لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق جموجۆڵێكی فرەوانی نهێنمی و ژێر بە ژێری لە نێوان هاوپەیمانی و لیستەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێستە و بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردیش هەیە، پۆستی سەرۆك وەزیران كە بۆ شیعەیە و بەربەرەكانییەكی نەوەك تەنیا ناوخۆیی، بەڵكو دەرەكیشی لەسەرە هەیە بەو پێیەی بڕیارەكانی عێراق زیاتر لەو پۆستەوە دەدرێن، بۆیە هێزە دەسترۆیشتووەكانی ناوچەكە و ناودەوڵەتی بە هەمان شێوەی عێراقییەكان سەرقاڵی ركابەرین بۆ دانانی كەسێكی نزیك لە ئەجینداكەیان لەو پۆستەدا و مسۆگەركردنی داهاتووی دەسەڵاتیان لە عێراق، هاوكات لاوازكردنی بەرانبەرەكەی.
ئێران هەوڵ دەدات كە یەكێك لە كەسانی نزیك لەخۆی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێت كە پێشبینی دەكرێت نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو یان هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر بن كە هەردووكیان سەرۆكی لیستی هەڵبژاردنی (دەوڵەتی یاسا) و (فەتح) دەكەن و ئەوەی دووەمیان بەرجەستەی نوێنەرایەتیی زۆرینەی گرووپە چەكدارە كاریگەرەكانی ناو حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران دەكات.
لەو كاتەی ئەمەریكا هەوڵی مانەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پۆستەكەی دەدات كە سەرۆكایەتیی لیستی هەڵبژاردنی (نەسڕ) دەكات و خاڵە بە هێزەكانی بریتین لە سەركەوتن بەسەر داعش و نەهێشتنی گەندەڵی و بوونی پێوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە جگە لە ئێران و بەرجەستەكردنی باڵی میانڕەو و تەكنۆكراتی ناو ماڵی شیعە لە بەرانبەر عەرەبی سوننە و تاڕادەیەكیش كورد.
لە دوای كۆتاهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیارە گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران هاوپەیمانیەتییەكی نوێ بەناوی (فەتحولموبین) پێك بێنن و سەرۆكایەتی ئەو هاوپەیمانیەتییەیش بە هادی عامری سەركردەی فەیلەقی بەدر و خاوەن پێوەندی بەهێز لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران و قاسم سلێمانی دەسپێردرێت، لەو كاتەی كە سلێمانی عامری وەك (شەهیدی زیندوو) ناوزەد دەكات و ئەوەیش ئامادەیی هێزەكانی ناو حەشدی شەعبی دەردەخات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق و بنیاتنانی سیستەمێكی نوێی سیاسی لە عێراق، وەك ئەمیر تۆماغ، نووسەر و رۆژنامەوان لە وتارێكی لە (بزنس ئینسایدەر) ئاماژەی بۆ كردووە.
پێكهاتەی هاوپەیمانی (فەتح) كە عامری سەرۆكایەتی دەكات، قەبارەی بنكەی جەماوەری هێزە ئیسلامییەكانی سەر بە ئێران و باڵە سیاسییەكانیان پێشان دەدات لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبی كە زۆرینەی ئەندامانی باڵە سیاسییەكەی لەمێژەوە لەگەڵ ئێران پێوەندیان هەیە.
هاوپەیمانی (فەتح)، ژمارەیەك پارت و گرووپ لەخۆ دەگرێت كە خاوەنی باڵی سەربازین و ئەزموونی سیاسییان نییە، بۆیە هێزەكانی سەر ئێران سوودیان لەو هاوپەیمانیەتییە وەرگرت و دەیانەوێت ئەوان لەژێر چەترێكی سیاسییانە لە بوون و جموجۆڵە سەربازییەكانیان بەردەوام بن.
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی مانگی رابردوو رێككەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانی (فەتح) راگەیاند كە زۆرێك لە كەسانی نیزك لێی تووڕە بوون وەك موقتەدا سەدر، لای خۆیەوە هادی عامری رای گەیاند كە ئەوان رەنگە لە دوای هەڵبژاردنەكان بە دەستەوارەیەكی تر لە عەبادی نزیك ببنەوە و هاوكات بانگێشتنی سەدر و مالیكی و عەمار حەكیم دەكات بۆ هاوپەیمانیەتییەكردن لەگەڵیدا.
راگەیاندنەكانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە قاسم سلێمانی بووە كە میانگیری لە نێوان عەبادی و عامری كردووە بۆ چوونەپاڵ یەكتر و عەبدوڵا هوبز، بەرپرسێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە تویتەر نووسیویەتی، قاسم سلێمانی لە 13ی مانگی رابردوو ئامادەیە كە پێوەندی بە سەرانی عێراقی بكات بۆ نزیككردنەوەی عەبادی و عامری.
زیاتر نووسیویەتی، سلێمانی لە عێراق چاوی بە هەموو سەرانی شیعە كەوتووە جگە لە سەدر، میدیاكانی عێراق هۆكاری شكستهێنانی نزیكبوونەوەی عەبادی و عامری بەهۆی ئەو دیدارانە لێك دەدەنەوە، چونكە سەدر بەرهەڵستی بەشداریكردنی رەوتەكانی سەر بەئێران لە هەڵبژاردنەكان دەكات.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێران پەنا بۆ سوودوەرگرتن لە هەموو رێگەیەك دەبات بۆ بەشداریكردنی لایەنگرانی و پەرەسەندنی دەسترۆیشتوویی لەناو عێراق و حكوومەتی داهاتووی عێراق و ئێستەیش سەرقاڵی پتەوكردنی تۆڕەكانی سەر بەخۆیەتی لەو وڵاتە، هاوكات حكوومەتی عێراق پشت بەو هێزانەی سەر بە ئێران دەبەستێت بۆ دابینكردنی ئاسایش لە چەند ناوچەیەكی عێراق. بۆیە بە پێی ماڵپەڕی (دیپلۆماسی)ی ئێرانی زۆرێك وای بۆ دەچن كە یاریدەرێكی قاسم سلێمانی لە پشتەوەی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكانی دوای هەڵبژاردن بێت لە عێراق بۆ مسۆگەری كۆنترۆڵكردنی حكوومەتی نوێی عێراق.
بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراق لە 2005 و 2010 و 2014 كە رەنگە تا رادەیەك كۆكی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران تیایاندا لەبارەی كاندیدانی پۆستە باڵاكان هەبووبێت كە دوو گەورە هێزی باڵادەستن لە عێراق، بەڵام بۆ ئەو هەڵبژاردنە وەك دەگوترێت ئاماژەكانی بەو ئاراستەن كە ئەو دوو وڵاتە لە كێبەركێ و ململانێی بەهێزدان بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.