كۆمپانیای ئەپلی ئەمەریكی دانی بەوەدا نا، كۆدە پرۆگرامییەكانی سیستەمی كارپێكردنی بەرهەمەكانی ئەپڵ "ئای ئۆ ئێس" لەلایەن هاككەرزەكانەوە توانراوە بشكێنرێن و بچنە ناو سیستەمی ئای ئۆ ئێسەوە.
ڕاپۆرتەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، هاككەرزەكان توانیویانە "سۆرس كۆدی" سیستەمی ئای ئۆ ئێس9 بشكێنن و زانیاری و داتاكانی ناوی بدزن و لە پێگەی "گیت هاب" بڵاویان كردووەتەوە.
كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی تەكنەلۆجیا بەردەوام سیستەمەكانیان بە كۆمەڵێك كۆدی پرۆگرامی دادەخەن، تا هیچ هاككەرزێك نەتوانێ ئەو دیوارە نهێنییانە ببڕێ و دەستی بە زانیارییەكانی ناو سیستەمەكە بگات، بەڵام زۆرجار هاككەرزەكان بەهۆی زیرەكی و بە توانایییانەوە دەچنە ناو ئەو سیستەمانە و دەتوانن كۆده و دیوارە تەناهییەكان بشكێنن.
كۆمپانیای ئەپڵ لەبارەی ئەو داتا و زانیارییانەی لەسەر هاككردنی كۆده تەناهییەكانی ئەپڵ و سیستەمی ئای ئۆ ئێس بڵاو كراوەتەوە ئاشكرای كرد، سڕینەوە و شكاندنی كۆدە پرۆگرامییەكانی ئای ئۆ ئێس هیچ زیانێك بە ئاسایش و دڵنیایی مۆبایلەكانی ئایفۆن ناگەیەنێت.
هاوكات دووپاتی كردەوە، ئەو كۆدانەی دزراون و شكێنراون، هی ڤێرژنەكانی پێشووی سیستەمی ئای ئۆ ئێس 9 ن و ئێستە زۆرینەی ڕەهای ئایفۆن سیستەمی ئای ئۆ ئێس 10 بەكار دەخەن.
بەگوێرەی داتاكانی ئەپڵ 93% بەكارهێنەرانی ئایفۆن ڤێرژنی نوێی سیستەمی كارپێكردنی ئایفۆن ئای ئۆ ئێس بەكار دەهێنن.