له هه‌ڵمه‌تێكی خێرخوازیدا، به سه‌رپه‌رشتی ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی، چالاكییه‌ك بۆ هاوكاریكردنی خێزانی ئاواره‌كان و منداڵه بێ سه‌رپه‌رشته‌كان به‌ڕێوه چوو.
ڕۆژی دووشه‌مه، تیمه‌كانی ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی به هاوکاری وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراقی له که‌مپی خازر، پێداویستی خۆراکییان پێشکه‌ش به دوو هه‌زار و 208 خێزانی ئاواره كرد و تیایدا 10 هه‌زار و 699 ئاواره سوودمه‌ند بوون.
هه‌روه‌ها رۆژی شه‌موو پێنج هه‌زار و 621 به‌تانییان به‌سه‌ر ئاواره‌كانی که‌مپی حه‌سه‌ن شام دابه‌ش كرد.
که‌مپه‌کانی خازر و حه‌سه‌نشام ده‌که‌ونه سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا و تایبه‌تن به ئاواره‌کانی ئه‌و پارێزگایه و ده‌وروبه‌ری، که‌مپه‌کان له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی‌یه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن.
هه‌روه‌ها رۆژی هه‌ینی، ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی له درێژه‌ی خزمه‌ته‌كانیاندا، خولێکی به‌هێزکردنی وانه‌کانی "ئینگلیزی، بیرکاری و کوردی"یان بۆ ئازیزان "منداڵانی بێ باوك" له که‌لار كرده‌وه، که خوله‌که بۆ ماوه‌ی مانگێک به‌رده‌وام ده‌بێت.
مامۆستایانی شاره‌زا له خوله‌که‌دا وانه بۆ قوتابییه‌کان ده‌ڵێنه‌وه، هه‌موو رۆژانی هه‌ینی و شه‌موو بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات خوله‌که به‌رده‌وام ده‌بێت.