چاویلكەی پۆلیسی چین تاوانباران دەناسێتەوە

:: PM:01:42:11/02/2018 ‌

ئەو چاویلكەیەی پۆلیسی وڵاتی چین لە چاوی دەكەن، یەكێكە لە زیرەكترین چاویلكەكان كە تا ئێستە بەرهەم هاتبێ، توانایەكی بەهێز و سەرسوڕهێنەری هەیە لە دۆزینەوەی تاوانباران، بەهۆی پێوەستبوونی بە سیستەمی چاودێری ئەلكیترۆنی بەشێوەی ڕاستەوخۆ.

ئەو جۆرە چاویلكەیە تەنیا بەسەر پۆلیسانی شاری چانگچو دابەش كراوە و تەكنیكی زۆر پێشكەوتووی تێدایە بەكار هاتووە، بە ئاسانی دەتوانێ خوێندنەوە بۆ ڕووخساری خەڵكەكەی دەوروبەری بكات و بەهۆی لێكدانەوەی شێوەكان و دیاریكردنی حاڵەتی دەروونی گومانباران و تاوانباران دەناسێتەوە و دیارییان دەكات.

ئەو جۆرە چاویلكەیە تەنیا بۆ وێستگەی شەمەندەفەرەكان زۆر بە سوودە، چونكە زۆر جار دزی و تاوانی گەورەی لێ ئەنجام دەدرێ، بۆیە ئەفسەرانی پۆلیس دەتوانن بەو چاویلكەیە بە وردی چاودێری خەڵكی بكەن و بە ئاسانی تاوانباران بدۆزنەوە.

ئەو چاویلكەیە بە ئامێرێكی هاوشێوەی مۆبایلی زیرەك پێوەست كراوە و ڕێ بە پۆلیسەكان دەدا وێنە بە چاویلكەكە بگرن و لەو ئامێرە تۆماری بكەن، ئامێرەكەیش بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە داتابەیسی وێنەی تاوانباران كە لەلای پۆلیس هەیە بەراوردی وێنەكە دەكات و هەركات دۆزییەوە كە تاوانبارێكی هەڵاتووە و لە داتابەیس وێنەی هەیە، ڕاستەوخۆ پۆلیسەكە ئاگەدار دەكاتەوە و ئەوانیش بە دوای دەكەن و چاویلكەكە شوێنی هەڵدەگرێ تا دەگیرێت.

جیا لە بەراوردكردنی وێنەكە، لە داتابەیس هەموو زانیارییەك لەسەر تاوانبارەكە وەك ناو و ڕەگەز و نەتەوە و ناونیشان و پیشەی پێشووی و هەموو زانیارییەكی تر لەسەر تاوانبار و كەسانی هەڵاتوو لە دەستی یاسا دەخاتە بەردەم پۆلیس و ئەویش دەتوانێ بە خێرایی و بێ ئەوەی تاوانبارەكە هەستی پێ بكات، بیگرن.

سەرچاوە/RT



وشە - باز ئه‌حمه‌د