دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت

:: PM:09:05:07/02/2018 ‌
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە سبەی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی پارساڵی دامەزراوەیەكی تر دابەش بكرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە هاتووە، رۆژی پێنجشەم 8/2/2018 مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش دابەش دەكرێت.

هاوكات دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، رۆژی یەكشەمی داهاتوو (11/2/2018) مووچەی وەزارەتی پەروەردە (دەرەوەی شار) دابەش دەكرێت و ڕۆژی دووشەم (12/2/2018)، مووچەی وەزارەتی پەروەردە (ناوەوەی  شار) دابەش دەكرێت.

ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردووەتەوە تەنیا مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینی و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە. ئەمڕۆ  چوارشەم حەوتی شوبات، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت و هەفتەی داهاتوو خشتەیەكی تر بڵاو دەكرێتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم