لەبارەی بایكۆتی مامۆستایانی سنووری سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: PM:07:27:12/02/2018 ‌

ژمارەیەك لە قوتابخانە و مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێن، ئێمە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەین و دەگەڕێینەوە هۆڵەكانی خوێندن، سبەی دەرگەی قوتابخانەكان كراوە دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی شوبات، ئەحمەد گەرمیانی سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە لەگەڵ بایكۆتی مامۆستایان نین، بۆیە هیوادارین مامۆستایان لە هۆڵەكانی خوێندن بن.

سكرتێری یەكێـی مامۆستایان دەڵێت، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەین ئینجا هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین.

هاوكات لە ئاگەدارییەكی قوتابخانەی نەورۆزی سنووری شارۆكەی قەڵادزێ‌ هاتووە، ئاگەداری قوتابیانی پۆلی 12ـی زانستی خوێندنگەكەمان دەكەین كە سبەی 13ـی شوبات سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ لە قوتابخانە ئامادەبن بەمەبەستی خوێندنی وانەكانیان و داوامی ئاساییە.

ئەمڕۆ دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا وەك پەروەردەی گشتی و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بەرگرییەكی تەواومان لە مامۆستایان و باشتركردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان كرد.

ماوەی چەند ڕۆژێكە بەناوی مامۆستایانی سلێمانی گرووپێك لە مامۆستا هەوڵی وەستاندنی دەوامی خوێندن دەدەن و ئەمڕۆش لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی كۆبوونەوە.



وشە - رامیار جەواد