بیتوشی بەدوای كچانی هەولێر و سلێمانییەوەیە

:: PM:04:17:01/10/2016 ‌

سۆنیا بیتوشی كچە دیزاینەری لاوی رۆژهە‌ڵاتی كوردستان كە لە بواری كۆلێكشنی جلوبەرگی كوردی و جیهانی كار دەكات، ئێستە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كۆلێكشنێكی نوێی جلوبەرگە و بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بەكچانی هەولێر و سلێمانییە. 

بیتوشی بە "وشە"ی راگەیاند، "بۆ كارێكی نوێی فاشیۆن شۆم، پێویستم بە كۆمەڵە كچێكی كوردە لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كە پێویستە جوان و سەرنجڕاكێش و باڵابەرز بن، چونكە بڕیارە رۆژی شەشی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەو فاشیۆن شۆیە ئەنجام بدەم و چەندان دیزاینی نوێی تێدا بخەمە ڕوو".

سۆنیا داوا دەكات ئەو كچانەی ئارەزووی ئەو پڕۆژەیە دەكەن و جوان و سەرنجڕاكێشن و باڵایان سەرووی 165 سم دەبێت، پێوەندی پێوە بكەن "بەو مەرجەی كێشی لەشیان جیاواز بێت بۆ ئەو كارە و خەڵكی هەولێر و سلێمانی بن".  

"بۆ ئەم فاشیۆن شۆیە لە هەموو شارەكانی كوردستان نمایشكاران دێن و پڕۆڤەیان پێ دەكەین، فاشیۆنەكە دەكەینە سوپرایز و جلەكانی وەرزی نوێ دەخەینە ڕوو، نمایش كە لە 18 دیسیگن پێك هاتووە، ئەو نمایشكارانەی لەو پڕۆژەیە بەشدار دەبن، لە كارەكانی تریشم بەكار دهێنرێن"، سۆنیا وای گوت.   

ئەو كچە چالاكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەولێر دەژی، جگە لەو سوپرایزەی، كتێبێكی ئامادە كردووە لە بواری فاشیۆن و روونی دەكاتەوە، "كتێبەكە بە زمانی كوردییە و لە بواری فاشیۆنە، بەم زووانە كاری وێنەگرتن و كاری چاپی تەواو دەبێت، ناوەڕۆكی كتێبەكە یارمەتی خەڵك دەدات تا زیاتر لە بواری فاشیۆنی تایبەت بە جلوبەرگ بزانن و فێری كاركردن بن لەو بوارەدا، خەونم ئەوەیە بگەمە ئاستێكی جیهانی و كچانی كورد بگەیەنمە ئاستێك لە نمایشە جیهانییەكاندا كە جلوبەرگ بخەنە ڕوو".

سۆنیا ساڵی 1991 لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 18 ساڵییەوە دەستی بە خوێندن كردووە لە بواری دیزاین و فاشیۆن.

وشە/هەولێر-شاخەوان


وشە - وشه‌