ژنێك له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه به‌جێ ده‌هێڵرێت له‌وكاته‌وه‌ی كۆچی ئه‌وروپای كردووه، ئاماده‌ش نییه بیبات بۆ ئه‌وروپا و لێیشی جیا نابێته‌وه، بۆیه له ماڵی خه‌سووی ماوه‌ته‌وه و خوشكی هاوسه‌ره‌كه‌ی داوای لێ ده‌كات كاری له‌شفرۆشی بكات. ئێسته ئه‌و ژنه به‌گوته‌ی خۆی "له‌ژێر دڵه‌ڕاوكێی ده‌ستكردن به لهشفرۆسیدایه به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی هاوسه‌ری و پاڵه‌په‌ستۆی خه‌سووی و دشه‌كه‌ی".
"سه‌نار" /35 ساڵ/ له به‌رده‌م دوو ڕێدایه كه نازانێت قه‌ده‌ر به كامیانی ده‌گه‌یه‌نێت، ڕێیه‌كیان ئه‌وه‌ی له‌ناو ماڵی خه‌سووی به سهرزهنشتكراوی بۆ هه‌میشه بمێنێته‌وه له‌ژێر مه‌ترسی تێوه‌گلانی به‌كاری له‌شفرۆشی، یان داوای جیابوونه‌وه له هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات له دادگا، به‌ڵام وه‌ك خۆی بیری لێ كردووه‌ته‌وه، "له هه‌ردوو باره‌كه‌دا گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روون و ژیانی ده‌بێت".
سه‌نار باسی ژیانی بۆ "وشه" ده‌كات و ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ساڵێكه له ژیانێكدا ده‌ژی، هه‌زار به‌شی له دۆزه‌خه و هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ ده‌رچوون به سه‌لامه‌تی نییه. ئه‌و ژنه شه‌ش ساڵه له‌گه‌ڵ "سابیر" هاوسه‌رگیری كردووه و وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، نه‌بوون به خاوه‌نی منداڵ و هۆكاره‌كه‌یشی سابیر بوو، به‌ڵام ئاخ بۆ رۆژانی سه‌ره‌تای هاوسه‌ریی هه‌ڵده‌كێشێت كه به‌گوته‌ی خۆی، "خۆشترین ژیانمان هه‌بوو، هه‌موو خوشك و هاوڕێكانم ئیره‌ییان پێی ده‌بردین، به‌ڵام دوای چوار ساڵ هه‌موو شتێك به جۆرێ پێچه‌وانه بووه‌وه كه دۆست و دوژمنم خه‌می بۆ ده‌خواردم".
سه‌نار دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه دایكی سابیر له پشت هه‌موو كاره خراپه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه بووه، ئه‌وكاته‌ی به زۆر خانووه‌كه‌ی به كوڕه‌كه‌ی فرۆشتووه و داوای كردووه له دوای چوار ساڵ له ماڵجیایی، بچنه‌وه ناوماڵی باوكی و له‌وێ بژین. سه‌نار ده‌ڵێت "ڕۆژه ناخۆشه‌كان ورده ورده زیاتر و چڕتر ده‌بوون، تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی ڕێچاره‌ی ئاسان نه‌مایه‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ڕۆیشتنی سابیر بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاشكرابوونی ئه‌و درۆ بریقه‌داره‌ی بۆ منی كردبوو".
"سابیر" پلانی ڕۆیشتنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌و ڕێیه‌وه بۆ سه‌نار باس كردووه كه ده‌یه‌وێت له هه‌موو كه‌سی به‌دوور بێت و له خۆشترین ژیاندا نازی بكێشێت، بۆیه خۆی كۆچی ئه‌وروپا ده‌كات و به‌ڵێنی داوه دوای گه‌یشتن و نیشته‌جێبوونی، كاروباری ڕۆیشتنی سه‌نار به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی ته‌واو بكات و بیبات، به‌ڵام ئه‌وه ڕوو نادات و دوای گه‌یشتنی هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت.
سه‌نار به گریانه‌وه باسی وردبوونی ئه‌و ئومێدانه‌ی و گوتی، "كاتێك گه‌یشته شوێنی خۆی هه‌موو شتێك گۆڕا، داوام كرد كار بۆ رۆیشتنی منیش بكات، به‌ڵام قاقا پێكه‌نی و گوتی ده‌مزانی كه‌ری، به‌ڵام به‌و ڕاده‌یه‌ش نا، بۆ كوێت بێنم چ ئیشێكم پێته، تۆ له‌وێ خزمه‌تی پێڵاوه‌كانی دایكم بكه، خۆ نه‌هاتووم بۆ ئێره بۆ ئه‌وه‌ی تۆ له خۆم بكه‌م به به‌ڵا. كاتێك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م بیست، هه‌رزوو بڕیارم دا لێی جیا ببمه‌وه، به‌ڵام دیار بوو پلانی پێشوه‌خته‌ی بۆ دانابوو چونكه بێ بیركردنه‌وه پێی گوتم، ئه‌گه‌ر بێت و داوای جیابوونه‌وه تۆمار بكه‌ی له دادگا یان له ماڵی دایكم بڕۆیت، به ڕه‌وشت خراپ باست ده‌كه‌م به‌وه‌ی ژنێكی باش بوویتایه، له دوو پیاو لای یه‌كێكیان ده‌یتوانی دابنیشێت".
مه‌به‌ستی سابیر له "دوو پیاو"، ئه‌وه بووه كه ئه‌و كاتێك ماره‌ی كردووه، له هاوسه‌ری پێشتری جیا بووه‌وه. سه‌نار باسی هاوسه‌ری یه‌كه‌می ده‌كات كه هیچ خاڵێكی هاوبه‌شی نه‌بووه له‌گه‌ڵیدا و ئاشكرای ده‌كات، "ناخۆشی زۆرم بینی، هاوسه‌ری یه‌كه‌مم ڕۆژنامه‌نووس بوو، به‌رنامه‌ی له ڕادیۆ له‌سه‌ر مافی ژن هه‌بوو و به ده‌نگی به‌رز له‌سه‌ر مافی ژن قسه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام كه ده‌هاته‌وه ماڵ، وه‌ك كۆیله مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ من ده‌كرد، ئاخر جاریش منی نیوه‌گیان كرد به لێدان و له‌گه‌ڵ جل و كه‌لوپه‌له‌كانم فڕێی دامه ده‌ره‌وه".
ئێسته سه‌نار به حه‌یای خۆیه‌وه له ماڵ خه‌سووی دانیشتووه، به‌ڵام به‌وه‌یشه‌وه لێی ناگه‌ڕێن، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "خوشكی سابیر له‌شفرۆشی ده‌كات" و داوای له سهناریش كردووه له‌بری وانه‌گوتنه‌وه و چاوه‌ڕوانیی مووچه، به له‌شفرۆشی بژێوییهكی باشتری ده‌بێت، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یش به سه‌نار ده‌دات كه ناهێڵێت دایكی و مێرده‌كه‌یشی كه برایه‌تی بزانن، به‌ڵام سه‌نار ده‌ڵێ كه "به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و قسانه‌م ڕه‌ت كرده‌وه و خۆم خه‌سووم لێ ئاگادار كرده‌وه، به‌ڵام بڕوای پێ نه‌كردم و به‌خۆی و كچه لهشفرۆشهكهیهوه ئه‌وه‌نده‌یان لێ دام، خوێن له گیانم هات، بۆیه گومانم نییه له‌وه‌ی خه‌سووم به كاسبیی كچه‌كه‌ی ده‌زانێت، بۆیه وای توند بوو تا منیش بكات به سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات بۆی له‌سه‌ر حیسابی له‌شی خۆم".
ئه‌وه‌ی ئێسته سه‌نار ده‌یه‌وێت بۆ ژیانی داهاتووی بیكات، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له‌و ماڵه‌ی كه خۆی وا هه‌ست ده‌كات "پارێزراو نییه تیایدا"، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و داوایه‌ی خوشكی هاوسه‌ره دوورهوڵاتهكهی و كاردانه‌وه‌ی دایكی. سه‌نار جگه له هه‌وڵی خۆپاراستن له له‌شفرۆشی، زۆر نیگه‌رانه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌دات، خه‌سووی و كچه‌كه‌ی خۆیان به قسه‌ڵۆك حه‌یای ده‌به‌ن. به‌ڵام داخی سه‌ختی ئه‌م ژنه گه‌نجه نه‌مانی باوكی و بێ برایییه كه وای لێ كردووه په‌ناگه‌ی نه‌بێت و له‌و قه‌ده‌ره نادیاره‌دا بمێنێته‌وه كه خۆیشی نازانێت كۆتاكه‌ی چییه.
وشه/ هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان