‌م ده‌زگه‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌ندێك ورده‌كاریی به‌رهه‌مه‌كه له‌و هونه‌رمه‌نده وه‌رده‌گرێت.
له‌باره‌ى بیرۆكه و چۆنیه‌تیى كاركردن له‌سه‌ر پرسى رووداوه‌كانى 16ی ئوكتۆبه‌ر كه ده‌رهاویشته‌ى خیانه‌ت بووه وه‌ك به‌رهه‌مێكى هونه‌ری، حه‌سه‌ن شه‌ریف به "وشه" ده‌ڵێت، "ده‌مه‌وێ به خوێنه‌ران و تێكڕاى گه‌لى كورد رابگه‌یه‌نم كه له دواى 16ی ئوكتۆبه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ ههڵبهستوانى گه‌وره‌ى كورد ئه‌مین بۆتانى گفتوگۆمان له‌باره‌ى دروستكردنى به‌رهه‌مێك ده‌كرد له‌سه‌ر پرسى خیانه‌ت، پێمان وابوو خیانه‌ت ئه‌و كاره قێزه‌ونه بوو كه خه‌ونى 100 ساڵه و ده‌سكه‌وت و خوێن و قوربانیدان و چاوه‌ڕوانى مرۆڤى داماو و بریندارى كورد له چركه‌ساتێكدا یه‌كسان كرده‌وه به سفر، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك له رێى به‌رهه‌مێكى هونه‌رییه‌وه ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م ته‌لیسمه حه‌رامه بكرێته‌وه و له‌سه‌ر گشت ره‌هه‌ند و ئاسته‌كاندا خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێ".
"ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نى چاوه‌ڕوانكردنى ئازادى له سنوورى خۆى تێپه‌ڕى كرد، ئه‌وا سه‌رده‌كێشێ بۆ قبووڵكردنى كۆیله‌یى یان خیانه‌تكردن به‌بێ منه‌تى.. ئه‌م گفتوگۆیه‌ى كه له نێوانمان من و بۆتانی كرا، ده‌بوو به‌ر له ئێمه له نێوان رووناكبیران و مێژوونووساندا بكرایه, به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌خت بوو به‌لاى ئێمه‌وه چۆن وا بكه‌ین خیانه‌تیش بخه‌ینه خزمه‌ت پڕۆژه‌ى سه‌ربه‌خۆیییه‌وه و چۆن بتوانین له چوارچێوه‌ى به‌رهه‌مێكدا هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خیانه‌تدا بكه‌ین، تا وه‌ك ئه‌م گۆرانییه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌ریى به‌رهه‌می بێنین". شه‌ریف وای گوت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "پڕۆژه‌ى گۆرانیى 16ی ئوكتۆبه‌ر كه به‌ناوى (ره‌ش و شین)ـه, باس له پرسێك ده‌كات به‌داخه‌وه بووه‌ته به‌شێك له كولتوورى ئێمه، وه‌ك چۆن چاوه‌ڕوانكردنى ئازادیش بووه‌ته كرۆكى كولتوورى میله‌ته‌كه‌مان. به‌داخه‌وه 16ی ئوكتۆبه‌ر له بری ئه‌وه‌ى رۆژێك بووایه له رۆژانى ئازادبوون و سه‌ربه‌خۆیى، بوو به رێككه‌وتنێكى شووم له مێژوو و یاده‌وه‌ریى نه‌ته‌وه‌كه‌مان، ئێمه‌ى زۆر ئازار دا و دڵى كوردستان و منداڵى شه‌هیدانى بریندار كرد. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه وه‌ك چۆن گۆرانیمان بۆ ریفراندۆم چڕى، به‌هه‌مانشێوه و به جۆش و خرۆشتر، به‌رهه‌مى هونه‌ریمان بۆ سه‌ربه‌خۆیى ئاماده كردبوو".
له‌باره‌ى تێكست و میلۆدى و كارى ستۆدیۆ كه گۆرانى (ره‌ش و شین)ى لێ به‌رهه‌م هاتووه، حه‌سه‌ن شه‌ریف ئه‌وه‌ی گوت كه "به هاوكارى مامۆستاى شاعیر ئه‌مین بۆتانى كه تێكست و ئاوازى ئه‌م گۆرانییه‌ی ئاماده كردووه، هه‌ر له ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك دواى 16ی ئوكتۆبه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌مان ئاماده كرد، دواتر كارمان له‌سه‌ر چوار شێوه‌ى جیاوازى میلۆدى كرد، دواجار بڕیارمان له‌سه‌ر ئه‌وه دا پێشكه‌شى گوێگر و ته‌واوى میلهتهكهمانى بكه‌ین".
له‌باره‌ی هۆی كلیپ نه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كه شه‌ریف گوتی، "لێره‌وه سوپاسى كاك دژوار ده‌كه‌م كه هه‌وڵى دا به‌رهه‌مه‌كه ببێت به ڤیدیۆ كلیپ، به‌ڵام له ئێسته ته‌نیا به‌شێوه‌ی ده‌نگ بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مه له ستۆدیۆى (رۆ مۆزیك) له ستۆكهۆڵم به‌رهه‌م هاتووه به هاوكاریى (گورسه‌ل دایان)، سوپاسى (عیسا بۆتانى) ده‌كه‌م كه هاوكار بوو له پێوه‌ندى گرتنم له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌كانى راگه‌یاندن".
حه‌سه‌ن شه‌ریف سڵاو و نه‌وازشى بۆ كه‌سوكار و دایكى شه‌هیدانى كورد و كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان نارد و هیواى خواست به‌رهه‌مه‌كه‌ی ببێت به دڵنهوایییهك بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌ر كه‌سێك دڵى به كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئێشابێت.