بەرهەمی پشیلە و لاهور

:: PM:01:33:12/02/2018 ‌
رەنگە دەزگەكانی هەواڵگری رژێمە سەركوتكارەكان هەڵە نەبن كاتێك هەندێكجار پەنا بۆ بڵاوكردنەوەی دەنگۆ دەبەن لە دەزگەكانی راگەیاندنی نزیكیان بە جیاوازی سەكۆكانییەوە، بەوپێیەی زۆرجار دەنگۆ زۆر كاریگەرترە لە هەواڵی راگەیەنراو، ڕەنگە زیاتریش ڕۆ بچێتە ناو كەلێن و كون و كەلەبەرەكانی كۆمەڵگە.دواتر، كاریگەرییەكەی لە هەواڵی باوەڕ پێكراو مسۆگەرترە بەو پێیەی دەنگۆ هەڵگری جادووی (نەمیمە) واتە رازاندنەوەی بە درۆ و قسەكان، تا ئێستەیش لە میكانیزمە خوازراوەكانە لای زۆر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو بۆشاییە سایكۆلۆژییەدا دەزگە هەواڵگرییەكان هەوڵی بڵاوكردنەوەی دەنگۆ دەدەن، بە مەبەستی پێكانی زیاتر لە ئامانجێك لە هەمانكاتدا لە ڕێگەی خستنەڕووی ئەو كەپسوولە جادووییە بۆ ئەوەی ئاستی وەرگرتنی شەقام بۆ دەنگۆیەكە بزانێت، هەروەها بۆ زانینی كاردانەوەی هاووڵاتییان لە بەرانبەر هەواڵی بڵاوكراوە.

ڕەنگە مەبەست لە بڵاوكردنەوەی هەر دەنگۆیەك كاركردن بێ بەشێوەی رووبەڕووبوونەوە و دژی ئەوەی بڵاو كراوەتەوە، ئەوەیش بەو پێیەی ئەوان لە ڕێگەی راپرسی جەماوەریەوە دەگەنە هەستی گشتی، ئەگەری ئەوەیش هەیە ئامانجی سەرەكی رێخۆشكردن بێت بۆ هێنانی شتێكی هاوشێوەی ئەوەی دەنگۆیان لەبارەوە بڵاو كردووەتەوە، مادەم شەقام قبووڵی كرد و بێزاری و ناڕەحەتی لە بەرانبەردا ڕانەگەیاند. بۆیە وای دەبینین ئەوەی لەسەر زاری لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگەی زانیاری هەرێمی كوردستان گوتراوە یان بڵاو كراوەتەوە بەوەی لێدوانی بۆ كەناڵی (ئافاق)ی عێراقی داوە كە ئەوان، "لەگەڵ حەشدی شەعبی شیعە و حەیدەر عەبادی بوون، لەسەر وەدەرنانی ئەو پێشمەرگانەی سەر بە خۆیان نین، واتە سەربە یەكێتی نیشتملانیی كوردستان نین، لە كەركووك و دواتر رادەستكردنی كەركووك بۆ حەشد" لەو بابەتەیە.

بەشێوەیەكی كردەنی ئەگەر ئەو هەواڵە راستیش نەبێت، بەڵام ئەوەی لاهور لە 10ی كانوونی یەكەمی2017 لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی كە لە ماڵپەڕی (ئێن ئار تی)یش بڵاو كراوەتەوە، راشكاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەوەی لەسەر زاری ئەوەوە گوتراوە لەو تەنگژە كەسییە دوور نییە كە ئەو بەدەستییەوە دەناڵێنێت و بە زمانێكیشە كە دوور نییە لەو هەڵپەرستییە روون و فەلسەفەی گەیشتن بە ئامانج، بەهەر شێوەیەك بێت.

لە لێدوانەكەدا هاتووە كە لاهور جەنگی لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی "گفتوگۆی مەنامە"، پرسیارێكی ئاراستەی دێڤید پترایۆس، جەنەرالی خانەنشینی ئەمەریكایی كرد لەبارەی دەستوەردان و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و سووریا كاتێك گوتی، لێدوانی زۆر هەن لەبارەی دەستوەردان و سەپاندنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە و ئەوەیش لەسەر زەوی دەبینین، كاتێك وڵاتانی كەنداو و توركیا پاڵپشتی توندڕۆكانیان كرد ئەوانەی دواتر داعشیان دامەزراند، ئەوەیش بووە پاساو بۆ ئێران بۆ دەستوەردان و فرەوانكردنی دەسەڵاتەكانی لە ناوچەكە لە رێگەی میلیشیا شیعەكانەوە و لە رێگەی هەردوو حكوومەتی عێراق و سووریا. 

بەڵكو لاهور جەنگی لەبارەی خۆنزیككردنەوە و موزایەدەكردن لەوەیشزیاتری بە پترایۆس گوت، ئەمەریكا بە بەردەوام باسی سیاسەتە ستراتیجییەكانی دەكات بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵات و كاریگەرییەكانی ئێران، بەڵام ئێمە بینیمان چۆن میلیشیا شیعەكان بە یارمەتی راوێژكارانی سەربازی ئێران و بە چەك و تانكی ئەمەریكایی هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە كە هێزێكی هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە جەنگی دژ بە داعش، دووپاتی كردەوە كە واشنتن چاوپۆشی لە هێرشی میلیشیا شیعەكان بۆ سەر پێشمەرگە بە چەكی ئەمەریكایی كرد و بە زمانێكی تامەزرۆ و چاوەڕوان بۆ هەڵوێستێكی راستەقینە و كردەنی لە واشنتن ئاماژەی كرد، تا كەی پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بین كە ئەمەریكا سیاسەتەكەی جێبەجێ بكات بە كەمكردنەوەی دەسەڵات و كاریگەری ئێران لە ناوچەكەدا؟. 

بۆیە دوای خوێندنەوەی چەند بەشێكی لێدوانەكەی سەرەوە و لە ڕێگەی كاركردن لەسەر گۆڕەپانەكە و گواستنەوەی لێدوانەكانی لاهور جەنگی لە نێوان كەناڵ و ماڵپەڕكانی راگەیاندن و بازدانی بەردەوامی وەك پشیلەیەكی رۆحسووك لە هەڵبەز و دابەزین لە بەرەیەكەوە بۆ یەكێكی تر كە تەواو پێچەوانەن، خەریكە ئەوەی چاوی لەسەریەتی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوەی لەسەر زاری ئەو بڵاو كراوەتەوە بەوەی لەلایەن ئەوانەی دوێنێ لەگەڵیاندا رێككەوتبوو بۆ داگیركردنی كەركووك، فێڵی لێ كراوە.
بەراستی ئەوەی  ئەو پیاوە دەیشارێتەوە و بابەتەكە تەنیا دەنگۆ نییە كە لێی بگوازرێتەوە، چونكە ئەوەی لە دەزگەكانی راگەیاندنی بینراو و خوێندراو و بیسراو بێ ئەدەبانە شانازی بە هاوكاریكردنی حكوومەتی ناوەند و حەشدی شەعبی تائیفی سەربە ئێرانەوە بكات، لە ماوەی چاوەڕوانیدایە، بۆ ئەو دەستكەوتانەی خوازیارە لێیانەوە. دواتر بۆ جەنەراڵ پترایۆس باسی دەستوەردانی ئێران لە كەركووك دەكات كە بە یارمەتی ئەوان رووی دا و ئاماژە بۆ بێئومێدبوونی دەكات بەهۆی دەست نەكەوتنی ئەو دەستكەوتە كەسیانەی دەیویست لەوانەی لەگەڵیاندا رێككەوتووە و دواتر ئەوەیشی لە نێوان كۆمەڵە فرۆشیارەكەی لەلایەك و قاسم سلێمانی و حەیدەر عەبادی لەلایەكی تر، لەسەری رێككەوتبوون. 

بەهەرحاڵ ئەوەی كۆمەڵەكەی بافڵ تاڵەبانی بەگشتی ئەنجامیان دا و ئەو نائومێدییەی لاهور جەنگی بە تایبەتی تووشی بوون، بەو پێیەی یەكێك بوو لە گرنگترین جەمسەرەكانی رێككەوتنی ملكەچبوون بۆ قاسم سلێمانی لەو كارەی بە تێپەڕبوونی رۆژ پەنجەی پەشیمانی دەگەزێت بەوەی لە بەرانبەر براكانی ئەنجامی داوە بە دەست تێكەڵكردن لەگەڵ ئەوانەی بە تەواوەتی نەیاری خواستی رۆڵەكانی نەتەوەكەی دەكەن. راستییەكەی ئەو رووداوە بۆ ئەنجامدەرانی خۆیان بەئازارە، واتە یارمەتیدانی حەشدی تایفی بۆ داگیركردنی كەركووك، ئەو رووداوە شەرمەزارە لە چاوی هەموو كوردستانیان بەرەو چیڕۆكێكی فۆلكلۆریمان دەبەن كە هاوشێوەی دۆخی لاهور جەنگی و تەواوی كۆمەڵەكەی بافڵ تاڵەبانییە و پاڵەوانی چیڕۆكەكەیش پشیلەیەكە، بەڵام لە ڕووی ئاكارەوە زۆر جیاوازی لەگەل لاهور نییە، لە هەڵسوكەوت و رەفتارەكانی و ئەوەی بەرانبەر رۆڵەكانی نەتەوەكەی كردی. 

دەگێڕنەوە،لە یەكێك لە وڵاتەكاندا گەورەی پشیلەیەك بەتەمەندا چوو و بەهۆی زۆری قسەكردنی بێ زانیاری و خواردنی بە بێ كاركردنەوە، پشیلەكان دووریان خستەوە. ئەو كاتەیش لەبری ئەوەی پشیلەكە سەرزەنشتی خۆی بكات، بەهۆی ئەوەی كردوویەتی و بەهۆی ئەو حاڵەتە خراپەی بەسەریدا هاتووە و بووەتە بار بەسەر پشیلەكانەوە، ئەو پشیلە قینلەدڵە بیری بۆ تۆڵەسەندنەوە چوو لە جیاتی خۆچاككردن، بۆیە پەنای برد بۆ سەگێك كە چاوی لە پشیلەكان بوو و هاوشێوە دوژمنی ئەوان بوو.
لەسەر داوای پشیلەكە، سەگەكە هاوەڵەكانی خۆی كۆ كردەوە و پشیلەكەی كردە رێنیشاندەریان بۆ كولانەی پشیلەكانی تری بردن، بۆیە هێرشیان كردە سەریان و دەربەدەریان كردن، ئەوكات پیرە پشیلەكە كلیكی بادەدا بۆ سەركەوتنی سەگەكان بەسەر پشیلەكانی هاو رەگەزی، وەستا و سوپاسی كردن بۆ گەڕاندنەوەی كولانەكەی، بەڵام گەورەی سەگەكان بە گاڵتەجاڕییەوە پێی گوت، ئەی بێئاگا ئەو كولانەی پشیلەكان تۆیان لێ دەركردووە سەگ چۆن رێت پێ دەدات بۆ تیایدا بژیت؟. 

سەگەكان لە سەرزەنشتكردنی پشیلەكە بەردەوام بوون كە لەگەڵ ئەوان رێككەوتبوو و ناپاكی لەپشیلەكانی تر كرد و پێیان دەگوت، ئەگەر نەتەوەكەت چاوەڕوانی باشیان لێ بكردیتایە دووریان نەدەخستیتەوە، ئەگەر تۆیش ئەمەكدار بوویتایە ئەوانت بۆ ئێمە ئاشكرا نەدەكرد، ئەگەر بەهێزیش بوویتایە پەنات بۆ ئێمە نەدەهێنا تۆڵەتبۆ بكەینەوە لە نەتەوەكەت، بۆیە پێویستیمان بە تۆ نییە پشیلەی خیانەتكار. 

هەروەك زۆر لە دانیشتوانی هەرێم كۆكن لەسەر ئەوەی گەڕاندنەوەی كەركووك پێویستی بە هاوپێگەی شێخ جەنگی نییە، مەگەر قبووڵی بكات لەپێناو ئازادكردنەوەی شەهید ببێت، بەڵام ئەو كارە نیمچە ئەستەمە، چونكە لای دوور و نزیك زانراوە كە ئەو كەسەی مردووی دەستكەوت و سوودی تایبەتی و كەسییە، هەموو شتێك دەكاتە قوربانی لەپێناو پارە و دەسەڵات و هیچ ئامادەبوونێكی تێدا نییە بۆ قوربانیدان بە خۆی لەپێناو هیچ دۆزێك، هەرچەند پیرۆزیش بێت. هەروەها بەهیچ شێوەیەك خۆی ناكاتە قوربانی رزگاربوونی گەلەكەی، چونكە خۆویستی و هەڵپەرستییەكەی و زۆر خۆشویستنی پارە، هانی دەدەن بەوەی گەل ببێتە قوربانی ئەو جۆرە چاوچنۆكانە.

نووسەری سووری ماجد عارف محەمەد لە پێگەی هۆفنگتن پۆستی ئەمەریكی نووسیویەتی و بڵاوی كردووەتەوە.



وشە - تایبه‌ت