پشیلەیەك لە شاری هەولێر سەرنجی گەشتیاران و هاووڵاتییان ڕادەكێشێت و خاوەنەكەشی دەڵێت، ڕۆژانە شان و پیلی دەشێلم.
كارزان كەسێكی سەرووی 40 ساڵە لە شاری هەولێر كە ناسراوە بە كاوێز خاوەنی ئەو پشیلەیەیە و دەڵێ، ماوەی 15 ساڵ دەبێ پشیلە ماڵی دەكەم و بەخێوی دەكەم، بەڵام ئەو پشیلەیە تایبەتە بەبەراورد لەگەڵ پشیلەكانی تر كە ماڵیم كردوونە.
بە گوتەی كاوێز ئەو پشیلەیە ناوی "میشۆیە" ماوەی چەند مانگێكە لایەتی و پێشتر كیوی بوو هەتا فێری كردووە چەند جار گازی لێ گرتووە و ڕنەی لێی داوە، بەڵام دواجار ماڵی بووە.
كاوێز دەڵێ، ئێستە پشیلەكە بەجۆرێكە پێی بڵێم دانیشە دادەنیشێت و زۆر جار شان و ملی دەشێلم زۆر حەزی پێ دەكات وەك مرۆڤ خۆی شل دەكات تا بیشێلم.
كاوێزی خاوەن پشیلەكە ئاشكرای دەكات ڕۆژانە خواردن و گۆشتی بۆ دەكڕێ ناهێڵێت برسی بێت، ئەو دەڵێت" زۆربەی رۆژەكان دەیشۆم و بە خاوێنی رامگرتووە، بەڵام ئێستە زستانە لەبەر سەرما درەنگ درەنگ دەیشۆم بەڵام هاوینان زوو زوو دەیشۆم".
پشیلە بە گوێرەی پۆلێنی زانایان لە پۆڵینی پڵنگەكان هەژمار دەكرێت و زۆر جار بە پڵنگی بچووك كراوە ناوی دەهێنرێت و بەشی زۆرییان لەناو ماڵان دەژین و پشیلەی كێویش هەیە لە چیاكان و دارستانەكان دەژی.
هەولێر/ عەبدوڵا مەرزانی