داعش و قاعیدە بۆ دنیای تەكنەلۆجیا دەگەڕێنەوە

:: AM:10:59:11/02/2018 ‌
سەرۆكی بەشی ئاین و سیاسەت لە زانكۆی بریدج پۆرتی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، جیهانگیری و تەكنەلۆجیا كاریگەری گەورە و گرنگیان لەسەر ڕێكخراوە تیرۆریستی و توندڕۆكان هەیە، مەترسی هەیە نەوەی نوێ تیرۆریستان بە تەواوی شارەزای تەكنەلۆجیا بن و ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا بە باشترین شێوە بۆ خزمەتی كردە تیرۆریستییەكانیان بەكار بهێنن، بەتایبەت ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، كە زۆرترین سوودی لە ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وەرگرت، هاوكات قاعیدەیش بنكەیەكی فرەوانی لە دنیای تەكنەلۆجیا و پرۆگرامینگ و ئاپ و پێشكەوتنە تەكنەلۆجییەكان هەیە.

رۆبەرت ریجز سەرۆكی بەشی ئاینەكان و سیاسەت دەڵێ، داعش بە تەواوی لە 2013ەوە پشتی بە تۆڕی كۆمەڵایەتی تەلەگرام بەست، كە لەلایەن دوو برای ڕووسی "بافل و نیكۆلای دۆروڤ" دامەزرێنرا، نیكۆلای یەكێكە لە دامەزرێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی بەناوبانگی ڕووسیاش كە بە "VK" ناسراوە، ئەمەیش بە یەكێك لە گەورەترین سەكۆكانی دنیای ئینتەرنێت دادەنرێ، بۆ بەرهەڵستكارانی سیاسەتی سەرۆكی ئێستەی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین.

دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر تەلەگرام لەلایەن داعشەوە وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری و كێشكردنی خەڵك بۆ ڕیزەكانیان كەڵكی لێ وەرگیرا، بەڵام دواتر هەژمارەكانی داعش لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە داخران، ئەمەیش وای كرد، تیرۆریستانی داعش پەنا بۆ تویتەر و فەیسبووك ببەن، بەڵام ئەو دوو تۆڕەیش زۆرترین كۆت و بەندیان دروست كرد و لە ڕووی تەناهی تەكنەلۆجیاوە ڕێوشوێنی توندیان دژ بە تیرۆریستان و توندڕۆكان گرتەبەر، واتسئاپ یەكێكی تر لەو ئامرازە تەكنەلۆجیانە بوو، دواتر تیرۆریستان پشتیان پێ بەست، چونكە هیچ حكوومەت و ڕێكخراوێكی دنیا ناتوانێ بچێتە ناویەوە و زانیاری و داتاكانی ببینێت، بۆیە تیرۆریستان لە ڕێی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەوە دەستیان بە بڵاوكردنەوەی هزر و ئایدلۆجیا و هەواڵ و زانیارییەكانی خۆیان كرد، ئەمەیش گەورەترین گرفتی بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان دروست كرد، چونكە ئەوان لە ڕێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە بەردەوام خەڵكی بێشوماریان دەهێنایە ڕیزەكانی خۆیان و چەكداریان دەكردن و هزریان دەشووشتن.

محەمەد تاهر توێژەر لە دامەزراوەی ئازادی هزر و بۆچوون دەڵێ، تەلەگرام تایبەتمەندی زۆرباشی هەیە، ئای پی بەكارهێنەران دەشارێتەوە و لە ڕووی تەناهییەوەیش زۆر بەهێزە و هاككردنی زۆر قورسە، سەرەڕای ئەوانەیش سڕینەوەی خۆكاری هەیە، دوای بەكارنەهێنانی ماوەیەك، ئەكاونت و چەناڵەكان بێ ئاگەداری خاوەنەكەی ڕاستەوخۆ دێنە لەناوبردن.

زیاتر دەڵێ، تایبەتمەندی چەناڵەكانی تەلەگرام زۆر باش و كارایە و پێویستە خەڵكی لە دەوری كۆ ببنەوە و دەتوانرێ زۆرترین پڕوپاگەندەی لێ بڵاو بكرێتەوە و ئەمەیش بۆ تیرۆریستان دەرفەتێكی زۆر زێڕینە.

رامی ڕەئووف توێژەر لە بواری ئازادی و ئاسایشی تەكنەلۆجیا كە پێشتر خەڵاتی "بۆبزی دنیای" وەرگرتووە بۆ "العربی الجدید" دەڵێ، تیرۆریستان جیا لە بەهێزی و نەتوانینی هاككردن و بە توانای لایەنی ئاسایشی تەلەگرام، هۆكارێكی تری پەنابردنیان بۆ ئەو تۆڕە گونجاوی بوو بۆ پڕوپاگەندەكردن، سەكۆیەكی زۆر باش و كارا بوو، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی خەڵكیان لە دەوری خۆیان كۆ دەكرەوە و تێدەگەیشتن كێ ئامادە ئایدیای ئەوان وەربگرێ و ببێتە شوێنكەوتەیان.

دەزگەی هەواڵگری فڕەنسا لەوبارەوە دووپاتی كردووەتەوە كە عادل كرێمشی بكوژی جاك هامل پیاوی ئاینی كریستیانەكان لە كەنیسەی سانت ئاتیان دو رۆفریە لە باكوری ڕۆژئاوای فڕەنسا، چەند ساتێك بەر لە ئەنجامدانی كردە تیرۆریستییەكە تەلەگرامی بەكار هێناوە، هاوكات هێرشبەری كردە تیرۆریستییەكەی پاریس لە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2015 بەهەمانشێوە تەلەگرامی بەكار هێناوە و ئەو تیرۆریستەیش كە بە بارهەڵگرێك خۆی كردە ناو بازاڕێكی بەرلین لە جەژنی لەدایكبوونی مەسیح لە 2016 و تەقەكەرەكەی دیسكۆ شەوانەكەی ئیستەنبۆل و هێرشبەری سەر میترۆكەی سانپترسبۆرگ لە ڕووسیا و ڕووداوە تیرۆریستییەكەی بەرشلۆنەی ئیسپانیا، سەرجەم بكەرانیان تەلەگرامیان بە چەند ساتێك پێش ئەنجامدانی كردە تیرۆریستییەكان بەكار هێناوە و ڕێنوێäJJ'F لە شاری ڕەقەی سووریاوە پێ گەیشتووە.

هاوكات پاڤل دۆروڤ یەكێك لە دامەزرێنەرانی تەلەگرام لە كانوونی دووەم/یەنایەری 2016 لە تویتێكدا ئاشكرای كرد، كە زیاتر لە 660 چەناڵی ناو تۆڕی تەلەگرامیان سڕیوەتەوە و بەیەكجاری لەناویان بردوون، چونكە ئەو چەناڵانە هی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوون، بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكانیش هەریەك لە چەناڵەكانی داعش لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە ژمارەی ئەندامانی لە نێوان پێنج تا شەش هەزار كەس بووە، لە ماوەی ئایار/مایۆ تا تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2017 زیاتر لە 20 كەناڵی زۆر گەورەی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەیش لە تەلەگرام هاتوونەتە داخستن، ئێستەیش تیرۆریستان بە بەردەوامی كار لە ڕێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەكەن، بۆ پێوەندی بەستن و بڵاوكردنەوەی بیر و ئایدلۆجیایان، تا خەڵكی زیاتر كێش بكەن و پلان و بەرنامەی كردە تیرۆریستییەكانیان لە سەرانسەری دنیا لە ڕێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە بە تیرۆریستە خۆكوژەكان دەگەیەنن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د