ئەمەریکا به‌یه‌كجارى ده‌ست له‌ عێراق به‌رده‌دات

:: AM:09:55:09/02/2018 ‌
لە 12-14ی ئەم مانگە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە بەشداری شاندی 70 دەوڵەتی دنیا لە كوێت ساز ده‌كرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت كە چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكانی عێراق بە هۆی جەنگی داعشەوە كۆ بكرێتەوە، هاوكات ئەمەریكا كە عێراقی ئازاد كردووە و دامەزرێنەری پرۆسە سیاسییەكەیەتی و رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ هەیە، رۆڵی تایبەتی لەو كۆنگرەدا دەبێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشكراى ده‌كه‌ن وڵاتەکەیان نایەوێت بە ھیچ بڕە پارەیەک، بەشداری بکات لە کۆنگرەی ئاوەدانی عێراق، ئه‌وان چاویان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق نییه‌.

جێمیس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق، ئاشكراى كرددووه‌، كه‌ ئەوان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بەشداری ناکەن لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، بەڵام ئەمەریکا ملیاران دۆلاری لە عێراقدا خەرج کردووە لە شەڕی داعش و پڕ چەککردنی ھێزە چەکدارەکان و ھاوکاری مرۆیی به‌رده‌وامى ناردووه‌، ئەمەریکا تەنھا ئەوە دەتوانێت ھەوڵە دیبلۆماسییەکان کۆبکاتەوە، بۆ ئاوەدانی عێراق، هیچ هه‌نگاوێكى تر بۆ ئه‌وان گرنگ نییه‌.

چاودێرانى سیاسى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیش ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌ ترسناك ناوده‌به‌ن و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى ته‌سلیم بوونى ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ ئێران و به‌یه‌كجارى ده‌یه‌وێت ده‌ست له‌ عێراق به‌ربدات.

بڕیارە ریكس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەست بە گەشتێك بكات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و یەكەم وێستگەیش لە توركیایە كە هەروەها لبنان و ئوردن و میسر و وڵاتانی كەنداو دەگرێتەوە.

بە پێی سەرچاوەكان لیستی ناوی شاندی عێراق بۆ كۆنگرەكەی كوێت لە 143 كەس پێك هاتووە لە بەرپرسانی حكوومەت و پەرلەمانتاران و رۆژنامەوان و پارێزگارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و هیتریش كە بەپێی سەرچاوەكانی ئاگەدار شاندی 70 دەوڵەت و دوو هەزار و 300 كۆمپانیای دنیایی لەو كۆنگرە بەشداری دەكەن.

كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بۆ وڵاتانی كۆمەكبەخش لە 12 تا 14ی شوبات بێتە سازكردن، كە یەكەم ڕۆژ بۆ دامەزراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دووەم رۆژ بۆ كەرتی تایبەت و سێیەم رۆژیش بۆ دەوڵەتەكان و بەشداریكردنیان لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان دەكرێت.

سه‌رچاوه‌/ reuters


وشە - محەمەد میران