كۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریكی و بەرهەمهێنەری مۆبایلی ئایفۆن، ددانی بە كێشەیەكی گەورە لە ڤێرژنی ئایفۆن7 هێنا، ئەویش بریتییە لە خراپی پێوەستبوونی بە تۆڕەكانی مۆبایل و پێوەندیكردن، لەو ناوچانەیش كە تاوەری پێوەند و تۆڕەكانی لێوە نزیكە، بۆیە كۆمپانیاكە بەڵێنی داوە، دووبارە بە ئایفۆن7 دا بچێتەوە و بە خۆرایی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.
بۆ یەكەمجار ئەو كێشەیە لە مانگی ئەیلوول/سێپتیمبەری 2016 لە دوای خستنەبازاڕی ئایفۆن7 ئاشكرا بوو، زۆر لەو كەسانەی ئایفۆن7یان كڕیوە، سكاڵا و ناڕەزایییان ڕاگەیاند، لەوەی ئایفۆن7 لەو ناوچانەیش كە تاوەری تۆڕەكانی مۆبایل نزیكە، ئاماژەكانی تۆڕی مۆبایلی سەر ئایفۆن زۆر لاوازە و پێوەندی پێوە ناگیرێت، بەتایبەت لەو كاتەی لە گەشتە ئاسمانییەكان مۆبایلەكانیان دەخەنە سەر دۆخی فڕین.
لەوكاتە كۆمپانیای ئەپڵ ئامۆژگاری بەكارهێنەرانی كرد، مۆبایلەكەیان بكوژێننەوە و دووبارە پێی بكەنەوە، سیم كارتەكەیش دەربهێنن و دووبارە بیخەنەوە ناو ئایفۆنەكە، بەمشێوەیە لە دەست ئەو كێشەیە ڕزگارتان دەبێت.
بەڵام لە ڕۆژی هەینی كۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی ددانی بەو كێشەیە نا و دووپاتی لەوە كردەوە، ئایفۆن7 شكستی هێناوە و زۆربەی كات ئاماژەی تۆڕی مۆبایل پێشان نادات و یان زۆر لاوازە و دەبێتەNo Service، بۆیە بەڵێنی دا، دووبارە پێداچوونەوە بە ئایفۆن7 بكات و بە خۆرایی چاكی بكات.
كۆمپانیاكە بە فەرمی ڕای گەیاند، ڕێژەیەكی كەم لە ئایفۆن7 زۆرجار ئاماژەی نۆ سێرڤسی لێ دەردەكەوێ و پێوەست نابێ بە تۆڕەكانی پێوەندیكردن و مۆبایل، ئەمەیش بەهۆی لەكاركەوتنی یەكێك لە پێكهاتەكانی پرۆسیسەری ئایفۆن7ە و بووەتە هۆی دروستكردنی ئەو كێشەیە.
ئاماژەی دا، لە ناوەندەكانی ئەپڵ دەتوانن بە خۆڕایی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بەڵێنیشی دا لە تەواوی ڤێرژنەكانی داهاتووی بە وردی كار لەسەر ئەو پرسە بكرێ و هیچ كات هەوادارانی ئایفۆن تووشی ئەو كێشەیە نەبنەوە.