"تەنیا" لەلایەن باوەژنەكەی بە زۆر بە شوو دەدرێت و خەسووشی هەڕەشەی لێ‌ دەكات

:: PM:04:54:03/02/2018 ‌
ژنێك لە سلێمانی دوای ئەوەی لەلایەن باوكی و باوەژنەكەیەوە بە زۆر هاوسەرگیری پێدەكرێت، دوای چوار ساڵ لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە. ئەو ژنە دەڵێت، جگە لەوەی پیاوەكەی خیانەتی لێ كردووە ماڵی خەسویشی وەك مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا نەكردووە و هەمیشە خەسووی هەڕەشەی لێ كردووە.

ئەو ژنە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لەترسی باوك و براكانی، بەناوی "تەنیا"وە خواستی ناوی بنووسرێت، ئێستە لەگەڵ ماڵی خوشكەكەی دەژیت، وەك خۆی دەڵێت، خەڵك و خزمەكانیان پێیان دەڵێن دوو خوشكە خراپەكە، چونكە هەردووكیان تەڵاق دراون و بە تەنیا لەماڵێكدا دەژین، بەڵام ئەو دەڵێت، دەیەوێت بەسەر هەموو ئەو قسانەدا هەنگاو هەڵبێنێت و ئەوەی بەكچی نەیتوانی لەخۆ سەلماندندا بیسەلمێنێت و باوكی و باوەژنەكەی رێگەیان نەدا ئێستە بە بێ وەژنی و بە ئازادی بیكات.

تەنیا وەك خۆی باسی دەكات دوای مردنی دایكی بووە بە كچیكی ژێر دەستە و ئەوەی كردووەیەتی لە نواندی ڕۆڵی ئازادی خۆی لە كاتی زانكۆدا بووە كە لە هەولێر خوێندوویەتی، بەڵام هەر ئەو كاتەی زانكۆ تەواو دەكات و دەچێتەوە ژێر دەستی باوەژن و باوكی كۆتایی بە هەموو خۆشی و ئازادییەكانی دێنێت و بە زۆر هاوسەرگیری پێدەكەن.

 تەنیا باسی چیرۆكی خۆی بۆ "وشە" كرد و گوتی، كە زانكۆم تەواو كرد و چومەوە ماڵی باوكم بۆ ئەوەی ئاسوودەییان لیتێك نەدەم هەرزوو بەشوویان دام. هەرچەندە تەنیا خاوەنی چوار برایە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات براكانی تەنیا لە چاوسوركردنەوە و توڕەبووندا توانیویانە هێزی خۆیانی نیشان بدەن، نەك لەو كاتانەی ئەو وەك خوشك پێویستی پێیان بووە، تەنانەت لەكاتی هاوسەرگیریەكەیشی زانیویانە خوشكەكەیان ڕازی نیە، بەڵام بێ دەنگبوون، تەنیا دەڵێت، بە هەموویان دەیانویست لەكۆڵیان ببمەوە، بۆیە دواجار من پێم باشتربوو " پیاوێك بە سەر جێی ڕازی بكەم بە ناوی هاوسەرەوە باشترە لەوەی منەت باری ماڵی براو براژن و باوەژن بم".

تەنیا باسی ژیانی كرد لەگەڵ ماڵی خەسوویدا و گوتی، ماڵی خەسووم شەش كەس بوون و جگە لە من بوكێكی تریش لەسەر ماڵ بوو ئەوان دوو منداڵیان هەبوو، بەمن و مورادی هاوسەرم دەبووین بە 12 كەس لە یەك ماڵدا، هیچ تایبەتمەندییەكی خۆمان نەبوو، هەموو كوڕەكان بە فەرمانی دایكیان دەجووڵانەوە، منیش لەگەڵ بیرۆكە زۆر كۆن و پڕ گومان و خراپیەكانی خەسووم و كچەكانیدا نەدەگونجام، سەرەتا زۆر خۆم بێدەنگ كرد، بەڵام دواتر توانام نەما.

موراد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یاسای نوێی لەسەرم دەر دەكرد، سەرەتا نەمدەزانی مامۆستاكەی دایكییەتی تا ئەو كاتەی دووژمنایەتی خەسووم لەگەڵم بوو بە ئاشكرا، دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ چاوەڕوانی كار كردنم كرد ناوم لە یەكێك لە قوتابخانەكان وەك مامۆستا دەرچوو، سەرەتا ڕێگەیاندام و گوتیان كاری خۆتەو بەخۆسحاڵییەو بیكە، دوای هەفتەیەك لە كار كردنم موراد گوتی، بچیتە دەوام هەردوو قاچت دەشكێنم تەنیا ئەو هەفتەیە هێشتم بچی بۆی شەرمەزاربی لە كارەكەت و جارێكی تر دوای كار كردن نەكەی.

تەنیا باس لەوەدەكات چەند جار هەوڵی داوە لە موراد جیا ببێتەوە، بەڵام هەرجارە و بە جۆرێك جیابوونەوەكە ڕووی نەداوە، تابوون بە خاوەنی كوڕێك، ئێستە كوڕەكەیان تەمەنی دوو ساڵە، لە دوای جیابوونەوەیان دادگا كوڕەكەی داون بە تەنیا، ئێستە تەنیا لەگەڵ خوشكەكەی دەژیت كە ماوەی چوار ساڵە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە و و لەگەڵ سێ منداڵەكەی دەژیت. تانیا دەڵێت، لەگەڵ كوڕەكەم و خوشكم و منداڵەكانی ژیانێكی شاهانەیان هەیە.

تەنیای نایشارێتەوە ئەو هۆكاری جیابوونەوەكە بووە و دەڵێت زۆرجوان دەمزانی موراد پێوەندی لەگەڵ چەند كەسێك هەیە و دایكیشی هانی دەدات بۆ ئەوی هاوسەرگیری لەگەڵ كچە خوشكەكەیدا بكات، منیشیان لەماڵەوە كردبوو بە خزمەتكار و هەموو تواناكانیان خنكاندبووم، بۆیە بێ دوو دڵی بڕیاری جیابوونەوەم داو، بۆیە پارێزەرم گرت و لەماوەی سێ مانگ كۆتایم بەهەمووشتێك هێنا.

لەكۆتا قسەیدا تەنیا گوتی، ژنی تەڵاقدراو كە لە كوردەواری پێی دەگوترێت بێوەژن هەزاران هەزار جار شەریفترە لەو ژنەی كە لەناو باخەڵی پیاوێكدایە و خیانەت دەكات، ئەگەر هەزار هۆكارێشی هەبێت، ڕێگەیەك هەر هەیە بۆ ئەویە ئازادی خۆی بدۆزێتەوە، من نە بۆ سۆز نە بۆ سێكس جیابوونەوەم هەڵنەبژاردووە، من بۆ ئازادی جیابوومەوە من دەمەوێ منداڵەكەم لەسەر شێوازی خۆم پەروەردە بكەم نەك ژنێكی كۆنە فكر و پیاوێكی داوێن پيس.


وشه‌/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان







وشە - سه‌رخێڵ هاشم